كورد نەگەیشتنە پەرلەمانی فینلاند

21-04-2015
شاد محەممەد
نیشانەکردن کورد فینلاند
A+ A-

رووداو- هێلسنكی

بەشداریكردنی كورد لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی فینلاند بە 7 بەربژێر، بە سەرەتایەكی نوێی ژیانی سیاسی بۆ كوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دادەنرێ، ئەگەرچی هیچیان نەیانتوانی بگەنە نێو پەرلەمانی فینلاند.


ژمارەی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان كە لە فینلاند نیشتەجێن نزیكەی  11 هەزار كەسن و كوردی باشوور لەنێو ئەوانەدا روو لە زیادبوونە. تا ئێستا رێژەی كورد لەو وڵاتە 1%ی ژمارەی بیانیانی وڵاتەكەی تێنەپەڕاندووە، بەڵام لەدوای رووسەكان و سۆماڵییەكان، بە یەكێك لە نەتەوە ناسراوەكانی ئەوێ دادەنرێن.

زۆرینەی كوردی ئەو وڵاتە بەكاری پیتزاوە خەریكن و لە هەردوو شاری هێلسنكی و لاهتی زۆرترین پیتزەری و خواردنگە بچووكەكان هی كوردن.

كوردی فینلاند بەسەر چوار لە شارە سەرەكییەكاندا دابەش بوون كە زۆرینەیان لە هێلسنكی پایتەخت و پاشان توركۆ و دوای ئەویش لاهتی نیشتەجێن و بەڕێژەیەكی كەمتریش لە شاری ئیسپۆ دەژین.

لەكۆی ئەو 11 هەزار كوردە، نزیكەی 6000 كورد خاوەن رەگەزنامەن و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 1500 كەسی خوار 18 ساڵن، بۆیە نزیكەی 4500 كەس لە كوردانی فینلاند مافی دەنگدانیان هەبوو، ئەوەش بەپێی لێدوانی بەربژێرێكی كورد "دەنگی پێویست بۆ سەركەوتنی كوردێك تەواو ناكات".

وڵات نەهری كە بەربژێرێكی ناسراوی شاری هێلسنكی بوو، لەگەڵ ئەوەی كە گوتی "تەنیا بە تەمای دەنگی كورد نیم"، بەڵام دەشیزانی كە دەنگی كورد هێزی سەرەكیی بەربژێرە كوردەكانن و ئەو بڵاوبوونەوەیەی كوردیش بەسەر شارە جیاوازەكان و سیستمی بازنەیی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، هیوای بەربژێرە كوردەكانی نەهێشت.

پشووەكەیان بە دەنگدان نەگۆڕییەوە

رۆژی یەكشەممە 19/4/2015 رۆژی سەرەكی هەڵبژاردن بوو كە لە فینلاند بە رۆژی كۆتایی دەنگدان ناسراوە، بەڵام ئەو رۆژە و دوو لە رۆژانی دەنگدانی پێشوەختەش كەوتنە ناو رۆژە پشووەكان.

 عومەر محەممەد كە چالاكڤانێكی كوردە، گوتی "بۆ كورد پشووەكە گرنگترە لە دەنگدان، هەرچەندە ئەمە كێشەی تەنیا كورد نییە و كێشەی هەموو بیانییەكانە".

چەند گەنجێكی باشووری كوردستانیش كە لە سەنتەری شاری هێلسنكی كاتیان بەسەر دەبرد، بە نێردراوی (تۆڕی میدیایی رووداو)یان گوت كە دەنگدانیان بەلاوە گرنگ نییە. یەكێك لەوان گوتی "بە خەوی بەیانیانی یەكشەممەی ناگۆڕمەوە".  

  پۆستەری كچێكی كورد دەدڕێنن

لە دوایین رۆژەكانی بانگەشەدا دڕاندنی پۆستەر و لێكردنەوەی پۆستەرەكان دەستیپێكرد و لە شاری ئیسپۆ گەورەترین زیان بەر بەربژێرە تاقانە كچە كوردەكەی پارتی گەلی سویدی كەوت.

مێدیاكان زۆر بایەخیان بە دڕاندنی پۆستەرەكانی میدیا حاتەم دا و ئەویش بە (رووداو)ی گوت: "هۆكارەكە من و پارتەكەمین كە هەمیشە دژ بە كەلتووری رەگەزپەرستین".

 مەبەستی ئەو ئەوە بوو كە خۆی بیانییە و لایەنگرانی پارتی فینلاندییە رەسەنەكان و دژە بیانییەكان رقیان لێیە، هاوكات دژایەتیكردنی پارتەكەشی كە پارتی گەلی سوێدییە روو لە زیادبوونە.

پارتەكەی ئەو لەلایەن كارڵ هاگلوند سەرۆكایەتی دەكرێت كە لە حكومەتی كاربەڕێكەری ئێستادا پۆستی وەزیری بەرگری هەیە. لە سەردەمی ئەم وەزیرەدا 50 راوێژكار و راهێنەری سەربازیی فینلاندی بۆ كوردستان نێردران. هاگلوند دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردن بە (رووداو)ی گوت كە هاریكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ كوردستان بەردەوام دەبێت.  

لێدوانەكەی وەزیری بەرگری، هاووڵاتیانی كوردی زیاتر لەو پارتە نزیك كردەوە. هەڤاڵ نەوزاد دانیشتووی شاری ئیسپۆ گوتی: "دوایین سات و دوای بینینی قسەكانی هاگلوند بڕیارمان دا دەنگ بە پارتی گەلی فینلاندی بدەین".

ئەم حیزبە لەلایەن فینلاندییە دژە بیانی و رەگەزپەرستەكانەوە كە ئێستا روو لە زیادبوونن، دژایەتی دەكرێ.

 چەند میدیایەكی ئەو وڵاتە گوتەكانی هاگلوندیان بۆ (رووداو) بە شێوەیەكی دیكە بڵاوكردەوە كە گوایە گوتوویەتی چەك بۆ كوردستان دەنێرین، لە كاتێكدا ئەو تەنیا باسی لە بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریكارییە سەربازییەكان كرد، نەك ناردنی چەك. ئەمەش لە ئاستی شەقام و لەلایەن ركابەرەكانی ئەو پارتەوە، بۆ دژایەتیكردنی بەكارهات.
 
كورد لە چەپ نزیك بوون  

بەشێكی زۆری كوردی فینلاند لە پارتە چەپەكان نزیكن، هەربۆیە زۆرینەی بەربژێرە كوردەكان لە پارتە چەپەكان بوون.

نزار كوێستانی لە شاری تۆركۆ و بنار مستەفا لە هێلسنكی لە پارتی یەكێتی چەپن و وڵات نەهری لە سۆسیال دیموكراتە و ئیمیل بلوتیش لە پارتی ژینگەیە.
هەموو لەسەر ئەوە كۆكن كە پارتە چەپەكان بایەخیان بۆ نەتەوە ژێردەستەكان و مافی مرۆڤ هەیە، ئەمەشە كوردی لەو پارتانە نزیك كردووەتەوە.

هەرچەندە كورد نەیتوانی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كورسییەكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆخۆی مسۆگەر بكات، بەڵام بەشداریكردنیان بە حەوت بەربژێری سەر بە چەند پارتێكی جیاواز، بە سەرەتایەكی باش دادەنرێ بۆ بەخۆكەوتن و چالاكبوون لەكایەی سیاسی ئەو وڵاتەی سكەندناڤیا و خۆناساندنیان وەك كەمینەیەكی چالاك و كاریگەر لەسەر بڕیاری سیاسیی فینلاند.










کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە