رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا پەردەی لەسەر هێرشەکانی سەر کەرتی وزەی ئێران و قەتەر لادا. ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر جارێکی دیکە هێرش بکرێتە سەر قەتەر، ئەمریکا گەورەترین کێڵگەی گازی ئێران بە تەواوەتی وێران دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 19-03-2026 سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل "لەبەر تووڕەیی بەرامبەر بەوەی لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا روویداوە، بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی سەرەکی کە بە کێڵگەی گازی پارسی باشوور لە ئێران دەناسرێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا بەشێکی بچووک لەو کێڵگەیە پێکراوە و جەختی کردەوە "ئەمریکا هیچ شتێکی لەبارەی ئەم هێرشە تایبەتە نەدەزانی."
ترەمپ بەرگریی لە پێگەی دەوحە کرد و رایگەیاند، "وڵاتی قەتەر بە هیچ شێوە و شێوازێک تێوەنەگلابوو، هیچ زانیارییەکیشی نەبوو کە کارێکی وا روودەدات."
سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی، "بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە" هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە دامەزراوەی گازی LNGـی قەتەر، چونکە ئاگاداری راستییەکانی هێرشەکەی سەر پارسی باشوور نەبووە.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، چیدیکە هیچ هێرشێک لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر کێڵگەی پارسی باشوور ناکرێ، مەگەر ئەوەی ئێران "لە نەزانییەوە" دووبارە هێرش بکاتە سەر لایەنێکی بێتاوانی وەک قەتەر.
ترەمپ هەڕەشەی کرد و گوتی: "لەو کاتەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە هاوکاریی یان بەبێ هاوکاری یان رەزامەندیی ئیسرائیل، تەواوی کێڵگەی گازی پارسی باشوور بە رادەیەکی وا لە هێز و توانا دەتەقێنێتەوە کە ئێران پێشتر هەرگیز نەیبینیبێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، حەز ناکات مۆڵەت بەم ئاستە لە وێرانکاری بدات و گوتی: "من نامەوێت مۆڵەت بەم ئاستە لە تووندوتیژی و وێرانکارییە بدەم بەهۆی ئەو کاریگەرییە درێژخایەنانەی کە لە سەر داهاتووی ئێران دەبێت." بەڵام دووپاتی کردەوە، ئەگەر گازی شلی قەتەر دووبارە هێرشی بکرێتە سەر، "دوودڵ نابم لە کردنی [هێرش]."
رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی قورسی کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی پارسی باشوور و عەسلەویە. پارسی باشوور یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی ئێران کە لە سنوری ئاوە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و قەتەر هەڵکەوتووە.
بە گوتەی ئەسکەندەر پاسالار، قایمقامی عەسلەویە، بەهۆی هێرشی سەر پارسی باشوور، چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنان لەکار کەوتن.
شاری عەسلەویە سەر بە پاێزگای بوشێهرە لە کەناراوەکانی کەنداو و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزەی ئێران بەناوی (پارسی باشوور) لەوێ هەڵکەوتووە کە ئەرکی دەرهێنان و هەناردەی نەوت و گازە لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران و ناوچە سنوورە هاوبەشی نێوان ئێران و قەتەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ