رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق کردەوە و رایگەیاند کە پێویستە عێراق لە ململانێ و جەنگ دوور بخرێتەوە.
ماکرۆن لە دەستپێکی قسەکانی دا باسی لە کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "دەمەوێت رێز و پێزانینی خۆم بۆ سەربازەکەمان، مەیجەر فریۆن دەرببڕم، کە لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق کوژرا."
سەبارەت بە ئامادەیی هێزەکانی وڵاتەکەشی لە ناوچەکە، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا لە ساڵی 2015ـەوە لە عێراق ئامادەیی هەیە بە مەبەستی شەڕکردن دژی گرووپە تیرۆریستییەکان و داعش، هەروەها بۆ پاڵپشتیکردنی سەروەریی عێراق. گوتیشی: "ئێمە زۆر شانازی بەم پابەندبوونەوە دەکەین، چ لە بەغدا بێت یان لە هەولێر."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ماکرۆن رایگەیاند: "چەندین جار دەرفەتم بۆ رەخساوە کە قسە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانی بکەم. ئێمە لەگەڵ عێراق و سەروەرییەکەی و یەکپارچەیی خاکەکەیدا وەستاوین."
ماکرۆن هۆشدارییەکی تووندی دایە ئەو گرووپ و میلیشیایانەی کە هێزەکانی فەرەنسا دەکەنە ئامانج و گوتی: "ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، روونیی تەواوە لە شەڕی دژی هەر میلیشیایەک کە فەرەنسییەکان و سەربازە فەرەنسییەکان بکەنە ئامانج؛ چونکە ئەو کەسانە بەشێوەیەکی کردەیی (دیفاکتۆ) بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەنە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق تێکدەدەن."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، ئیمانوێل ماکرۆن جەختی کردەوە کە دەبێت عێراق سەروەریی خۆی بپارێزێت و لەم جەنگە دوور بێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەموو ئەو گرووپانەی دەستوەردان لەم جەنگەدا دەکەن، بەرپرسیارێتییەکی گەورە هەڵدەگرن."
پرسیاری ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو:
بەڕێز سەرۆک، چۆن پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەوڵدەدەن لەم جەنگە دووری بخەنەوە؟ بەڕێزت بە تەلەفۆن قسەت لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کردووە. ئایا پێت وایە ئێستا قەیرانێکی راستەقینەی وزەمان هەیە لە ئەورووپا؟
وەڵامی ئیمانوێل ماکرۆن:
"بڕوانە، پێش هەموو شتێک، لە باسکردنی عێراق لەم بارودۆخەدا، دەمەوێت رێز لە ئەفسەری پلە باڵا ئارنۆ فریۆن بگرم کە لە لایەن میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق کوژرا. فەرەنسا لە عێراق ئامادەیی هەیە و لە ساڵی 2015ەوە لەوێ بووە بۆ شەڕی گرووپە تیرۆریستییەکان و داعش و بۆ پشتگیریکردنی سەروەریی عێراق. ئێمە زۆر شانازی بەم پابەندبوونەمانەوە دەکەین لە بەغداد و هەولێر. دەرفەتم بۆ رەخسا کە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانی قسە بکەم. ئێمە لەگەڵ عێراقین، لەگەڵ سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەیداین. ئەوەی داوای دەکەین، شەفافیەتی تەواوە لە شەڕی دژی هەر میلیشیایەک کە خەڵکی فەرەنسا و سەربازانی فەرەنسا دەکاتە ئامانج، چونکە ئەم کەسانە لە واقیعدا بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەنە ئامانج و زیان بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق دەگەیەنن. ئێستا، من بە راستی بڕوام وایە کە دەبێت عێراق لەم جەنگە بەدوور بێت و سەروەریی خۆی بپارێزێت، هەموو ئەو گرووپانەشی کە بەشداری لەم جەنگەدا دەکەن، بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرن."
بەپەلە؛ ماکرۆن لەبارەی جەنگی ئێران بۆ رووداو: هەموو ئەو گرووپانەی بەشداری دەکەن، بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرن pic.twitter.com/lijBtXDXBW
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 19, 2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ