رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لەگەڵ 60 دەوڵەتی دیکە کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخی لوبنان دەکات و هیوای ئەوە دەخوازن بەمزووانە دانوستاندنی راستەوخۆ دەستپێبکات.
ژیرۆم بۆنافۆنت، باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاریس بۆ لوبنان کرد و رایگەیاند: "ئێمە هەر ئێستا لەگەڵ 60 دەوڵەتدا راگەیێندراوێکی گرنگمان پەسند کرد، کە تێیدا ئەوەی پێویست بوو بگوترێت سەبارەت بەوەی روودەدات، گوتراوە."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، باڵیۆزی فەرەنسا گوتی: "هیوای ئەوە دەخوازین بەمزووانە دانوستاندنی راستەوخۆ بکرێت، هەروەها ئاگربەستیش لوبنان بگرێتەوە."
ئەم لێدوانەی باڵیۆزی فەرەنسا لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بەردەوامن و فەرەنساش وەک یەکێک لە وڵاتە کاریگەرەکان لەو دۆسیەیەدا دەردەکەوێت.
داوا دەکرێت ئاگربەستی 15 رۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لوبنانیش بگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل نەچووەتە ژێر باری ئەو داواکارییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ