رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی داستانئاسا'ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی 38 رۆژدا توانای سەربازیی ئێرانیان بەجۆرێک تێکشکاندووە کە تاران "پاڕاوەتەوە" بۆ ئاگربەست.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی کۆشکی سپی کە رۆژی 8ـی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ستراتیژیی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" پەیڕەو کردووە و توانیویەتی لە ماوەیەکی پێوانەییدا تاران ناچار بە کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز بکات.
هێگسەس: ئێران بۆ ئاگربەست پاڕایەوە
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە دەڵێت: "هیچ سەرۆکێکی دیکە وەک ترەمپ بوێری و بڕیاری تووندی نەبووە. لە دڕاندنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆباما و کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە، تاوەکو ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو) بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان و ئێستاش (تووڕەیی داستائاسا)؛ ترەمپ مێژووی تۆمار کرد. ئێران بۆ ئەم ئاگربەستە پاڕایەوە و هەموومان ئەوە دەزانین."
لەلایەکی دیکەوە، جەنەڕال دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە سێ ئامانجی سەرەکیی هەبوو کە هەموویان پێکێنران: تێکشکاندنی توانای مووشەکی و درۆنی، لەناوبردنی هێزی دەریایی و پەکخستنی ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران بۆ ئەوەی نەتوانێت لە دەرەوەی سنوورەکانی هەڕەشە بێت.
ئەنجامە سەربازییەکان بە ژمارە
بەگوێرەی داتاکانی کۆشکی سپی، قەبارەی ئەو زیانانەی بەر ئێران کەوتوون بەم شێوەیەیە:
توانای مووشەکی و درۆنی:
زیاتر لە 85%ـی ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران و زۆربەی مووشەکە بالیستییەکان و درۆنە دوورهاوێژەکانی تێکشکێندراون.
هێزی ئاسمانی:
پێش ئۆپەراسیۆنەکە ئێران رۆژانە 30 بۆ 100 گەشتی ئاسمانیی هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی گەشتەکانی بۆ "سفر" دابەزیوە.
هێزی دەریایی:
150 کەشتیی جەنگی لە 16 جۆری جیاواز تێکشکێندراون، هەموو ژێردەریاییەکان نوقم کراون و 97%ـی مینە دەریاییەکانی ئێران لەنێوبراون.
پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان:
70٪ـی بنکەکانی هاویشتن و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانیی ئێران وێران کراون.
بریکارەکان:
ئێران چیدیکە ناتوانێت چەک و مووشەک بۆ گرووپە پرۆکسییەکانی بنێرێت، چونکە کارگەکانی دروستکردنی چەک لەنێوبراون.
ئاماری هێرشەکانی ئەمریکا
ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا لە ماوەی 38 رۆژدا:
• ئەنجامدانی 10200 هێرشی ئاسمانی.
• پێکانی 13000 ئامانج لە نێوخۆی ئێران.
• تێکشکاندنی 2000 ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ.
• تەقاندنەوەی 1500 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.
• خستنەخوارەوەی 1000 درۆنی هێرشبەر و 700 مووشەکی بالیستیی ئێران کە ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا کرابوون.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەم ئەنجامانەی وەکو "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ ئەمریکا و سوپاکەی وەسفکردووە و دەڵێت، ترەمپ بەڵێنەکەی خۆی بردە سەر کە ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا چوار بۆ شەش هەفتە بخایێنێت و هەڕەشەی ئێران بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ