رووداو دیجیتاڵ
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، دادگاییە مێژووییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە بەیانیی رۆژی دووشەممە لە نیویۆرک دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت بەلایەنی کەمەوە شەش هەفتە بخایێنێت.
ئەمە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ئەمریکا کە سەرۆکێکی ئەو وڵاتە، پێشوو یان لەسەر کار، لەسەر کەیسێکی تاوانکارانە دادگایی بکرێت.
دوو دانیشتنی سەرەتای دادگاییکردنەکە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سوێندخۆران دەبێت کە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە لەو دۆسێیەدا.
چیرۆکەکە چییە؟
دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبار کراوە بە پێدانی 130 هەزار دۆلار بە ستۆرمی دانیاڵز کە ئەکتەرێکی پێشووی فیلمە سێکسییەکان بوو تاوەکو بێدەنگ بێت لەوەی لە ساڵی 2006 سێکسی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
ترەمپ رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، وانییە. ئەوەش وەکو دۆسیەیەکی سیاسی دژی خۆی دەبینێت کە لە ساڵی 2016ـەوە لەوکاتەوەی لە خۆی بەربژێرکرد بۆ سەرۆکی ئەمریکا و هەڵبژاردنەکەی بردەوە، بەدوایەوەیەتی.
ترەمپ وەکو دانیاڵز بانگەشەی بۆ دەکات، لە رێگەی میشێل کۆهینی پارێزەرییەوە پارەکەی پێداوە. ئێستا ترەمپ بەوەش تۆمەتبار دەکرێت کە بەڵگەکانی شێواندووە و گوتوویەتی ئەو پارەیە بۆ کاروباری یاسایی بووە.
پێش ئەوەی ئەمڕۆ دادگاییەکە دەستپێبکات، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە قسەی کردەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا نووسی، ئەوە دەستی دیموکراتەکانی لەپشتە و کارەکە سیاسییە.
ستۆرمی دانیاڵز کە ناوی تەواوی ستێفانی کلیفۆردە دەڵێت، یەکەم جار ترەمپی لە خولێکی گۆڵفدا بینیوە کە بەمەبەستی خۆبەخشی رێکخرابوو. دواتر لە هۆتێلێک لە هاوینەهەواری تاهۆی لە نیڤادا سێکسیان کردووە. ئەو کاتەش هاوژینەکەی ترەمپ لە خولەکە نەبووە، چونکە منداڵی بووە.
ئەو دۆسیەی تاوانکارییە یەکێکە لەو چەندین دۆسیەیەی کە رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ کراوەتەوە لەکاتێکدا وەکو تاکە بەربژێری کۆمارییەکان چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ سەر کورسیی دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤێمبەری ئەم ساڵدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ