رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، دەبوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە (بەکاتی واشنتن) بەرەو پاکستان بەڕێبکەوێ، "بەڵام گەشتەکەی دواخرا."
رۆژی سێشەممە 21-04-2025 بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاند: "رۆیشتنی جەی دی ڤانس بۆ پاکستان دواخراوە. جەی دی ڤانس بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی دیکەی سیاسی لە واشنتن دەمێنێتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش گوتی، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنی لە دانوستاندنەکانی پاکستان نەدراوە.
بەرپرسێکی دیکەش بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتید پرێسی راگەیاند: "جەی دی ڤانس هێشتا لە واشنتنە [کاژێر 7:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر] و ئەمڕۆ بەشداری کۆبوونەوەیەکی کردووە."
ئەمە لە کاتێکدایە، ترەمپ لە دوێنێ دووشەممەوە چەند جارێک ئاماژەی بەوە دا شاندی ئەمریکا دەچنە پاکستان و بۆ دانوستاندن ئامادە دەبن. لەلایەکی دیکەوە تاوەکو ئێستا ئێران پشتڕاستی نەکردووەتەوە لە کۆبوونەوەکانی ئیسلامئاباد بەشدار دەبن یان نا.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو، ئەوان لەژێر سێبەری هەڕەشە ناچنە نێو دانوستاندنەکانەوە.
بڕیارە ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی ئێران و ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 22-04-2026 کاژێر 2:50 خولەکی بەرەبەیان [بەکاتی هەولێر] کۆتایی بێت. ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە ئاماژەی بەوەدا، نایەوێ ئاگربەست درێژبکاتەوە و گوتی: "پێشبینی دەکەم بۆردوومان دەستپێبکاتەوە."
گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئاباد رۆژی 11-04-2026 بەڕێوەچوو و نزیکەی 21 کاژێری خایاند. دوای کۆبوونەوەکان جەی دی ڤانس رایگەیاند: "ئێمە بەبێ هیچ رێککەوتنێک دەگەڕێینەوە ئەمریکا، ئەمە بۆ ئێران هەواڵێکی خراپترە وەک لەوەی بۆ ئێمە خراپ بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ