ئارنۆڵد دەیەوێت دوای 40 ساڵ خەونی عێراقییەکان بێنێتەدی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق هەڵبژاردەی بۆلیڤیا مۆندیالی 2026
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە کاتێک بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە شاری مۆنتێری مەکسیک، لە یاریی کۆتایی پاشکۆی جیهانی  World Cup Play-off  رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا دەبێتەوە.
 
شێرەکانی رافیدەین چاویان لەوەیە بلیتێکی گەیشتن بە مۆندیال ببڕن و دوای دابڕانێکی درێژخایەن بگەڕێنەوە بۆ یارییەکانی کۆتایی جامی جیهانی، کە دوایین و تەنیا بەشدارییان لە ساڵی 1986 لە مەکسیک بوو.
 
دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ، عێراق بە پشتبەستن بە 5 چەکی سەرەکی دەیەوێت بگەڕێتەوە ناو کەشوهەوای مۆندیال، کە ئەمانەن:
 
1 - ئارنۆڵد و ئەزموونی پاشکۆ
 
چەکی یەکەم بریتییە لە ئەزموونی راهێنەری ئوسترالی، گراهام ئارنۆڵد، کە دوای خیسوس کاساسی ئیسپانی ئەرکەکەی گرتە ئەستۆ. 
 
ئارنۆڵد لە کاتی دەستبەکاربوونی لە مانگی ئایاری 2025، توانیویەتی ئاستی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بکات. لە 12 یاریدا سەرکردایەتی عێراقی کردووە و 7 سەرکەوتن، 3 شکستی هەبووە و 2 جاریش یەکسانبوونە. ئەم راهێنەرە تەمەن 62 ساڵە ئەزموونی پێشتری لە یارییەکانی پاشکۆدا هەیە، کاتێک توانی ئوسترالیا بگەیەنێتە مۆندیالی 2022 دوای سەرکەوتن بەسەر پێرو بە لێدانی یەکلاکەرەوە.
 
2 - عەلی حەمادی
 
دیارترین یاریزانی پێکهاتەی عێراق بەبێگومان عەلی حەمادییە، هێرشبەری یانەی لوتۆن تاونی ئینگلیزی. حەمادی لە 16 یارییدا 4 گۆڵی بۆ عێراق تۆمارکردووە. هەرچەندە ئەم وەرزە بەهۆی پێکان و کەمیی گۆڵەوە لەگەڵ یانەکەی لە بارودۆخێکی باشدا نییە، بەڵام یارییەکەی بۆلیڤیا بە گرنگترین وێستگەی وەرزی دادەنرێت بۆ ئەوەی عێراق بەرەو مۆندیال ببات.
 
3 - ئەیمەن حوسێن
 
ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری یانەی گەرمەی عێراقی، خاوەنی رۆحییەتێکی شەڕکەرە لەنێو یاریادا، کە وایلێدەکات ناوێکی گرنگ بێت لە لیستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا. ئەیمەن رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرزکردنەوەی ورەی هاوڕێکانی و هاندانیان بۆ بەدەستهێنانی بلیتی گەیشتن بە مۆندیال، جگە لە رۆڵە هونەرییەکەی وەک هێرشبەرێکی بەئەزموون.
 
4 - زیدان ئیقبال
 
هەڵبژاردەی عێراق پشت بە تواناکانی زیدان ئیقبال دەبەستێت، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی  ئۆترێختی هۆڵەندی، بۆ ئەوەی جیاوازی لە ناوەڕاستی یاریگادا دروست بکات. ئەم یاریزانە تەمەن 22 ساڵە کە دەرچووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییە، لە 22 یارییدا بە درێسی عێراقەوە 2 گۆڵی تۆمارکردووە. ئارنۆڵدی راهێنەر زۆر پشت بە تواناکانی زیدان دەبەستێت بۆ بەستنەوەی هێڵی ناوەند بە هێڵی هێرشبەرەوە.
 
5 - عەلی جاسم
 
عەلی جاسم، یاریزانە لاوە تەمەن 22 ساڵانەکە، وەک یەکێک لە چەکە بەهێزەکانی عێراق لە باڵی هێرشبەریدا دەمێنێتەوە. جاسم کە یاریزانی یانەی نەجمەی سعودییە، ئەم وەرزە لە خولی رۆشنی سعودی 4 گۆڵی تۆمارکردووە. هەڵبژاردەی عێراق پشت بە لێهاتووییە تاکەکەسییەکانی جاسم و توانا هونەرییەکانی دەبەستێت بۆ بڕینی هێڵی بەرگری بۆلیڤیا.
 

4 زانیاری سەرنجڕاکێش دەربارەی هەڵبژاردەی بۆلیڤیای رکابەری عێراق
 
بۆلیڤیا دوای ئەوەی بە ئەنجامی 2-1 لە سوورینامی بردەوە، گەیشتە یاریی کۆتایی پاشکۆ و بووە رکابەری عێراق. براوەی ئەم یارییە لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی نۆیەمدا لەگەڵ هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، سەنیگال و نەرویج یاری دەکات.
 
گرنگترین زانیارییەکان دەربارەی بۆلیڤیا
 
* ریزبەندییەکی دواکەوتوو لە فیفا و ئەنجامی خراپ
 
بۆلیڤیا بە پلەی حەوتەم لە ناو 10 هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور گەیشتە پاشکۆ. لە کۆی یارییەکانی پاڵاوتندا 6 سەرکەوتن و 10 شکستی هەبوو. ئێستا  پلەی 76ـی ریزبەندیی فیفای هەیە و کۆتا هەڵبژاردەیە لەسەر ئاستی ئەمریکای باشوور.
 
* دابڕانێکی درێژخایەن لە مۆندیال 
 
بۆلیڤیا 32 ساڵە بەشداری لە مۆندیالدا نەکردووە و دوایین مۆندیال کە بەشداری تێدا کردووە لە ساڵی 1994 بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو رکابەرەی عێراق تەنیا یەکجار بووەتە پاڵەوانی کۆپا ئەمریکا لە ساڵی 1936.
 
* یاریزانانی خولی ناوخۆ و ئەورووپا
 
زۆربەی یاریزانانی بۆلیڤیا لە خولی ناوخۆیی و کیشوەری ئەمریکا یاری دەکەن. تەنیا 3 یاریزانیان لە ئەورووپایە: ئۆسکار لۆپێز لە ریال مایۆرکا، لوکاس ماکازاگا لە لێگانیس و یومار رۆشا لە ئەکرۆن تۆلیاتی رووسی. هەروەها سێ یاریزانیان لە خولە عەرەبییەکاندا دەردەکەون لە یانەکانی تائی سعودی و ویدادی مەغریبی.
 
* بردنەوە لە بەرازیل و ئوردن
 
بۆلیڤیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە یارییەکی دۆستانەدا  لە ئوردنی بردەوە. هەروەها لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 سەرکەوتنێکی مێژووییی بەسەر بەرازیلدا تۆمارکرد بەئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە، کە هەر ئەو سەرکەوتنە وایکرد پلەی حەوتەم لە ڤێنزوێلا بباتەوە و بگاتە پاشکۆ.
 
سەرۆکی بۆلیڤیا هاتە سەرهێڵ
 
رۆدریگۆ پاز پێرێرا، سەرۆکی بۆلیڤیا، بۆ هاندانی جەماوەرەکەی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند کە یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر عێراق بەشێوەیەکی بێبەرامبەر لە شاشەی تەلەڤزیۆنی فەرمی بۆلیڤیاوە پەخش دەکرێت.
 
رۆدریگۆ پاز داوای لە جەماوەری هەڵبژاردەی بۆلیڤیا کرد کە لە دەوری هەڵبژاردەکەیان کۆببنەوە و پاڵپشتی بکەن بۆ بەدیهێنانی خەونی سەرکەوتن بۆ کۆتایییەکانی جامی جیهانی.
 
3 بەشداری
 
هەڵبژاردەی بۆلیڤیا 3 جار بەشداریی لە کۆتایییەکانی جامی جیهانی کردووە؛ یەکەمیان لە خولی ساڵی 1930 بوو کە لە ئۆرۆگوای بەڕێوەچوو، ئەوەش یەکەمین وەشانی مۆندیال بوو لە مێژوودا.
 
دووەم بەشداریکردنی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا لە خولی ساڵی 1950 بوو کە لە بەرازیل بەڕێوەچوو.
 
بۆ جاری سێیەمیش، هەڵبژاردەی بۆلیڤیا لە ساڵی 1994 بەشداری لە مۆندیال کرد، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە