سەرپەرشتیاری یانەی چوارقوڕنە بۆ رووداو سپۆرتس: یاریزانەکان ناگەڕێنەوە مەشقەکان

31-08-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن یانەی چوارقوڕنە
A+ A-
رووداو دێجیتاڵ 

یانەی چوارقوڕنە، تاوەکو ئێستا مووچەیەکی وەرزی رابردووی یاریزانەکانی قەرزدارە و سەرپەرشتیاریی یانەکەش دەڵێت "تاوەکو ئەم مووچەیە دابین نەکەین، یاریزانەکان ناگەڕێنەوە تیپەکە". 
 
ئارام جاف، سەرپەرشتیاری یانەکە بۆ خولی کوردستان. لەبارەی کێشە داراییەکانی یانەکەیان قسەی بۆ رووداو سپۆرتس کرد و گوتی "ئێمە هێشتا کێشە داراییەکانمان چارەسەر نەکردووە، رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی جارەنووسسازمان هەیە و پێویستمان بە 10 ملیۆن دیناری وەرزی رابردووە، چونکە یاریزانەکان دەڵێن، ئەگەر مووچەی وەرزی رابردوومان پێنەدەن، ئەوا رازی نین دانووستاندن بکەین و بەشداریی ئامادەکارییەکانی یانەکە بکەین بۆ وەرزی نوێ". 
 
ئەو سەرپەرشتیارە باسی ئامادەکارییەکانی تیپەکەی کرد و گوتی "ئێمە هەرچەندە ئامادەکارییەکانمان دەستپێنەکردووە، بەڵام لە هەرکاتێکدا ئامادەین دەستپێبکەین، ئەگەر ئەو کێشە داراییانەمان چارەسەر بکرێت، ئەوا تەنها چوار بۆ پێنج گرێبەست دەکەین و بەشداری خولی نایابی کوردستان دەکەین، چونکە نزیکەی 15 بۆ 16 یاریزانی خۆمان لەگەڵمان بەردەوام دەبن، ئامانجیشمانە بەشدارییەکی شایستە بکەین، چونکە ئەمساڵ تەنیا دوو تیپ دادەبەزن بۆ ریزی پلە یەکەکان. وەک وەرزی رابردوو نییە چوار تیپ بێت". 
 
چوارقوڕنە، وەرزی رابردوو لە لێواری دابەزیندابوو و دوای گرێبەستکردن لەگەڵ رەفیق سەعید وەک راهێنەری یانەکە و چارەسەرکردنی بەشیک لە کێشە داراییەکان، توانیان لە ناوچەی دابەزین رزگارییان ببێت و لە خولی نایابی کوردستان بمێننەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە