رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، پاریس تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی رێگە نەدات گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاد بن. وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش داوا لە ئیسرائیل دەکات کاردانەوەی بەرامبەر هێرشەکەی ئێران نەبێت.
رۆژی دووشەممە 15-4-2024 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، پاریس هەر کارێک دەکات کە پێویست بێت بۆ ئەوەی رێگە نەدات گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران زیاد بن.
ماکرۆن گوتی، "هەموومان نیگەرانیی ئەوەمان هەیە گرژییەکان زیادبن."
رۆژی شەممە 13-4-2024 ئێران لە رێگەی سەتان درۆن و مووشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر هێرشەکەی رۆژی 1ـی ئەم مانگەی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، کە بووە هۆی کوژرانی دوو فەرماندەی سوپای پاسداران و ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی.
ماکرۆن هانی ئیسرائیلی دا کار بکات بۆ گۆشەگیرکردنی زیاتری ئێران، نەوەک ئەوەی کاردانەوەی هەبێت و دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.
هاوکات دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هانی ئیسرائیلی دا کاردانەوەی بەرامبەر هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران نەبێت.
دەیڤید کامیرۆن بە میدیای وڵاتەکەی گوت، بەرپرسانی ئیسرائیل راست دەکەن بەو جۆرە بیردەکەنەوە کە دەبێت وەڵام بدەنەوە، چونکە هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵام وەک دۆست، هانیان دەدەن ئەو کارە نەکەن.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی، ئەوەی روویدا "لە چەندین بوارەوە شکست بوو بۆ ئێران. هێرشەکە بە تەواوی شکستی هێنا و پاشانیش بۆ جیهانیان دەرخست کە ئەوان کاریگەریی خراپیان لە ناوچەکە هەیە. هەربۆیە هیوای ئێمە ئەوەیە ئیسرائیل کاردانەوەی نەبێت."
دەیڤید کامیرۆن رایگەیاند، لەندەن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کاردەکات بۆ ئەوەی سزای زیاتر بەسەر تاراندا بسەپێندرێت.
ئەم داوایەی کامیرۆن لە کاتێکدایە، کابینەی جەنگیی ئیسرائیل شەوی رابردوو کۆبووەوە و پرسی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران بابەتی سەرەکی بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ