رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، سەرکردایەتیی ئێران "پەکخراوە" و ئاماژە بەوەش دەکات، بەدوای سەرکردایەتییەکی نوێدا دەگەڕێت کە مامەڵەیەکی باش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو سەرکردایەتییە "ئاینی" بێت و دەوڵەتێکی دیموکراسیش نەبێت.
رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند: "ئێران ئەو وڵاتە نییە کە هەفتەیەک لەمەوبەر هەبوو. هەفتەیەک پێش ئێستا ئەوان بەهێز بوون، بەڵام ئێستا بەڕاستی پەکخراون."
ترەمپ متمانەی خۆی بە ئاسانیی هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێ بۆ ئێران دەربڕی و گوتی، دەبێت خۆی لەو پرۆسەیەدا بەشدار بێت. ترەمپ دۆخەکەی بە ڤەنزوێلا چواند کە تێیدا واشنتن توانی نیکۆلاس مادۆرۆ دەستگیربکات و جێگرەکەی بخاتە شوێنی.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەمە زۆر بە ئاسانی دەبێت، هاوشێوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا روویدا. ئێمە لەوێ سەرکردەیەکی نایابمان هەیە (دێڵسی رۆدریگێز) کە کارێکی ناوازە دەکات."
سەبارەت بە ئەگەری پەسندکردنی سەرکردەیەکی ئایینی لە ئێران، ترەمپ گوتی: "دەکرێ. مەبەستم ئەوەیە پشت بەوە دەبەستێت کە کێ دەبێت. هەبوونی سەرکردەی ئایینی بەلامەوە ئاساییە. مامەڵە لەگەڵ زۆر سەرکردەی ئایینی دەکەم و کەسانی زۆر باشیشن".
بەوەی ئایا مەرجە سەرکردایەتیی داهاتووی ئێران دیموکراسی بێت، ترەمپ گوتی: "نەخێر، من دەڵێم دەبێت سەرکردەیەک هەبێت دادپەروەر بێت و کارێکی باش بکات، مامەڵەی باش لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، چونکە ئەوان هەموویان هاوبەشی ئێمەن."
"دۆخی گەرووی هورمزم چارەسەر کردووە"
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆسەر ئێران کرد و گوتی: "ئاستی سەرکەوتنەکە 12 یان 15یە لەسەر 10."
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، ترەمپ گوتی نیگەران نییە و نرخ بە خێرایی دادەبەزێتەوە، هەروەها رایگەیاند کە کێشەی گەرووی هورمزی "چارەسەر کردووە" و گوتی: "ئێمە گورزمان لە هێزی دەریایی ئەوان داوە. کاتێک گورز لە هێزی دەریایی دەدەیت، ناتوانن ئەوە بکەن کە دەیانەوێ. نزیکەی 25 کەشتیی گەورەی ئەوان نوقم کراون."
"نۆرەی کوبایە"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ پێشبینی کرد کە دەسەڵاتی کوباش بەم زووانە بڕووخێت. ترەمپ گوتی: "کوبا بەم زووانە دەڕووخێت. ئەوان زۆر دەیانەوێ رێککەوتن بکەن، بۆیە مارکۆ روبیۆ (وەزیری دەرەوە) بۆ ئەو مەلەفە دادەنێم."
ترەمپ گوتیشی: " 50 ساڵە چاودێریی کوبا دەکەم. ئێستا ئەو مەلەفە کەوتووەتە بەردەستم. تەنیا مەسەلەی کاتە پێش ئەوەی کوباییە ئەمریکییەکان بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ