ئۆباما: چوار ساڵی دیکەی ئاژاوە و سەرلێشێواویمان ناوێت

21-08-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە شاری شیکاگۆ بە ئامادەبووانی کۆنگرەی پارتەکەی گوت، ئەمریکا بۆ کامالا هاریس و هاریسیش بۆ ئەرکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئامادەن.

رۆژی چوارشەممە، 21-08-2024، [شەوی سێشەممە بە کاتی شیکاگۆ]، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دوایین گوتاری رۆژی دووەمی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکانی لە شیکاگۆ پێشکێش کرد و پاڵپشتییەکی زۆری کامالا هاریسی کرد.
 
ئۆباما گوتی: "چوار ساڵی دیکەی ئاژاوە و سەرلێشێواویمان ناوێت. هەموومان پێشتر ئەم فیلمەمان بینیوە و دەزانین تاوەکو دێت خراپتر دەبێت. ئێستا ئەمریکا بۆ بەشێکی نوێ و باشتری چیرۆکەکە ئامادەیە. ئەمریکا بۆ کامالا هاریس ئامادەیە."
 
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری فەرمیی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی، رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەبێتەوە و هەوڵی ئەوە دەدات لە رۆژی 05-11-2024 کورسیی کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی دیکە، بۆ پارتە شینەکەی ئەمریکا مسۆگەر بکات.
 
ئۆباما لە وەسفی زیاتری هاریس گوتی: "بەڵی ئەو دەتوانێت ببێتە سەرۆک. کامالا هاریس کەسێکە، هەموو بەیانیان هەڵدەستێت، دەتانبینێت، دەتانبیستێت و شەڕتان بۆ دەکات."
 
پێش ئۆباما، میشێلی هاوژینی گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی: "هەست بە کەشێکی ئەفسووناوی دەکەم. هیوا بۆ ئەمریکا دەگەڕێتەوە."
 
بەربژێری دیموکراتەکان بایدن بوو، بەڵام بەهۆی رەخنە و گوشاری زۆری ئەندامانی پارتەکەی، کشایەوە و پشتگیری لە خانمە جێگرەکەی کرد. 
 
ئێستا دیموکراتەکان بە یەک دەنگ پشتگیری لە هاریس دەکەن و هەوڵی سەرخستنی دەدەن. لەوکاتەوەی هاریس بووەتە بەربژێر و چەند بانگەشەیەکی کردووە، راپرسییەکان بەلای ئەودا شکاونەتەوە.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنی ئەمریکا بکرێت، ترەمپ 46.7٪ـی دەنگەکان و هاریسیش 48.2 دەهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.