دۆناڵد ترەمپ: گورزی بەهێزمان لە ئێران داوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو
رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی کێنتاکی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن تێیدا ئامادە بوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ گورزی بەهێزیان لە ئێران داوە بە جۆرێک کە "ناتوانن وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە."
 
لەبارەی ئەو کەشتییە ئێرانییانەی هێرشیان کردوونەتە سەر، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "کەشتیی مینهەڵگر بوون و تەقاندماننەوە. دەیانەویست گەرووی هورمز بۆمبڕێژ بکەن، بەڵام لەنێومان بردن؛ ئێستا ئەوان (ئێران) هێزی دەریاییان نەماوە."
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا دەتوانێت سەرکەوتن لەم جەنگەدا رابگەیێنێت ئەگەر کوڕەکەی خامنەیی وەک رێبەری باڵا بمێنێتەوە، ترەمپ رەتیکردەوە راستەوخۆ قسە لەسەر ئەو پرسە بکات و گوتی: "نامەوێت لێدوان لەسەر ئەوە بدەم، بەڵام ئەوەتان پێدەڵێم، هەر ئێستا لەگەڵ سەرکردەی چەندین وڵاتی جیاواز قسەم کردووە، ئەوان گوتیان کە هەرگیز شتی لەو جۆرەیان نەدیوە."
 
ترەمپ جەختی لە هێزی سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە گەورەترین سوپای جیهانمان هەیە بە جیاوازییەکی زۆر، کەس لە ئێمەوە نزیک نییە. لە خولی یەکەممدا دروستم کرد و بەکارم هێنا، نەمدەزانی کە ئەوەندە زۆر بەکاری دەهێنم."
 
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ کرا سەبارەت بەو دروشمانەی (مەرگ بۆ ئەمریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل) کە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە لە نێو پەرلەمانی عێراق گوتراونەتەوە، پەیامی بۆ حکومەتی عێراق چییە؛ لە وەڵامدا سەرۆکی ئەمریکا تەنیا بە دەستەواژەیەکی کورت وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئەمە پرسیارێکی جوان نییە."



 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە