رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی بە خاڵی وەرچەرخانی قەیرانەکانی کۆرۆنا دادەنرێت. لەو نێوەندەشدا دوو هاوژینی خەڵکی تورکیا بە بزوێنەری بیرۆکەی ڤاکسینەکە دادەنرێن.
هەرچەندە ڤاکسینەکە وەکو بەرهەمی کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی دەناسرێت، بەڵام بەشێکی گرنگی کاری زانستی ڤاکسینەکە لەلایەن کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانییەوە کراوە. ئوگور شاهین و ئۆزلەم تورەجی دوو هاوژینی خەڵکی تورکیان کە دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای بایۆنتێکن.
پرۆفیسۆر ئوگور شاهین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بایۆنتێکە، تەمەنی 55 ساڵانە و لە شاری ئیسکەندەرونی تورکیا لەدایکبووە، لە ساڵی 1969 لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو ئەڵمانیا کۆچیانکردووە. ئۆزلەم تورەجی، بەڕێوەبەری نووسینگەی دەرمانسازی کۆمپانیاکەیە و هاوژینی ئوگور شاهینە، تەمەنی 53 ساڵانە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە.
ناوی دوو هاوژینەکە لە لیستی 100 دەوڵەمەندترینەکانی ئەڵمانیان، دوای بڵابوونەوەی هەواڵی سەرکەوتنی ڤاکسینەکەیان نرخی پشکەکانی کۆمپانیای بایۆتێک 25٪ بەرزبووەوە، بەوەش نرخی کۆمپانیاکە گەیشتە 21 ملیار دۆلار.
شاهین و تورەجی لەکاتی خوێندنی دکتۆراکەیان لە زانکۆ یەکدیان ناسیوە، لەو کاتەدا هەردووکیان کاریان لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان کردووە. لە ساڵی 2001 بیریان لە دروستکردنی کۆمپانیایەک بۆ ئەو مەبەستە کردەوە، و یەکەم کۆمپانیایان بە ناوی گانیمێد دامەزراند کە بەشێوەیەکی سەرەکی کاری لەسەر گۆڕانکارییە خانەیی و هۆکارەکانی شێرپەنجە دەکرد، دواتر لە ساڵی 2016 بە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار کۆمپانیاکە دەفرۆشن.
لە هەمان کاتدا لە ساڵی 2008 کۆمپانیای بایۆنتێکیان دامەزراندبوو کە زیاتر سەرنج و کارەکانیان لەسەر ئەم کۆمپانیایە چڕکردبووەوە. ئەوان زۆربەی کاتەکانیان بە تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە بەسەردەبەن، تورەجی دەڵێت، تەنانەت لە رۆژی ئاهەنگی بووکگواستنەوەکەشیان کاتیان بۆ تاقیگەکەیان تەرخانکردووە.
ماتیس سیەباڵد، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ماینز لەبارەی کەسایەتیی شاهین ئوگور دەڵێت، "ئەو کەسێکی سادە و زیرەکە، و زۆر گرنگی بە رووخسار و روواڵەت نادات، بەڵام دەیەوێت هێندە بەهێز بێت کە بەباشی داهاتوو ببینێت".
لە سەرەتاکانی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆمپانیای بایۆنتێک دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، لە ماوەیەکی کەمدا نزیکەی 500 کەسی نوێیان لە کۆمپانیاکەیان دامەزراند، بۆ ئەوەی بتوانن کار لە یەک کاتدا کار لەسەر چەند جۆرە ڤاکسینێک بکەن.
رۆژی دووشەممە 09-11-2020 لە دوایین تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک "سەرکەوتنی" ڤاکسینەکەیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد، ڤاکسینەکەیان 90٪ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا دەکات. بڕیارە لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەم ڤاکسینەکە بدرێتە رێکخراوە تەندروستییەکان بۆ پشتراستکردنەوەی ئەنجامەکان.
لەبارەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەوە کۆمپانیاکان رایانگەیاند، دەتوانن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 50 ملیۆن دروستبکەن، ساڵی داهاتووش ملیارێک و 300 ملیۆن دانەی دیکەی لێ بەرهەمبێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ