رووداو - هەولێر
لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییە ئەمنییەكان لە نزیك بەرزاییەكانی جۆلان، ئەگەری جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش زیاتر دەبێ. شارەزایان هۆشداری دەدەن شەڕی ئەمجارە لە شەڕەكەی 2006 خوێناویتر، هەمەلایەنەتر دەبێ و زیاتر لە دوو ئەكتەری تێدا دەبێ، ئەمەش وادەكات كۆنترۆڵ و ئیدارەكردنی شەڕەكە قورستر بێت.
دوو هۆكاری سەرەكیی جەنگەكە
نەداڤ بین، توێژەر لە پەیمانگای واشنتن و مایكڵ ئایزنستاد، بەرپرسی لێكۆڵینەوە سەربازییەكانی پەیمانگای واشنتن، پێیانوایە كۆمەڵێك فاكتەر لە پشت گرژبوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەی جۆلانەوەن، لەوانەش هەوڵەكانی حیزبوڵڵا بۆ دانانی بنكەی مووشەكیی ورد لە لوبنان و سووریا، بە جۆرێك بتوانن كۆڵەكە سەرەكییەكانی ژێرخانی ئابووریی ئیسرائیل بكەنە ئامانج.
هۆكاری دووەمیان هەوڵەكانی چەند ساڵی رابردووی ئێرانە بۆ ئەوەی سووریا بكاتە بنكەیەكی سەربازیی هەمیشەیی لەدژی ئیسرائیل و ناوەندێك بۆ فراوانكردنی نفوزی خۆی لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەو پێیەش شەڕی نێوخۆی سووریا و گۆڕانكارییەكانی باڵانسی هێز لەو شەڕەدا داینامۆی سەرەكیی جەنگی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و حیزبوڵڵایە.
ئایزنستاد و بین جەخت لەوە دەكەنەوە كە جەنگەكە دەكرێ لەبەر هۆكاری زۆر نەخوازراو دەستپێبكات و فراوانیش ببێتەوە، لەوانەش بۆردومانێكی سنوورداری بنكەیەكی سەربازیی ئێران یان حیزبوڵڵا لە سووریا یان مووشەكبارانكردنی ئیسرائیل لە سووریاوە، یانیش سەرهەڵدانی گرژی لە كەنداو كە ئاگرەكەی تاوەكو بەرزاییەكانی جۆلان بچێ.
جەنگێك لە چەندین بەرەوە
ئێران لە حەوت ساڵی رابردوودا دەیان میلیشیای عێراقی، ئەفغانی، پاكستانی و تەنانەت یەمەنی بۆ سووریا گواستووەتەوە و سەدان راوێژكاری سەربازیی ئێرانیش لە سووریا جێگیركراون، بەو پێیەش جەنگی ئەمجارەی ئیسرائیل تەنیا لەگەڵ حیزبوڵڵادا نابێ كە لە چوار دەیەی رابردوودا وەكیلی سەرەكیی شەڕەكانی ئێران بووە لەگەڵ ئیسرائیل. رووداوەكانی چەند مانگی رابردووی سەر سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریاش ئەو راستییەی دەرخستووە كە هیچكام لە وڵاتەكان لە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی سڵ ناكەنەوە.
بۆیەش هەردوو لێكۆڵەرەكە كۆكن لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەمجارە جەنگ رووبدات، ئەوە جەنگێكی زەمینی، ئاسمانی، دەریایی و تەنانەت سایبیری دەبێ، فراوانبوونی مەودای شەڕەكەش "بژارەی سەربازیی نوێ دەخاتە بەردەم ئێران و حیزبوڵڵا و توانا سەربازییەكانی ئیسرائیل سنووردار دەكات".
سیناریۆكان
یەكێك لە سیناریۆكان شەڕ و پێكدادانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵایە لەناو خاكی لوبنان كە تێیدا هەزاران چەكداری میلیشیای شیعە، چەكدارانی حەماس و سەرباز و راوێژكاری ئێرانی بەشداری دەكەن. بەگوێرەی راپۆرتەكە لەو سیناریۆیەدا بەرەی سووریا بە بێدەنگی دەمێنێتەوە و هەموو هەوڵی ئیسرائیل لە سووریا بۆ ئەوە دەبێ رێگە لە گواستنەوەی چەك و هێزی مرۆیی بۆ لوبنان بگرێ.
سیناریۆی دووەم بریتییە لەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و هێزە ئێرانییەكان و میلیشیا شیعەكان لە سووریا بێ و بەرەی لوبنان بە ئارامی بمێنێتەوە. دوو لێكۆڵەرەكە پێیانوایە مەترسی گەورە ئەوەیە هێزەكانی حكومەتی سووریا بەشداری شەڕەكە بكەن، چونكە لەو حاڵەتەدا "دەشێ رووسیاش بۆ بەرگری لە هێزەكانی سووریا بێتە ناو شەڕەكەوە".
سیناریۆی سێیەم شەڕی هێزەكانی سەر بە ئێران و ئیسرائیلە لە هەردوو وڵاتی لوبنان و سووریا، لەو سیناریۆیەشدا هەردوو لایەن سووریا و لوبنان دەكەنە یەك مەیدانی شەڕ و وەكو دوو وڵات مامەڵەیان لەگەڵ ناكەن. هەردوو شارەزاكە بەدووری دەزانن شەڕەكە بۆ شەڕێكی ناوچەیی بەرفراوان بگۆڕێ كە سعودیە و ئیماراتیش خۆیانی تێدا ببیننەوە.
جەنگی ئەمجارە بۆ ئیسرائیل قورستر دەبێ
ئامادەكارانی راپۆرتەكە جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئیسرائیل لە ئامادەكارییەكانی بۆ شەڕی ئەمجارە رووبەڕووی كۆمەڵێك ئاستەنگ دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی دیار نییە ژمارەی هێزەكانی لایەنی بەرامبەر چەندە، شەڕەكە لە چەند بەرەوە دەبێ، شێوازەكانی شەڕەكە چۆن دەبن (زەمینی، ئاسمانی، دەریایی و سایبیری)، دیاریش نییە زلهێزەكان چ رۆڵێكیان لە ئیدارەكردنی شەڕەكەدا دەبێ.
جیا لەمە لە شەڕەكانی رابردووی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانیدا، تەلەڤیڤ زیاتر فۆكەسی لەسەر لێدانی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەیی هێزەكان بووە، بەڵام لە شەڕی ئەمجارە كە چاوەڕێ دەكرێ هێزی دیكەش تێیدا بەشدار بن، دیاریكردنی ئامانجەكان ئاسان نابێ.
هەڵوێستی رووسیا و ئەمریكا لە شەڕی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل و ئێراندا رۆڵی گەورە دەبینێ. مۆسكۆ سێ ساڵە سەرمایەگوزارییەكی سەربازی، دیپلۆماتیك و دارایی گەورەی لە سووریا كردووە، بۆیەش پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕەكەدا، بۆ پشتگیریكردن لە هێزەكانی رژێمی سووریا سنوور بۆ چالاكییەكانی ئیسرائیل دادەنێ یان نا؟
ئاسایشی ئیسرائیل بۆ ئیدارە یەك لەدوای یەكەكانی ئەمریكا هێڵی سوور بووە، بۆیەش یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە ئەمریكا ئەو شەڕە وەكو دەرفەتێك بۆ لێدانی ئێران و كورتكردنەوەی سنووری دەسەڵاتی ئێران لەناوچەكە بەكاربهێنێ. بەڵام هەردوو لێكۆڵەرەكە كۆكن لەسەر ئەوەی یەكێك لە سیناریۆكانیش ئەوەیە واشنتن بەشداری سەربازیی لە شەڕەكەدا نەكات و تەنیا سیستەمی دژەمووشەكی ئیسرائیل بەهێز بكات، لەو حاڵەتەشدا دیپلۆماسییەتی ئەمریكا لەگەڵ زلهێزەكانی دیكە (لەوانە رووسیا) دەتوانێ رێگر بێ لەوەی ئیسرائیل بە ئامانجە ستراتیژییەكانی خۆی لەو شەڕەدا بگات.
كێشەكانی ئێران و حیزبوڵڵا
حیزبوڵڵا 100 هەزار مووشەك و هاوەنی لەناو خاكی لوبناندا هەیە كە بەشی زۆریان بەباشی ئامانجەكان ناپێكین، زۆربەی مووشكەكانی ئێرانیش ناگەنە ئیسرائیل. سەركردەكانی حیزبوڵڵا و ئێرانییەكان دەزانن ئەگەر لە لوبنانەوە ئیسرائیل بكەنە ئامانج، ئەوە تەلەڤیڤ ناهێڵێ هێرشەكان بێ وەڵام بن، بەڵكو جومگە ستراتیژییە سەربازی و رێكخراوەییەكانی ئەو رێكخراوە لە باشووری لوبنان دەكاتە ئامانج و زیانی گەورەش بە ژێرخانی ئابووریی لوبنان دەگەیەنێ.
بین و ئازنستاد ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن حیزبوڵڵا و ئێران ئەمەیان ناوێ، لەبەر ئەوەی دەشێ پێگەی جەماوەریی حیزبوڵڵا لە لوبنان لاواز بكات، بۆیەش هەردوو لایەن خەریكی دروستكردنی بنكەی سەربازی و مووشەكین لە سووریا.
ئێران مەشقی بە 200 هەزار چەكداری بیانی شیعی كردووە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 10 بۆ 20 چەكداریان لە سووریا جێگیرن، گواستنەوەی چەكداری زیاتر لە دەرەوەی سووریاوە بۆ مەیدانی شەڕەكە كارێكی ئاسان نابێ، چونكە بەئاسانی دەبنە ئامانجی فڕۆكە و مووشەكە دووربڕەكانی ئیسرائیل. هەردوو لێكۆڵەرەكە جەخت لەوە دەكەنەوە مانەوەی ئەو ژمارە كەمەی هێزەكانی ئەمریكاش لە رۆژهەڵاتی سووریا دەتوانێ رێگری گەورە بێ لە هاتوچۆی میلیشیا ئێرانییەكان لە نێوان سنوورەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سووریا.
ا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ