رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ: ساڵی 2026 خوێناویترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی کۆچ لە دەریای نێوەڕاست دەدات و دەڵێ، ساڵی 2026 یەکێک لە کوشندەترین ساڵەکان بووە لە 10 ساڵی رابردوودا.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، ئەم ساڵ لانیکەم 990 گیانلەدەستدان لە دەریای نێوەڕاست تۆمارکراون، ئەمەش بەرزترین ئامارە لە ساڵی 2014ـەوە.
 
رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست کە رێگەی نێوان لیبیا و توونس لەگەڵ ئەورووپا دەگرێتەوە، پشکی شێری لەو ئامارە بەرکەوتووە و نزیکەی 765 کۆچبەر تێیدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 460 کەس زیادی کردووە.
 
ئەم ئامارەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دوای زنجیرەیەک رووداوی نوقمبوونی بەلەم دێت. لە رووداوێکیاندا لە 5ـی نیسان، بەلەمێک کە نزیکەی 120 کەسی هەڵگرتبوو لەو رێگەیە نوقم بوو و تەنیا 32 کەسیان رزگارکران. لە 1ـی نیسانیشدا 19 کۆچبەر لە نزیک باشووری ئیتاڵیا و 19 کۆچبەری دیکەش لە دەریای ئیجە لە نزیک تورکیا گیانیان لەدەستدا.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێ، ئەو رووداوانە مەترسییە بەردەوامەکانی رێگە نایاساییەکانی کۆچ نیشان دەدەن، داواشی کرد پاراستنی ژیانی مرۆڤ لە پێشینەی کارەکان بێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دژی قاچاخچییان و بۆ دۆزینەوەی رێگەی کۆچی یاسایی یەکبخرێن.
 
سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی قوربانییان، ئامارەکان نیشانی دەدەن ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەتایبەت گەیشتنی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر کەمتر بووە. بۆ نموونە، ئەم ساڵ 6200 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە ژمارەکە 9400 کەس بوو.
 
دەریای نێوەڕاست وەک مەترسیدارترین ڕێگەی کۆچ لە جیهاندا دەناسرێت. لە ساڵی 2025دا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر تێیدا گیانیان لەدەستداوە و لە ساڵی 2014ـەوە زیاتر لە 33 هەزار کۆچبەر لەو ئاوەدا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە