رووداو- هەولێر
چینییەكان دەیانەوێ شەمەندەفەرێكی زۆر خێرا دروستبكەن، تاوەكو وڵاتەکەیان ببەستێتەوە بە كەنەدا و ئەمریكای باكوور.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "پەكین تایمز"، بڕیاروایە هێڵێکی شەمەندەفەر دروستبکرێت، کە لە باكووری رۆژهەڵاتی چینەوە دەستپێبكات و پاش دەرچوونی لە تونێلێك، كە لە ژێر زەریای ئارامەوە دەبێت، بگاتە "ئالاسكا و كەنەدا" و دواتریش بگاتە ئەمریكا.
رۆژنامەکە لەزاری پسپۆڕێكی هێڵی شەمەندەفەر، دەنووسێت، بۆ ئەوەی ئەم شەمەندەفەرە چین و کیشوەری ئەمریكا پێكەوە ببەستێتەوە، پێویستە لە ناوچەی دەریایی "برینگ" تێبپەڕێت، كە کەوتووەتە نێوان رووسیا و ئالاسكا و بۆ ئەم رێگایە دەبێ 200 كیلۆمەتر تونێڵ لە ژێر زەریا دروستبكرێت.
وەنگ مێنگ شوو، پسپۆڕی بواری هێڵی شەمەندەفەر هەروەها رایگەیاندووە كە: هێشتا سەرقاڵی گفتوگۆین لەمبارەیەوە، چەندین ساڵە رووسیا بیر لەو رووداوە و لەو رێگا ئاسنینە دەكاتەوە.
بەپێی هەواڵێکی گاردیانی بەریتانیش، ئەم پرۆژەیە، كە بە ناوی " هێڵی ئاسنینی چین-رووسیا-كەنەدا-ئەمریكا" ناسراوە، 13 هەزار كیلۆمەتر درێژییەتی، كە 3 هەزار كیلۆمەتر درێژترە لە هێڵی شەمەندەفەری سیبیریا.
بریاروایە ئەم شەمەندەفەرە بە خێرایی 350 كیلۆمەتر لە كاژێرێك ببرێت و دوو رۆژ دەخایەنێت، تاوەكو لە باكووری رۆژهەڵاتی چینەوە بچێتە ئەمەریكا.
تاوەكو ئێستا تونێلی "مانیش"، كە فەرەنسا دەبەستێتەوە بە بەریتانیا (شاری كێنت)، بە درێژایی 50 كیلۆمەتر، بووەتە درێژترین تونێلی ژێرئاویی جیهان.
بەپێی گوتەی پسپۆڕەكەی هێڵی شەمەندەفەر چین تەكنۆلۆژیای دروستكردنی تونێڵی ژێرئاویی هەیە و بریاروایە لە دوای دروستكردنی ئەم تونێلە، تونێلێکی دەریایی دیکەش دروستبکرێ، کە باشووری رۆژهەڵاتی چین بە تایوان ببەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ