سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: زیاتر لە 10 وڵات ئامادەن بەشداری لە ئەرکی پاراستنی تەنگەی هورمزدا بکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا پێشوازی لە راگەیێندراوەکەی ئێران تایبەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکەن و دەڵێن، پاریس و لەندەن سەرکردایەتیی ئەرکێکی فرەنەتەوەیی ئاشتییانە دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ئازادیی دەریاوانی لەو رێڕەوە ستراتیجییەدا هەر کاتێک "دۆخ رێگەی دا".
 
رۆژی هەینی، 17ی نیسانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ چەندین سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی دیکە کرد، کە زۆربەیان لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشدار بوون، بۆ تاتوێکردنی دۆخی تەنگەی هورمز.
 
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە هۆڵی کۆبوونەوەکە لەگەڵ ستامەر و ماکرۆن ئامادە بوون. 
 
سەرکردە ئەورووپییەکان رایانگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا تیمێکی سەربازی بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز پێکدێنن و ئەرکی تیمەکە، تەنیا بەرگریکردن دەبێت، نەک هێرشکردن. 
 
لە کاتی کۆبوونەوەکەیاندا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، تاوەکو ئاگربەستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام بێت، تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا کراوە دەبێت.
 
لە کاردانەوەی ئەمەشدا، ماکرۆن گوتی: "پێشوازی لەو راگەیێندراوە دەکەین، بەڵام داواکارین لە سەرجەم لایەنەکان کە تەنگەی هورمز بە تەواوی و بێ مەرج بکرێتەوە." 
 
ستامەریش پێشوازی لە بڕیارەکەی ئێران کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستە دڵنیابین لەوەی ئەمە پێشنیازێکی بەردەوام و گونجاو دەبێت."
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پاریس و لەندەن، ستامەر دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی و فەرەنسا سەرکردایەتیی ئەرکێکی فرەنەتەوەیی دەکەن بۆ دڵنیابوون لە ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز و هەر کاتێک "دۆخ لەبار بوو" دەستپێدەکات.
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "ئەمە ئەرکێکی تەواو ئاشتییانە و بەرگرییانە دەبێت بۆ دڵنیاییدان بە کەشتیوانیی بازرگانی و پاڵپشتیکردن لە پاککردنەوەی مینەکان لە رێڕەوەکەدا،" ئاماژەی بەوەشکرد کە "زیاتر لە 10 وڵات تاوەکو ئێستا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن بە هێز و کەرەستەکانیان لەم ئەرکەدا."


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە