رووداو دیجیتاڵ
دادگای فیدراڵیی باشووری نیویۆرک بەڵگەنامەیەکی 25 لاپەڕەیی بڵاوکردەوە کە تێیدا پەردە لەسەر یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی "تیرۆری هۆشبەر" لە مێژووی هاوچەرخدا لادەدات. بەڵگەنامەکە نیکۆلاس مادورۆ و خێزانەکەی و گەورە بەرپرسانی ڤەنزوێلا تۆمەتبار دەکات بەوەی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییان کردووەتە "ئامرازێک بۆ گواستنەوەی کۆکایین" و دابینکردنی چەکی قورس بۆ تیرۆریستان بەمەبەستی "زیانگەیاندن بە ئەمریکا."
رۆژی یەکشەممە 04-01-2026، وەزارەتی دادی ئەمریکا بە فەرمی تۆمەتنامەی جێگرەوە (Superseding Indictment)ـی دژی نیکۆلاس مادورۆ و چوار لە هاوکارە نزیکەکانی بڵاوکردەوە، کە وردەکاریی پیلانگێڕییەکی 25 ساڵە دەخاتەڕوو (لە ساڵی 1999ـەوە تاوەکو 2025).
تۆمەتبارە سەرەکییەکان
لیستەکە "سەری رم"ـی دەسەڵاتی ڤەنزوێلای تێدایە
نیکۆلاس مادورۆ (سەرۆک): سەرکردەی باڵای باندەکان.
دیۆسدادۆ کابیۆ (وەزیری ناوخۆ): بەڕێوەبەری تۆڕی دابەشکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ قاچاخچییەکان.
سیلیا فلۆرێس (خانمی یەکەم): بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ وەرگرتنی بەرتیل و سپیکردنەوەی پارە.
نیکۆلاس ئێرنێستۆ مادورۆ (کوڕی مادورۆ): سەرپەرشتیاری گواستنەوەی راستەوخۆی کۆکایین و چەک.
هیکتۆر گێرێرۆ فلۆرێس (نینیۆ گێرێرۆ): سەرۆکی رێکخراوی تاوانکاریی (Tren de Aragua) کە وەک باڵی جێبەجێکاری تووندوتیژی باندەکە کاری کردووە.
باندی خۆرەکان (Cártel de los Soles)
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، مادورۆ و هاوکارانی "باندی خۆرەکان"یان بەڕێوەبردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم باندە "تەنیا پارە نەبووە،" بەڵکو بریتی بووە لە "بەکارهێنانی کۆکایین وەک چەکێک دژی ئەمریکا" بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە و تێکشکاندنی تەندروستیی هاووڵاتییانی.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەوان هاوپەیمانێتییان لەگەڵ رێکخراوی گەریلاکانی کۆڵۆمبیا (FARC) بەستووە و ڕێککەوتوون لەسەر هاوکێشەی: "ئێمە چەکتان بۆ دەنێرین، ئێوەش کۆکایین بۆ ئێمە بنێرن تاوەکو بینێرینە ئەمریکا."
تاوانە گەورەکان و بەکارهێنانی باڵەخانەی سەرۆکایەتی
تۆمەتنامەکە باسی چەندین رووداوی دیاریکراو دەکات کە چۆن دەوڵەت بەکار هاتووە:
دیپلۆماسیی کۆکایین (2006-2013): کاتێک مادورۆ وەزیری دەرەوە بوو، "پاسپۆرتی دیپلۆماسی"ـی بە قاچاخچییانی هۆشبەر دەفرۆشت. مادورۆ فەرمانی دەکرد بە باڵیۆزخانەکان کە "شاندێکی فەرمی دێت،" لەکاتێکدا شاندەکە قاچاخچی بوون و بە پارەی هۆشبەرەوە دەگەڕانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کەس بۆی هەبێت بیانپشکنێت.
فڕۆکە پڕ کۆکایینەکەی مەکسیک (2006): بەرپرسانی ڤەنزوێلا فڕۆکەیەکی (DC-9)یان بە 5.6 تەن کۆکایینەوە نارد بۆ مەکسیک. کاتێک دەستی بەسەرداگیرا، قاچاخچییەکان ترسان لەوەی دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانە ناوەکانیان ئاشکرا بکەن؛ بۆیە بڕی 2.5 ملیۆن دۆلاریان وەک بەرتیل دایە دیۆسدادۆ کابیۆ بۆ ئەوەی رێگری لە هەر لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنێک بکات.
سەرقاڵکردنی خەڵک بە هۆشبەر (2013): دوای ئەوەی فەرەنسا دەستی بەسەر 1.3 تەن کۆکاییندا گرت کە لە فڕۆکەی (ئێیەر فرانس) لە ڤەنزوێلاوە گەیشتبوو، مادورۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی کرد و بڕیاریان دا بە ئەنقەست ئەفسەرانی سوپا دەستگیر بکەن بۆ ئەوەی چاوی میدیا و خەڵک لەسەر تێوەگلانی خۆیان لاببەن.
خانمی یەکەم و "هەڵمەتی هەڵبژاردن بە پارەی کۆکایین"
سیلیا فلۆرێس (تۆمەتباری هەشتەم) تۆمەتبارە بەوەی راستەوخۆ دەستی هەبووە لە رێکخستنی کۆبوونەوە لەگەڵ قاچاخچییەکان لەبەرامبەر "سەدان هەزار دۆلار".
لە ساڵی 2015، دوو لە برازاکانی سیلیا (کە پێشتر لە ئەمریکا سزا دراون) لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆندۆراس و ڤەنزوێلا لەگەڵ چەند بریکار و سیخووڕێکی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری ئەمریکا DEA [بەبێ ئەوەی بزانن] رێککەوتوون لەسەر ناردنی بارێکی گەورەی کۆکایین لە فڕۆکەخانەی سیمۆن بۆلیڤارەوە. ئامانجیان ئەوە بووە 20 ملیۆن دۆلار پەیدا بکەن بۆ "هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سیلیا فلۆرێس." ئەوان لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویانە "ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگداین."
"شازادە" و پیلانگێڕییەکەی نیویۆرک
نیکۆلاس ئێرنێستۆ (کوڕی مادورۆ) کە لەلایەن باوکیەوە پۆستی "سەرۆکی پشکنەرانی تایبەتیی سەرۆکایەتی"ـی پێ درابوو، رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە گواستنەوەی مادەی هۆشبەر و چەک.
گەشتەکانی دوورگەی مارگرێتا: کوڕی مادورۆ مانگانە سەردانی ئەم دوورگەیەی کردووە و بە فڕۆکەی تایبەتیی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی (PDVSA) باری کۆکایینی گواستووەتەوە.
کۆکایین لەنێو ئاسن (2017): "شازادە" لەگەڵ هاوبەشەکانی پلانی داناوە کۆکایین بنێرێت بۆ نیویۆرک. کوڕی مادورۆ بە هاوبەشەکانی گوتووە: "ئەم کۆکایینە کوالێتیی باش نییە و لە بازاڕی مەیامی پارە ناکەن، بۆیە با بۆ نیویۆرک بنێرین." پلانیان هەبووە کۆکایینەکە لەنێو کۆنتێنەری ئاسنی سکراپ بشارنەوە بۆ ئەوەی بخرێتە بازاڕی نیویۆرکەوە.
تیرۆری مادەی هۆشبەر و "مووشەک بۆ تیرۆریستان"
بە مەترسیدارترین بەشی بەڵگەنامەکە دادەنرێت؛ مادورۆ و کابیۆ تۆمەتبارن بەوەی بە فەرمی چەکی سوپای ڤەنزوێلایان بۆ FARC ناردووە.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە: "مادورۆ فەرمانی کردووە سندوقی پڕ لە چەکی ئۆتۆماتیکی، رەشاش مووشەکی دژە فڕۆکە (MANPADS) و نارنجۆک رادەستی تیرۆریستانی کۆڵۆمبیا بکرێت، لەبەرامبەر هاوکاریکردن لە راهێنانی میلیشیاکان و گواستنەوەی کۆکایین."
دادگەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی یاسا، ئەگەر ئەم تاوانانە ساغ ببنەوە، سزاکەی دەگاتە زیندانی تاهەتایی و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ئەو سامانەی لەم رێگەیەوە پەیدای کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ