رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا داوای هاوکاریی دوولایەنەی تووندوتۆڵیان کرد بۆ پاراستنی "سەقامگیریی جیهانی."
بەگوێرەی راگەیێندراوی میدیا فەرمییەکانی هەردوو وڵات، شی جینپینگ لە کاتی پەیوەندییەکەدا کە نزیکەی کاژێر و نیوێکی خایاند، گوتوویەتی: "پێویستە هەردوو لایەن گەرەنتی بەردەوامیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و رووسیا بدەن لەسەر رێڕەوی راستی خۆی، ئەوەش لە ڕێگەی قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگی ستراتیژی وەک دوو هێزی سەرەکیی جیهان."
سەرۆکی چین جەختی لەوەش کردووەتەوە، "وەک دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، چین و رووسیا پابەندن بە هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن لە دادپەروەری و پاراستنی سەقامگیریی ستراتیژیی جیهان."
دۆسیەی ئۆکراینا و ئێران
ئەم پەیوەندییە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان لە ئەبوزەبی، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگە 4 ساڵەییەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری دیپلۆماسی رایگەیاند، شی جینپینگ پشتگیریی خۆی بۆ دانوستاندنە سێقۆڵییەکانی ئەبوزەبی دەربڕیوە.
سەبارەت بە ئێران، کە ئێستا لەژێر گوشارێکی تووندی ئەمریکادایە و واشنتن هەڕەشەی هێرشی سەربازی لێ دەکات، پووتین گوتی: "لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکاندا، هاوپەیمانیی نێوان مۆسکۆ و پەکین وەک هۆکارێکی گرنگی سەقامگیری دەمێنێتەوە." ئۆشاکۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیوەندییەکەدا "بایەخێکی تایبەت بە دۆخی گرژی ئێران دراوە."
پەیماننامەی "نیو ستارت"
گفتوگۆی پووتین و شی لە کاتێکدا بوو سبەی پێنجشەممە پەیماننامەی (New START) کۆتایی دێت، کە دوایین رێککەوتنی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمییە لە نێوان واشنتن و مۆسکۆ. پووتین بە هاوتا چینییەکەی راگەیاندووە، ئەگەر رێککەوتنەکە درێژ نەکرێتەوە، رووسیا "بەرپرسیارانە" رەفتار دەکات. رووسیا پێشتر لە ساڵی 2023 بەشداریی خۆی لەم پەیماننامەیەدا هەڵپەساردبوو.
سەردانی پووتین بۆ چین
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، شی جینپینگ داوای لە پووتین کردووە لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا سەردانی چین بکات. ئۆشاکۆڤ پشتڕاستی کردووەتەوە، پووتین بە خۆشحاڵییەوە بانگێشتەکەی قبووڵ کردووە، هەروەها بانگێشتی بەشداریکردنی لە لووتکەی ئاپێک (APEC) کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم لە چین بەڕێوەبچێت، قبووڵ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ