جیهان
پرسەی ژمارەیەک کەس لە گوندی دینکۆلاتی سەر شاری میکیلی پایتەختی هەرێمی تیگرای کە بە دەستی چەکدارانی ئەریتیری کوژراون. وێنە: AFP / EDUARDO SOTERAS
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت پاکتاوی نەژادی لە هەرێمی تیگرای لە باکووری ئەسیوپیا روودەدات، دەشڵێت دۆخەکە جێگەی قبوڵکردن نییە و دەبێت گۆڕانکاری بەسەردابێت، هەروەها هێزەکانی ئەریتریا لە هەرێمەکە بچنە دەرەوە.
ئانتۆنی بلینکن لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، گوتی: "دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بکەین لەوەی لەوێ روویدا، پێویستیشمان بە جۆرێک لە پرۆسەی ئاشتەواییە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەرەو پێشبچێت."
بلینکن بە ئەندامانی ئەنجوومەنی گوت دەمانەوێت هێزێک لە تیگرای جێگیربکرێت خۆی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی پاکتاوی نەژادی بپارێزێت.
هەفتەی رابردوو چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی ئەریتریا لە هەرێمی تیگرای دەستیانکردووە بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سڤیل، کە تەمەنیان لە 13 ساڵانەوە دەستپێدەکات، داوادەکات نەتەوەیەکگرتووەکان دەستبەجێ لاپەڕەیەکی لێکۆڵینەوە لە تاوانی مرۆیی لە هەرێمەکە بکەنەوە.
مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە نۆڤەمبەری 2020دا هێزەکانی ئەریتریا و ئەسیوپیا بەیەکەوە بۆمببارانی ئاکسومی شاری تیگرایان کرد، خەڵکی سڤیلیان کوشتن و بریندارکردن. ئەو هێزانە تەقەیان لە خەڵک کردووە و ماڵ و موڵکی خەڵکیان شێواندووە.
حکومەتی ئەسیوپیا لە نۆڤەمبەری 2020دا هێرشێکی بۆ سەر هەرێمی تیگرای دەستپێکرد، لەماوەی مانگێکدا چەکدارانی بەرەی لیبڕاڵی گەلی تیگرایان وەدەرنا، پەیوەندی هەرێمەکە لەگەڵ تەواوی جیهان پچڕا، بەڵام رێکخراوە مرۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تاوانی مرۆیی لەلایەن سوپای ئەسیوپیا و ئەریتریا لە دژی دانیشتووانی هەرێمەکە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ