داخرانی تەنگەی هورمز و گەمارۆکەی ئەمریکا؛ کاریگەرییەکانی لەسەر چارەنووسی جەنگ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوبات، گواستنەوەی دەریایی لە تەنگەی هورمز تاڕادەیەک پەکیکەوتووە، ئەمەش بازاڕەکانی وزەی لە جیهاندا شڵەژاندووە و مەترسیی زیانی ئابووریی درێژخایەنی دروستکردووە.
 
تەنگەی هورمز، کارتە بەهێزەکەی دەستی ئێران
 
ئێران هەر لە سەرەتای جەنگەوە، تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتییەکانی هاوپەیمانەکانی دەدات، بە تەنگەکەدا تێپەرن.
 
بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە لێدوانەکانیاندا دەڵێن، تەنگەکە ناگەڕێتەوە دۆخی پێشووی و کۆنترۆڵەکەی لەدەستی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا دەمێنێتەوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاتووچۆی کەشتییەکان لەو رێڕۆ ئاوییەدا 95.3% دابەزیوە، هاوکات نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە جیهاندا 6% بەرزبووەتەوە.
 
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، شەوی سێشەممە، 28ی نیسانی 2026 بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، کۆنتڕۆڵی تەنگەی هورمز بە تەواوی لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە و فەرماندەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە گوتوویانە، "هیچ وڵات و هێزێک ناتوانێت کۆنترۆڵی تەنگەکە لە چنگی ئێمە دەربهێنن."
 
بە گوتەی رەزایی، فەرماندەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران راشیگەیاندووە، "رێگە نادەین بەبێ مۆڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لیتر نەوت لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕێنرێت." 
 
لە لایەکی دیکە، محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران دەڵێت، هێزە دەریاییەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران بە هاوئاهەنگی تەنگەی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەن.
 
 بە گوتەی ئەکرەمی نیا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران بەرپرسە لە ئاسایشی بەشی رۆژئاوای تەنگەى هورمز، لە کاتێکدا هێزە دەریاییەکانی سوپای ئێران کۆنترۆڵی بەشی رۆژهەڵات دەکەن.
 
گەماڕۆدانی بەندەرەکانی ئێران
 
لە بەرامبەر داخرانی تەنگەی هورمز و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی تەنگەکە، ئەمریکا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە گەماڕۆیەکی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و دەڵێت، رێگەیان لە هەناردەی نەوتی ئێران گرتووە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزەکانی مارێنز لە یەکەی 31، پشکنینیان بۆ کەشتیی (M/V Blue Star III) کرد، بەڵام دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە کە کەشتییەکە پلانی نەبووە لە هیچ بەندەرێکی ئێران لەنگەر بگرێ، رێگەیان پێداوە گەشتەکەی تەواو بکات. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، تاوەکو ئێستا 39 کەشتیی بازرگانی بەهۆی پابەندنەبوون یان بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە گەمارۆی سەر ئێران، "ئاراستەیان گۆڕدراوە."
 
کاریگەریی گەماڕۆکە لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران
 
ئەمریکا دەڵێت، گەماڕۆکەی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت تاوەکو رێگە نەدرێت ئەو وڵاتە نەوتەکەی بفرۆشێت و سەرچاوەی داهاتی نزیک بێت لە سفر، بەوەش تاران ناچار دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت راگرێت، چونکە شوێنی هەڵگرتنی نەوتی نامێنێت.
 
دامەزراوەی (کپلەر) بۆ چاودێریی کەشتیوانی و توێژینەوەی وزە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، گەمارۆکە بە شێوەیەکی بەرچاو بڕی ئەو نەوتەی کەمکردووەتەوە کە ئێران دەتوانێت باری بکات. 
 
تێکڕای بارکردنی نەوتی خاوی ئێران لەنێوان 1 بۆ 13ـی نیسان، 2.1 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکە و لە نێوان 14 بۆ 23ـی نیسان، تەنیا پێنج باری نەوت بینراون، ئەمەش تێکڕای هەناردەی بۆ 567 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە پێش جەنگ و لە مانگی شوباتدا، ئێران رۆژانە تێکڕا 2 ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرد.
 
بەگوێرەی کپلەر، بەهۆی سنوورداریی توانای بارکردنی نەوت بۆ نێو کەشتییەکان، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کردووە. کپلەر پێشبینی دەکات ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت، تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ نیوە دابەزێ و بگاتە 1.2 بۆ 1.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
ئێران رەتیدەکاتەوە، بەهۆی گەماڕۆکانی ئەمریکاوە هەناردەی نەوتەکەی وەستابێت. 
 
سەید مەهدی حوسێنی، پسپۆڕی وزە بە ئاژانسی ئیلنای ئێرانی راگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانە کە باسی داخستنی بیرە نەوتەکان دەکەن بەهۆی کێشەی هەناردەکردن و پڕبوونی کۆگەکانەوە راست نین. ئەو دەڵێت: "بەرهەمهێنان کەم دەکەینەوە، بەڵام بیرەکان داناخەین بۆ ئەوەی زیانی تەکنیکی و دارایییان بەرنەکەوێت؛ هەر کاتێک کێشەی هەناردە چارەسەر بوو، ئاستی بەرهەمهێنان بەرز دەکەینەوە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا بەشێک لە نەوتەکە بۆ پێویستیی نێوخۆ رەوانەی پاڵاوگەکان دەکرێت.
 
ئێران دەڵێت گەماڕۆکەیان شکاندووە
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، تەنیا لە 3 رۆژی رابردوودا 52 کەشتیی ئێرانی توانیویانە گەماڕۆکە بشکێنن، کە 31یان کەشتیی نەوتهەڵگر بوون.
ئاژانسی نیمچەفەرمیی فارس نیوز، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی داتاکانی چاودێریی مانگە دەستکردەکان، لە ماوەی 72 کاژێری رابردوودا 52 کەشتی هێڵی گەماڕۆکانی ئەمریکایان بڕیوە، کە 31یان کەشتیی نەوتهەڵگر و 21یان کەشتیی بارهەڵگرن.
 
بەپێی راپۆرتەکە، هەر لەو ماوەیەدا 30 کەشتیی دیکەی ئێرانی لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕیون، کە 6یان نەوتهەڵگر و 5یان بارهەڵگرن.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی تەسنیم-یش ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە نێوان 4ی ئاداری 2026 تاوەکو 20ی نیسانی 2026 بە گشتی 187 کەشتی لە تەنگەی هورمزەوە هاتووچۆیان کردووە، کە بەپێی ئاژانسەکە دەرخەری ئەوەیە، بازرگانی لەو رێڕەوە ئاوییە لە دەستی چەند وڵاتێکی دیاریکراودا چڕبووەتەوە، تەسنیم ئاماژە بەوەش دەکات، کە 20٪ی ئەو کەشتییانە سەر بە چین و هۆنگ کۆنگ بوون و بە پلەی یەکەم دێن. بە دوای ئەوانیشدا، کەشتییەکانی یۆنان بە 16٪ و هەریەکە لە ئێران و ئیمارات بە 12.3٪ دێن.
 
بەربەستی بەردەم دانوستاندن و رێککەوتن
 
دوای جەنگی 40 رۆژە، تەنگەی هورمز، بووەتە چەقی ناکۆکییەکانی تاران و واشنتن. داخرانی لە لایەن ئێرانەوە بە هۆکارێکی سەرەکیی بە بنبەست گەیشتنی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
 
ئێران دەڵێت، تاوەکو گەماڕۆی دەریایی ئەمریکا لە دژی بەردەوام بێت، بۆ دانوستاندن ئامادە نییە.
 
ئەمیرسەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026 رایگەیاند، سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
 
سەبارەت بە داخستنی تەنگەی هورمز، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئێران وەک وڵاتی کەناراویی سەرەکی، رێوشوێنی پێویست و گونجاو لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی گەشتی دەریایی ئارام لە تەنگەی هورمز گرتووەتەبەر. 
 
بە گوتەی ئیرەوانی، ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی پاراستنی هاتوچۆی بەردەوامی کەشتییەکان و رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی سەربازیی ئەو رێڕەوە گرنگ و ستراتیجییە ئەنجامدراون.
 
باڵیۆزی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رێوشوێنە کردارییەکانی ئێران لە بارودۆخێکی پڕ لە گرژیدا گیراونەتەبەر و بە شێوەیەکی بەردەوام بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی سێشەممە، 28ی نیسان سەبارەت بە گەمارۆی دەریایی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە رایگەیاند، حکومەت پێشبێنی بۆ بارۆدوخێکی لەم شێوەیەی ئێستا کردبوو، لەبەر ئەوەش ئامادەکاریی پێویستیان کردوەە و چەندین سیناریۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە هەیە.
 
فاتمە مهاجرانی گوتی، ستراتیجی سەرەکیی حکومەت، زیاترین سوودوەرگرتنە لە پێگەی تایبەتی جوگرافیای ئێران و پەیرەکردنی سیاسەتی "پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان و دراوسێیەتیی باش".
 
ترەمپ: ئێران گوشاری لەسەرە و دەیەوێ تەنگەی هورمز بکرێتەوە
 
لە نوێترین پێشهاتدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەسەڵاتدارانی ئێران پەیامێکیان ئاراستە کردوون و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە وڵاتەکەیان لە "دۆخی داڕمان"دایە، بۆیە دەیانەوێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە.
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، تاران ئاگاداری کردوونەتەوە کە دەیانەوێ "بە زووترین کات" تەنگەی هورمز بکرێتەوە. سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی، ئەوان دەیانەوێ تەنگەی هورمز بکرێتەوە، لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن دۆخی سەرکردایەتییان یەکلایی بکەنەوە. 
 
لە 27ی نیسانیش، ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسێکی ئەو وڵاتە و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازێکی داوەتە واشنتن تاوەکو تەنگەی هورمز بکرێتەوە و جەنگ رابگیرێت، بەڵام پرسی رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و راگرتنی پیتاندن، ئێستا باس نەکرێت و بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە راوێژکارەکانی راگەیاندووە، بە پێشنیازە نوێیەکەی ئێران رازی نییە.
 
نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات، لە نێو کۆشکی سپیدا ئەم پرسە مشتومڕی لەسەرە؛ هەندێک لە بەرپرسان پێیان وایە ئەگەر گەمارۆکە دوو مانگی دیکە بەردەوام بێت، کەرتی نەوتی ئێران بەتەواوی تێکدەشکێت و تاران ناچار دەبێت سازش بکات. بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن، بێ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی، ئێران پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی ناکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شا چارلز، شای بەریتانیا. وێنە: Kevin Dietsch/Getty Images

شا چارلز گاڵتە بە ترەمپ دەکات: ئەگەر ئێمە نەبووینایە بە فەرەنسی قسەتان دەکرد

شا چارلزی سێیەم، شای بەریتانیا لە ئێوارەخوانێکى فەرمیدا لە کۆشکی سپی بە شێوازێکی تەنزئامێز وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر بەریتانیا نەبووایە، ئێستا ئەمریکییەکان بە زمانی فەرەنسی قسەیان دەکرد