ترەمپ دەڵێت گرنگ نییە دانوستاندنەکان چییان لێ دێت، "ئێمە براوەین"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە لە بەردەم کۆشکی سپی رایگەیاند کە وڵاتەکەی سەرکەوتنی سەربازیی بەسەر ئێران دا بەدەستهێناوە و گرنگیی ئەو دانوستاندنانەی کەمکردەوە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لە پاکستان بەڕێوەی دەبات.
 
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "با بزانین چی روودەدات، رەنگە رێککەوتن بکەن یان نەیکەن. گرنگ نییە، لە روانگەی ئەمریکاوە ئێمە براوەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە "دانوستاندنی زۆر قووڵ" لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەچێت. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە بۆ یەکەمجار، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ڤانس و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، بە شێوەی رووبەڕوو لە ئیسلامئاباد کۆبوونەوە بۆ رزگارکردنی ئەو ئاگربەستە فشۆڵەی چەند رۆژێک پێشتر راگەیێندرا. کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەکە راستەوخۆ بووە، دوای ئەوەی هەردوو شاندەکە بە جیا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆبوونەوە.
 
کێشە لە تەنگەی هورمز
 
لە کاتێکدا دانوستاندنەکان لە هەفتەی حەوتەمی جەنگەکەدا بەڕێوەدەچن، دۆخی تەنگەی هورمز هێشتا ئاڵۆزە و بە شێوەیەکی کردەیی بە داخراوی ماوەتەوە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی شەممە رایگەیاند، دوو کەشتیی تێکشکێنەری هێزی دەریایی ئەمریکا بە تەنگەکەدا تێپەڕیون بۆ ئامادەکاری و پاککردنەوەی ناوچەکە لەو مینە دەریاییانەی سوپای پاسداران دایناون.
 
بەڵام گوتەبێژی فەرماندەیی هاوبەشی سوپای ئێران تێپەڕبوونی ئەو دوو کەشتییەی ئەمریکای رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە "بڕیاردان لەسەر تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک لە دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە."
 
پێشتریش لە هەمان رۆژدا، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە هێزەکانیان کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکایان ناچار بە گەڕانەوە کردووە کە دەیویست بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە