رووداو - میونشن
مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا شەڕی داعش و بارودۆخی سووریا تاوتوێکرا.بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی و جەیمس جێفری گفتوگۆیەکی تێروتەسەلییان دەربارەی بارودۆخی سووریا و پێشهاتەکانی عێراق هەبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا مەسروور بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە هەندێک پارێزگای عێراق نیگەرانییە و ئاماژەی بەوەشکرد کە سروشتی هێرشەکانی داعش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە کردەوە کە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، جەیمس جێفری رێز و پێزانینی خۆی بۆ قوربانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعشدا دەربڕیووە. مەسروور بارزانی و جەیمس جێفری هاوڕابوون کە سەرەڕای شکستی مەیدانیی داعش، ئایدیۆلۆژییەکەی وەک هەڕەشە ماوەتەوە.
راگەیێندراوەکەی نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەسروور بارزانی و جەیمس جێفری پێشهاتەکانی سووریاشیان تاوتوێکردن و مەسروور بارزانی نیگەرانی خۆی دەربارەی داهاتووی گەلی کورد لە سووریا پیشاندا و داوای لە جەیمس جێفریش کرد یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی، ئەوەش بە پشتبەستن بە دیالۆگ لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکان و گفتوگۆی گشتگیر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ