بەڕێوەبەری پێشووی لافارژ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی داعش سزادرا

دوێنێ کاژێر 11:10
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگایەکی فەرەنسا سزای شەش ساڵ زیندانیی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای لافارژ دەرکرد؛ ئەوەش دوای ئەوەی تۆمەتی دابینکردنی دارایی بۆ گرووپە "تیرۆریستییەکان" لە سووریا لەنێوان ساڵانی 2013 و 2014 بەسەریدا ساخبووەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 13-04-2026، دادوەرێک لە پاریس بڕیاری دا برونۆ لافۆنت، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای چیمەنتۆی "لافارژ" بە شەش ساڵ زیندانی سزا بدرێت و سزاکەشی دەستبەجێ جێبەجێبکرێت. هاوکات، کریستیان هێرۆ، جێگری پێشووی بەڕێوەبەری گشتی، سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
 
دادگای پاریس گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لافارژ لە رێگەی لقەکەیەوە لە سووریا، بڕی 5.6 ملیۆن یۆرۆی لە ساڵانی 2013 و 2014 بە گرووپە جیهادییەکان و لەنێویشیاندا داعش و بەرەی نوسرە داوە، تەنیا بۆ ئەوەی کارگەی کۆمپانیاکە لە ناوچەی جەلەبیە بە کراوەیی بمێنێتەوە.
 
ئیزابێل پرێڤۆست-دێسپری، سەرۆکی دادوەرانی دانیشتنەکە رایگەیاند: "کۆمپانیاکە هاوبەشییەکی بازرگانیی راستەقینەی لەگەڵ داعش دروست کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هاوکارییە داراییانە یارمەتیدەری داعش بوون بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی سەرچاوە سروشتییەکانی سووریا بکات و کارە "تیرۆریستییەکانی" لە ناوچەکە و ئەورووپاش بکات.
 
داواکارانی گشتی لە دادگەکەدا ئاماژەیان بەوە کرد، لافۆنتی تەمەن 69 ساڵ، رێنمایی روونی دابوو بۆ هێشتنەوەی کارگەکە بە هەر نرخێک بێت. ئەم بڕیارەی لافارژ بە "بێویژدانی" وەسفکرا، چونکە لە کاتێکدا هەموو کۆمپانیا بیانییەکان لە 2012 سووریایان جێهێشت، لافارژ تەنیا فەرمانبەرە بیانییەکانی کشاندەوە و ستافە سوورییەکەی تاوەکو ئەیلولی 2014 لەژێر مەترسیدا هێشتەوە.
 
کۆمپانیای لافارژ خۆیشی (کە ئێستا بەشێکە لە گرووپی هۆڵسیمی سویسری) بە بڕی یەک ملیۆن و 125 هەزار یۆرۆ سزادرا. ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆمپانیاکە لە ساڵی 2022 لە دادگایەکی ئەمریکا دانی بەوەدا نابوو کە هاوکاریی مادیی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی کردووە و بڕی 778 ملیۆن دۆلاری وەک سزا دابوو.
 
لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا، شەش فەرمانبەری دیکەی پێشووی کۆمپانیاکە و دوو نێوەندگیری سووری سزای زیندانییان لەنێوان 18 مانگ بۆ حەوت ساڵ بەسەردا سەپێنرا. یەکێک لەوانە فیراس تلاس بوو، کە بەبێ ئامادەبوونی لە دادگە سزای حەوت ساڵ زیندانیی بۆ دەرچوو.
 
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدان کە هێشتا دۆسیەیەکی دیکەی لافارژ بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە تاوان دژی مرۆڤایەتی" لە دادگاکانی فەرەنسا بە کراوەیی ماوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوچەی سووری پاکستان، ئەو شوێنەی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی تێدا بەڕێوەچوو. وێنە: AFP

ئەگەری بەڕێوەچوونی گەڕی نوێی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێ، هەرچەندە ئێران خوازیاری راگرتنی شەڕە، بەڵام ئاگربەست وەک دەرفەتێک بۆ "پاکتاوکردنی حساباتی خۆی" لە ناوچەکە و گوشارخستنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنێت و نموونەش بەوە دەهێنێتەوە کە لە حەوتەم رۆژی ئاگربەست دا چەند درۆنێک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران. شارەزایەکی کاروباری ئێرانیش دەڵێت، تاران و واشنتن بەرەو رێککەوتنێک هەنگاو دەنێن و هەردوولا نەرمییان نواندووە.