تووڕەبوون تووشی نەخۆشی دڵ و گەدەت دەكات

20-03-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن تووڕەبوون نەخۆشی دڵ
A+ A-
سەروەر سالار و چۆمان مەحموود
رووداو - سلێمانی

زانستی دەروونی دەڵێت لەباری ئاساییدا، تووڕەبوون وەڵامدانەوەیەكی دەروونییە كاتێك كەسێك هەست بە سووكایەتی یان پشتگوێخران یاخود كەم تەماشاكردنی تواناكانی دەكات.

بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا بەبێ پاڵنەرێكی بەرچاو، مرۆڤ تووڕە دەبێت و توانای خۆ كۆنترۆڵكردنی نامێنێت.

ماكوان لەتیف، تەمەن 25 ساڵ دەڵێت "من زۆر تووڕەم. لەم كۆمەڵگەیەدا بە تەنیاش نیم، چونكە تێبینم كردووە خەڵكی خۆمان لە گەلانی تر زووتر تووڕە دەبن و هەڵدەچن". ماكوان وای بۆ دەچێت ئەگەر كەسێك بارودۆخی جێگیر بێت و دڵی خۆشبێت، بە ئاسانی تووڕە نابێت.

ئازاد ئیسماعیلی تەمەن 23 ساڵیش بێكاری بە هۆكارێكی گرنگی تووڕەبوون دەبینێت.

پزیشكەكان جگە لە هۆشداریدان لە زیانە دەروونی و جەستەییەكانی تووڕەبوون، دەڵێن مەرج نییە تووڕەبوون تەنیا هەڵچوونێكی كاتی و دەروونی بێت و بەس.

د.رێبوار حەمەغەریب، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "راستە تووڕەبوون تەنگژەیەكی دەروونییە، بەڵام هەندێكجار روونكەرەوەی بوونی نەخۆشییەكی دەروونی وەكو خەمۆكی یان دڵەڕاوكێ یاخود بوونی ناتەواویەكی جەستەییە".

پزیشكە پسپۆڕەكە دەڵێت تووڕەیی هەر دەروون نائارام ناكات، بەڵكو جەستەش نەخۆشدەخات "لەكاتی تووڕەبووندا هەردوو هۆرمۆنی كۆرتیزۆل و ئەدریناڵین دەردەدرێن، ئەمانەش كار لە دڵ و بۆرییەكانی خوێن دەكەن و رێگا خۆشدەكەن بۆ نەخۆشكەوتنیان".

لە وێبسایتی وێبمێدیسندا هاتووە "لەكاتی تووڕەبووندا هەردوو هۆرمۆنی كۆرتیزۆل و ئەدریناڵین، لێدانی دڵ زیاد دەكەن، هەناسە خێرا دەكەن و بۆرییەكانی خوێن تەسك دەكەنەوە، ئەمەش فشاری خوێن بەرز دەكاتەوە و بە تێپەڕبوونی كات، كاریگەریی نەرێنیی بەرچاو لەسەر دڵ دروست دەكات".

د.رێبوار دەڵێت "ئەو فشارەی لە ئەنجامی تووڕەبوونەوە و لە رێگای ئەو دوو هۆرمۆنەوە پەیدا دەبێت، تەنانەت رێگاش خۆشدەكات بۆ تووشبوون بە برینی گەدە – قورحە-".

زانا دەروونییەكان دەڵێن غەریزەی دەنگهەڵبڕین لەكاتی تووڕەبووندا، بۆ ئەوەیە كەسی تووڕە قەبارە و تواناكانی خۆی گەورەتر دەربخات لە بەرامبەر ئەو كەس و شتانەی هەڕەشەی لێدەكەن.

تووڕەیی لە سنووری ئاسایی خۆیدا، كاردانەوەیەكی ئاساییە و مرۆڤ وەكو غەریزەیەك بۆ خۆپاراستن بەكاری دەهێنێت، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا ژیانی كەسەكە و ئەوانەی دەوروبەری دەشێوێنێت و گرفتی خێزانی و كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە و رەنگە لە هەندێك حاڵەتدا هاندەری پەنابردن بۆ توندوتیژی بێت.

د.رێبوار دەڵێت هەركات پزیشكی دەروونی گەیشتە ئەو بڕوایەی تووڕەیی كەسێك نائاساییە، كۆرسێك چارەسەری بۆ دیاری دەكات، سەرەتا بە چارەسەری هزری و دەروونی و دواتریش لە حاڵەتی پێویستدا دەرمانی پێدەدات.






کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە