رووداو دیجیتاڵ
ئێڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دەیەوێ بەزووترین کات تەنگەی هورمز بکرێتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی، کووپەر کردنەوەی تەنگەکەی بە "زۆر گرنگ بۆ ئابووریی جیهان" ناوبرد. هەروەها رایگەیاند "زۆر نیگەرانە" لە زیابدوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: "لێکەوتە مرۆییەکان و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵکمان لە لوبنان بینیوە. بۆیە زۆر بە تووندی دەمانەوێت ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە، بەڵام پێویستە ئەو ئاگربەستە بپارێزین کە ئێستا لە ئێران جێبەجێ دەکرێت، هەروەها بە شێوەیەکی بنەڕەتی گەرووەکەش بکرێتەوە."
رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان چڕکردەوە و هێرشی کردە سەر ناوچە سڤیلنشینەکانی بەیرووت. لە خوێناویترین رۆژی شەڕەکەدا، لانیکەم 254 کەس کوژران. تیمەکانی فریاگوزاری شەوی رابردوو بەدوای ئەو کەسانەدا گەڕان کە هێشتا لەژێر داروپەردووی هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیلدا بوون.
ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بۆ سەر بەیرووت، یاریدەدەرێکی نەعیم قاسم، سەرکردەی حیزبوڵڵای کوشتووە. یاریدەدەرەکە ناوی عەلی یوسف حەرشییە، کە سکرتێر و برازای نەعیم قاسم بووە.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هێرشێکی ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا لایەنی کەم حەوت کەسی لە باشووری لوبنان کوشتووە. سوپای ئیسرائیل دەستبەجێ دانی بە هێرشەکەدا نەنا.
ئەم تووندوتیژییانە هەڕەشە لەو ئاگربەستە دوو هەفتەییە دەکەن کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێداگری کردبوو کە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە لوبنان بەشێکە لە رێککەوتنی ئاگربەستەکە، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایانگەیاندبوو ئاگربەستەکە لوبنان ناگرێتەوە.
کاتێک رێککەوتنەکە راگەیێندرا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە وەک نێوەندگیر کاری کردبوو، لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا گوتبووی کە ئاگربەستەکە "هەموو شوێنێک، لەنێویاندا لوبنان و شوێنەکانی دیکە" دەگرێتەوە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، ئەو دانوستانانەی پلانیان بۆ دانرابوو "نالۆژیکین" چونکە واشنتن سێ لە 10 مەرجەکەی تارانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە پێشێل کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ