رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دارایی 11 وڵاتی جیهان هۆشداری دەدەن کە هەر جۆرە دەستپێکردنەوەیەکی جەنگی ئێران یان بەردەوامبونی پەککەوتنی تەنگەی هورمز، مەترسییەکی جدی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهان و دابینکردنی کاڵا دروست دەکات. ئەوان داوا دەکەن ئاگربەستەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت تاوەکو گوشارەکانی سەر ئابووریی جیهان کەمببنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، وەزیرانی دارایی وڵاتانی بەریتانیا، ئوستورالیا، ژاپۆن، سوید، هۆڵەندا، فینلاند، ئیسپانیا، نەرویج، کۆماری ئێرلەندا، پۆڵەندا و نیوزلەندا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوکردەوە.
لەو راگەیێندراوەدا وەزیرەکان، پێشوازییان لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کرد و جەختیان کردەوە کە هەفتەکانی رابردووی جەنگ بووەتە هۆی "زیانی گیانیی قبوڵنەکراو" و پەککەوتنی گەورە لە ئابووریی جیهان و بازاڕە داراییەکاندا.
وەزیرانی دارایی ئەو 11 وڵاتە داوای چارەسەرێکی دانوستاندنکارانەی خێرا و هەمیشەییان بۆ جەنگەکان کرد، لەگەڵ گەڕانەوەی هاتووچۆی ئازاد و سەلامەتی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا.
ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاستی بژێویی خەڵک و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکانی وزە، بەتایبەتی بۆ چینە هەژار و کەمدەرامەتەکان کە زۆرترین گوشاریان لەسەرە.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. لە دووەم رۆژی جەنگەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست. ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 110 دۆلار بەرزکردەوە. ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی نرخی پەین کە بۆ کشتوکاڵ زۆر گرنگە.
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە تەنانەت ئەگەر جەنگەکەش بە شێوەیەکی بەردەوام چارەسەر بکرێت، لێکەوتەکانی لەسەر گەشەی ئابووری و هەڵاوسانی نرخەکان بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێننەوە.
وەزیرەکان بەڵێنیاندا کە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ رووبەرووی قەیرانەکە ببنەوە و رێگری لە هەمو جۆرە هەنگاوێکی پارێزگاریی بازرگانی بکەن، وەک کۆنتڕۆڵکردنی نایاسایی هەناردەی سووتەمەنی و ماددە خاوەکان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزیرانی دارایی 11 وڵاتەکە جەختیان کردەوە کە پابەندن بە ئەنجامدانی ریفۆرم بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و خێراکردنی پرۆسەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە لە رێگەی وزەی پاکەوە، تاوەکو لە داهاتوودا کەمتر بکەونە ژێر کاریگەریی ئەو قەیرانە ئابورییانەی کە بەهۆی ململانێ چەکدارییەکانەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ