راپۆرتێک: ئەمریکا ژیریی دەستکردی لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادورۆدا بەکارهێناوە

2 خولەک له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى جەنگی ئەمریکا لە رێگەی بەکارهێنانی مۆدێلێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد توانیویەتی نەخشەی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا دابڕێژێت.
 
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە پێنتاگۆن گوشارەکانی بۆ سەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان چڕکردووەتەوە تاوەکو رێگرییە یاسایی و ئەخلاقییەکان لەسەر بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بواری سەربازیدا لاببەن.
 
بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی کە رۆژی شەممە، 14ـی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، پێنتاگۆن مۆدێلی "کڵۆد" (Claude) کە بەرهەمی کۆمپانیای ئەنسرۆپیکە (Anthropic)، لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکەی مادورۆدا بەکارهێناوە. 
 
بەکارهێنانەکە بۆ داڕشتنی نەخشەی تاکتیکی و شیکردنەوەی داتاکانی مانگە دەستکردەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ، کە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە دیاریکردنی کاتی دەستگیرکردنەکە لەنێو جەرگەی کاراکاسدا. جێگیرکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە لە رێگەی هاوبەشیی کۆمپانیاکە لەگەڵ دامەزراوەی داتای "پالانتیر" بووە، کە سیستمەکانی بە فراوانی لەلایەن وەزارەتی جەنگ و دەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێن.
 
ئۆپەراسیۆنەکە کە لە 3ـی کانوونی دووەمی 2026 ئەنجامدرا، تەنیا 150 خولەکی خایاند. 
 
ژیریی دەستکرد یارمەتی فەرماندەکانی داوە تاوەکو ملیۆنان پارچە زانیاری و وێنەی مانگە دەستکردەکان لە چرکەیەکدا پۆلێن بکەن تاوەکو کاتی گونجاو بۆ دەرهێنانی مادورۆ و هاوژینەکەی بدۆزنەوە. 
 
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاى ئەنسرۆپیک لە رێسا فەرمییەکانیدا بەکارهێنانی "کڵۆد" بۆ مەبەستی توندوتیژی، دیزاینکردنی چەک یان ئەنجامدانی کاری سیخوڕی قەدەخە کردووە. 
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای ئەنسرۆپیک رۆژى یەکشەممە 15ى شوبات، لەمبارەیەوە رایگەیاند، "ئێمە ناتوانین لێدوان لەسەر هیچ ئۆپەراسیۆنێکی دیاریکراو بدەین، بەڵام هەموو بەکارهێنانێکی کڵۆد دەبێت پابەند بێت بە رێساکانی ئێمە کە رێگری لە بەکارهێنانی بۆ توندوتیژی و پەرەپێدانی چەک دەکەن."
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا خەریکی پێداچوونەوەیە بە گرێبەستە 200 ملیۆن دۆلارییەکەی لەگەڵ ئەنسرۆپیک، چونکە کۆمپانیاکە ئامادە نییە رێسا ئەخلاقییەکانی لابدات و رێگە بدات سوپا بۆ هەموو کارێکی سەربازی بەکاریبهێنێت.
 
پێنتاگۆن گوشارى خستووەتە سەر چوار کۆمپانیای گەورەی ژیریی دەستکردى ئۆپن ئەى ئای، گوگڵ، ئێکس ئەى ئای و ئەنسرۆپیک تاوەکو رێگە بدەن تەکنەلۆژیاکانیان بۆ "هەموو مەبەستە یاساییەکان" بەکاربهێنرێن، لەوانەش پەرەپێدانی چەک و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
 
جیا لە شیکردنەوەی داتا، سوپای ئەمریکا لە کاتی دەستگیرکردنی مادورۆدا سیستمێکی نهێنیی جەنگی ئەلیکترۆنی بە ناوی "سەرلێشێواندنەکان"ی بەکارهێناوە. 
 
ئەم سیستمە کە بە ئەلگۆریتمە ژیرەکان کار دەکات، توانیویەتی لە چرکەیەکدا هەموو شەپۆلەکانی بەرگریی ئاسمانیی ڤەنزوێلا بدۆزێتەوە و پەکبخات. 
 
ئەمە رێگەی بە فڕۆکە ئەمریکییەکان دا بچنە ناو جەرگەی کاراکاس بەبێ ئەوەی لەلایەن مووشەکە زەمینییەکانەوە بکرێنە ئامانج و مادورۆ و سیلیای هاوژینی دەستگیر بکەن و بەرەو نیویۆرک بیانبەن.
 
نیکۆلاس مادورۆ لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا لە کاراکاس دەستگیرکرا و بەخێرایی بۆ شاری نیویۆرک گواسترایەوە.
 
سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا ئێستا رووبەڕووی تۆمەتی قورسی "قاچاخچێتیی دەرمان و مادە هۆشبەرەکان" بووەتەوە و لە زیندانێکی ئەمریکادا چاوەڕێی دادگاییکردن دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. وێنە: AFP

مارکۆ روبیۆ: ترەمپ دوو جار تەلەفۆنی بۆ شەرع کرد و پێی گوت 'شەڕ رابگرە'

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وردەکاری لەبارەی هەوڵی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ بۆ چارەسەرکردنی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دووجار پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە کردووە بۆ راگرتنی شەڕ و رێگری لە هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش.