بەهۆی شەڕەوە یاریزانێکی پێشووی بارسێلۆنا لە ئێران گیری خواردووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێران ئیسرائیل ئەمریکا خولی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕەوە، یاریزانێکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا کە ئێستا لە خولی ئێران یاریی دەکات لەگەڵ یاریزانێکی دیکە گیریان خواردووە و ناتوانن بچنە دەرەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئەو شەڕەی لەنێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە، مونیر حەدادی، یاریزانی مەغریبی و پێشووی یانەی بارسێلۆنا کە ئێستا بۆ یانەی ئیستقلال تارانی ئێرانی یاریی دەکات گیری خواردووە.
 
چڕبوونەوەی شەڕەکە بووەتە هۆکاری داخستنی ئاسمانی زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو هۆیەشەوە سەتان کەس گیریان خواردووە و ناتوانن لە وڵاتەکە بچنە دەرەوە، یەکێک لەوانە مونیر حەدادییە.
 
ئەوەی چاوەڕواننەکراو بووە ئەوەیە، حەدادی تەنانەت چووەتە نێو فڕۆکەش بۆ ئەوەی لە ئێران بڕوات، بەڵام بەر لە فڕینی فڕۆکەکەیان بارودۆخەکە بەتەواوی ئاڵۆز بووە و بڕیاردراوە هیچ گەشتێکی ئاسمانی ئەنجام نەدرێت.
 
یاریزانەکە بەدوای رێگەیەکی جێگرەوەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەرچی زووە لە ئێران بچێتە دەرەوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەگەری هەیە یاریزانەکە بچێتە تورکیا، لەوێوە گەشت بکات و بگەڕێتەوە وڵاتەکەی یان بچێتە ئیسپانیا.
 
هەر بەهۆی گرژییەکانەوە یارییەکانی خولی ئێران وەستاوە ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەیە یاریزانان و راهێنەرە بیانییەکان هەرچی زووە هەوڵی چوونە دەرەوە لە وڵاتەکەدا بکەن.
 
ئاندرێ ئادان، گۆڵپارێزی پێشووی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئێستای ئیستقلال کە لە هەمان تیپەکەی حەدادی یاریی دەکات، بەر لە پەرەسەندنی گرژییەکان ئەو وڵاتەی بەجێهێشتووە، بەڵام ئیڤان سانچێز، یاریزانی ئیسپانی یانەی سێپاهانیش بەهەمان شێوە گیری خواردووە و لە ئێران ماوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە