رووداو دیجیتاڵ
فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی، ئەستێرەی یانەی یال مەدرید، مشتومڕێکی زۆری نایەوە لە کاتی یاریی تیپەکەی بەرامبەر ریال سۆسیداد، کە بە سەرکەوتنی مێرێنگی بەئەنجامی 4-1 کۆتاییهات، دوای ئەوەی لە کاتی گۆڕینیدا بەتووڕەییەکی زۆرەوە دەرکەوت.
سەرەڕای ئەوەی گۆڵێکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و تیپەکەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، ڤاڵڤێردی هەڵچوونی خۆی نەشاردەوە؛ دیمەنە تەلەفزیۆنییەکان نیشانی دەدەن کە قاچی دەکێشێت بە سندوقی خواردنەوەکانی سەر کورسی یەدەگ، ئەمەش پرسیاری لای هاندەران دروستکرد سەبارەت بە هۆکاری تووڕەییەکەی.
مشتومڕەکە زیاتر بوو کاتێک یاریزانەکە لە کاتی گۆڕینیدا باوەشی بە راهێنەرەکەی، ئەلڤارۆ ئەربێلوا کرد، ئەمەش ئەوەی نیشاندا کە تووڕەییەکەی بەهۆی بڕیاری هاتنە دەرەوەی نەبووە لە یاریگەدا.
زۆری نەخایاند ڤاڵڤێردی راستیی بابەتەکەی لەڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام روونکردەوە و جەختی کردەوە کە هەڵچوونەکەی بەهۆی لەدەستدانی هەلێکی مسۆگەری گۆڵکردن بووە، نووسیویەتی "سندوقەکە هیچ تاوانێکی نییە لەوەی کە من پەشیمان بووم لەوەی لێدانم بۆ گۆڵەکە نەکرد"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ساتەی کە هەستی کردووە بڕیارێکی هەڵەی داوە.
لێدوانەکانی دوای یارییەکەش جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ کێشەیەک نییە، گوتی "لە هەفتەکانی رابردوودا بەرگەی زۆر قسەی بێمانامان گرت، پێموایە ئەوە یارمەتیدەر بوو بۆ پێگەیشتنمان. بە ساتگەلێکی سەختدا تێپەڕین، بەڵام توانیمان بارودۆخەکە بگۆڕین".
هەروەها گوتی "وەرزی رابردوو هیچمان بەدەستنەهێنا، و ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا هیچمان نەکردووە. سەرمان بەرزکردەوە و تێگەیشتین کە پێویستە گۆڕانکاری بکەین، پێموایە لە قۆناخێکی باشداین و شایستەی ئەو بارودۆخەین کە ئێستا تێیداین".
جەختی لەسەر یەکگرتوویی ژووری گۆڕین کردەوە و گوتی "ریال مەدرید هەمیشە یەکگرتووە. سەرکەوتنەکان یارمەتیدەرن بۆ هێورکردنەوەی کەشەکە. ئێمە 25 یاریزانین و هەموومان شەڕدەکەین بۆ بەشداریکردن، تەنیا 5 گۆڕانکاریش هەیە، ئاساییە هەندێک یاریزان هەست بە ناڕەزایەتی بکەن، چونکە دەیانەوێت زیاتر یاری بکەن".
لەکۆتاییدا گوتی "ئێمە ریال مەدریدین و دەبێت هەمیشە کێبڕکێ لەسەر نازناوەکان بکەین. ئەگەر ئەوە نەڵێم ئەوا بۆ من وەک کاپتنی تیپەکە شەرمەزارییە. دەبێت ببەینەوە و نازناوەکان بەدەستبهێنین".
ریال مەدرید ئێستا سەرنجی دەخاتە سەر یارییەکەی بەرامبەر بێنفیکا لە پاشکۆی گەیشتن بە قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، دوای ئەوەی زوو لە جامی شای ئیسپانیا ماڵئاوایی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ