رووداو - ئەڵمانیا
کەریم سلێمان کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە و بووەتە ناوێکی دیار لە ئەڵمانیا. کەریم وەرزشوان و چالاکوان و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگایە و لەلایەن سەرۆکی ئەڵمانیاوە میدالیای پێدراوە.
کەریم سلێمان بە ماڵباتەوە لە رۆژئاوای کوردستان رایکرد و چووە ئەڵمانیا. کەچی لەوێ بە راکردن بووە کەسایەتییەکی ناسراو و کاریگەر و ئەڵمانەکان دەستیان بۆ خستە سەر سنگ. ئەو ئێستا خاوەنی میدالیای تایبەتی سەرۆککۆماری ئەڵمانیایە، یەکێکە لە سیمبولەکانی خۆگونجاندن لە ئەڵمانیا و یارمەتیی خەڵک دەدات بە وەرزش و پرۆژەی دیکە خۆیان لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بگونجێنن. تیمی دیاسپۆرا سەردانی مەیدانیی کەریم سلێمانیان کردووە.
کەریم سلێمان، رێکخەری خۆگونجاندن و وەرزشکار بەم شێوەیە خۆی ناساند: "ناوم عەبدولکەریم عەزیز سلێمانە، خەڵکی گوندی ترێژیکێ سەر بە تەلسپی رۆژئاوای کوردستانم و لەوێ لە ساڵی 1965 لەدایکبووم. ژیانی منداڵی و هەرزەکاریم لەوێ زۆر خۆش بوو، زۆر ئایینی جیاواز هەبوون، لەوانە ئێزدی و ئاشووری و موسڵمان، هەموومان پێکەوە گەورە بووین و ژیانمان کرد، بۆیە زۆربەی گوندنشینان سێ زمانمان دەزانی، لەوێ خوێندمان، کاری سەرەکیی من یاریی بازدان بوو، کەسێکی بزێو بووم و زۆر ناوچە و شار گەڕاوم و هەوڵمدا بەشداری لە پاڵەوانێتیی بازدان و رۆیشتنی خێرایی بکەم."
لە درێژەی خۆناساندنیدا، کەریم گوتی، "لە ساڵی 1982 بۆ یەکەم جار بەشداریم لە قارەمانێتییەکدا کرد و رکابەریی یاریی بازدانم کرد، توانیم پلەی یەکەم بەدەستبێنم و جامەکە وەرگرم، هەرگیز ئەو دەستکەوت و جامەم بیرناچێتەوە، تەنانەت لەگەڵ خۆم جامەکەم هێنایە ئەورووپا، واتە زیاتر لە 42 ساڵە لای خۆم پاراستوومە و زۆر بە بەهایە، بۆیە کەمێک رەنگەکەی گۆڕاوە و رەش بووە و دەسکێکیشی شکاوە. ئەگەر هەزاران یۆرۆم پێبدەیت، دەستبەرداری نابم، ئەوەندە لەلام بەنرخە. ئەوکات بیرمە کە جامەکەم وەرگرت و هاتمەوە گوند، زۆر شانازیم بە خۆمەوە کرد، گوندەکەش بچووک بوو و هەموومان خزم و ناسیاوی یەکدی بووین، ئیدی دەنگۆ بڵاوبووەوە کە کوڕی مام عەزیز جامی بەدەستهێناوە و یەکەم بووە."
ئەو وەرزشوان و چالاکوانە کوردە لە ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد، "باوکم هاتەوە و جامەکەی بینی، ئەوان کەسانی سادە بوون و پێی دڵخۆش بوون، دایک و باوکم بە ئەسڵ خەڵکی باکووری کوردستانن؛ باوکم خەڵکی حەسەن کێفە و دایکیشم خەڵکی مێردینە، ئەوان نەخوێندەوار بوون و بەهۆی جەنگی دووەمی جیهانییەوە کۆچبەر بوون لە باکوور بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئیدی ئێمەیان ناردە قوتابخانە و هەمیشە داواکاریی ئەوان لە ئێمە ئەوە بوو کە بخوێنین، بۆیە خزمایەتی و وەرزش و بوونی سێ ئایینی جیاواز بۆ ئێمە بوونە سیمبول، ئەو پێکەوە ژیانە خۆش و باشە لە گوندەکەمان بایەخێکی زۆری هەیە، ئێستاش لای هەمووان ئەو گوندەمان هێمای پێکەوەژیانی ئایینییە."
کەریم لەسەر ئەو مێزەی کاری لەسەر دەکات، هەموو میدالیا و جامەکانی نمایش کرد و گوتی، "ئەوانەی دەیبینیت، هەموویم بەدەستهێناوە، ژمارەیان لەوە زیاتریشە، بەڵام بەشێکم کردوون بە دیاری، ئەمەشیان میدالیای سەرۆکی ئەڵمانییە وەرمگرتووە؛ هەروەها ئەمەشیان بەشێک لەو رۆژنامە و گۆڤارانەن کە وێنە و هەواڵی بردنەوەکانی منیان بڵاوکردوونەتەوە". دەشڵێت، "کاتێکیش گەورە و بەڕێوەبەری کەمپی کۆچبەرانی ئۆکراینا بووم، هاوکاریمان دەکردن و سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکەمان دوو جار بەو هۆیەوە خەڵاتی کردووم و ئەوەش خەڵاتەکانمە."
ئێستا کەریم ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگایە، ئەوەی خستەڕوو، "راستە من ئەندامی ئەنجوومەنم، بەڵام بەلای منەوە کاری وەرزش لە سیاسەت خۆشترە و ئارامترە، کاری سیاسەت ناخۆشە و ناچاری لە خەڵک و خێزان و کەسوکار دووربکەویتەوە، بەڵام لە وەرزش بە پێچەوانەوە، نزیک دەبیتەوە؛ بۆیە من زیاتر حەزم لە وەرزشکردنە."
سەبارەت بە ژیانی خێزانیی خۆی، کەریم ئاماژەی بەوە کرد، "دوای ئەوەی پێڕاگەیشتم ئیدی کولتوور و کۆمەڵگەکەمان وابوو، دەبوایە خێزان پێکبهێنم، خێزانم پێکهێنا و بوومە خاوەنی شەش منداڵ و منداڵەکانم بە تەمەن گەورەن. منداڵە گەورەکەم 34 ساڵە و بچووکەکەشیان 16 ساڵە و ئیتر کۆمەڵگەی ئێمە وایە، دەبووایە زوو خێزان دروست بکەین و منداڵی زۆرمان هەبێت، دایکیشیان کوردە و نزیکی خۆمانە، ئیدی ژیانێکی تێکەڵمان هەیە، هەم باکووری و هەم رۆژئاوایی و هەمیش ئەورووپی."
"سەرەتا بە تەنیا وەکو کۆچبەر هاتمە ئەڵمانیا و دوای دوو ساڵ مانەوەم لێرە توانیم خێزان و منداڵەکانیشم بهێنم، ئیدی بەرپرسیارێتیم زیاتر بوو و دەبوایە کارێک بکەم پیشتر ئەزموونم لێی هەبووبێت، دوای ئەوەی بە باشی فێری زمانی ئەڵمانی بووین و دەستمان بە ژیانێکی نوێ کرد، ئەوەبوو وەکو راهێنەری وەرزشی دەستم پێکرد، دواتر حەزم بە یاریی بوول کرد، کە یارییەکی فەرەنسییە و بە گۆیەکی بچووکی ئاسن یان رەق و قورس دەکرێت. بەگشتی لە ساڵی 2007 بە هاوکاریی کۆمەڵێک هاوڕێی ئەڵمانی دەستمان پێکرد، ئەوان زۆر هاوکارم بوون و هاندەر بوون بۆ سەرکەوتنەکانم،" ئەمەش بەشێکی دیکە لە قسەکانی کەریم بوو.
فریدریکە شولتە خانمێکی ئەڵمانییە و سەرۆکی کۆمەڵەی وەرزشییە، چەندین ساڵە کەریم دەناسێت، لەبارەی کارە گەورەکانی، بەتایبەتی لە بواری خۆگونجاندن دەڵێت، "لەوەتەی لێرە کار دەکەم، کەریم دەناسم. ئەو تەنیا بۆ وەرزش نا، بەڵکو بۆ پرۆژە کولتوورییەکانیش خزمەتێکی گەورە بە خۆگونجاندن لە شارەکەماندا دەکات و پشتیوانیمان دەکات."
وۆلفگانگ ماسا پیرە پیاوێکی چاوشینە، چەند دەیەیە هاوڕێی کەریمە و بە باشی دەیناسێت، دەڵێت، "کەریمی هاوڕێم.. دەتوانم لە دڵەوە پێی بڵێم هاوڕێم.. لە ساڵی 2007ـەوە بەهۆی ژمارەیەک پرۆژەی وەرزشییەوە دەیناسم. ئەوکات کارمەندی شارەوانی بووم. ئەو هەمیشە وەکو سەرپەرشتیارێکی جێی بڕوا و ماندوونەناس دەبیندرا. هەمیشە بە دڵخۆشییەوە کارم لەگەڵدا کردووە و سوپاسم کردووە. ئەویش وا بووە بۆ من. هەروەها ئێستا بەرهەمی ئەو کارەی پێکەوە کردوومانە، دەدوورینەوە. ئەوەی کە بە هاوکاریی ئەو هەوڵمان بۆ دا و هێشتاش لەسەری بەردەوامین، بریتی بوو لە گونجاندنی ئەو هاونیشتمانییانەمان کە باکگراوندی کۆچبەرییان هەیە. ئەوکات هەوڵمان بۆ ئەوە دا رێنوێنی و سەرپەرشتیی دایکان و باوکان بکەین بۆئەوەی بێنە نێو کۆمەڵگەی ئێرە و بۆ بەرژەوەندیی گشتی بەشدارییان هەبێت. هەموو ئەمانە بە پشتیوانیی کەریم کراون. بۆیە زۆر سوپاسگوزاری ئەوم، بۆیەش هاوڕێیین پێکەوە."
رافایێل فۆخت پیاوێکی ئەڵمانییە، وەرزشکارە و هاوکاریی کۆچبەرانی سووری و ئۆکراینی دەکات، لەگەڵ کەریم کاری خۆگونجاندن فێری کۆچبەران دەکەن و دەڵێت، "چەندین ساڵە هاوکاریی سوورییەکان و ئێستاش هاوکاریی ئۆکراینییەکان دەکەین، بۆئەوەی خۆیان بگونجێنن، رۆژانی چوارشەممە زۆریان دێن و بە دڵخۆشی لێرە کۆدەبنەوە. چوارشەممەی رابردوو باراناوییش بوو، کەچی 18 کەسیان هاتبوون. ئەمەش هەمووی لە سایەی ماندووبوونەکانی کەریمەوەیە. ئەو کاری خۆی زۆر زۆر باش دەکات."
کەریم عەزیز دەڵێت، "لەپێناو وەرزش زۆر گەنج و لاو سەردانیان دەکردین، بەتایبەت کۆچبەرانی شارەکە، ئێمە فێرمان دەکردن، بەڵام ئەوەی راستی بێت، ئەوان رەهەندێکی دیکەیان هەبوو، ئەوان دەیانویست ئێمە هاوکارییان بکەین لە بابەتی فێربوونی زمان و هەروەها کاری وەرگیڕان و پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت، ئیدی رۆژ بە رۆژ ئەو پەیوەندییانەمان بەهێز بوون و کارمان بووە دوو کار، وەرزش و هاوکاریکردن."
وەکو خۆی لە درێژەی قسەکانیدا باسی کرد، دوای ئەوە بووەتە کەسێکی ناسراو و هاوکاریی زۆر خەڵکیان کردووە، میدیاکانیش باسیان کردوون، "ئیتر گوتم بۆچی نەچمە نێو پارتە ئەڵمانییەکان، نازانم کێ باسی منی لای سەرۆک کردبوو، تاوەکو رۆژێک نامەیەکم لەلایەن سەرۆککۆماری ئەڵمانیاوە پێگەیشت لە ساڵی 2018، کە بانگهێشت کرابووم بۆ وەرگرتنی خەڵاتێک، ئەوەبوو چوومە کۆشکی کۆماری لە بەرلین و خەڵاتەکەم لەلایەن سەرۆککۆمارەوە وەرگرت، هەرچەندە کاتی بینینمان یەکجار کەم بوو، بەڵام بۆ من جێگەی شانازی بوو، دواتر دوای سێ ساڵ سەرۆککۆمارم بینییەوە، کاتێک هاتبوو بۆ پاریزگاکەمان و بانگهێشتی کردمەوە، دووبارە چوومەوە لای و قسەمان کرد و پێم گوت، ببوورە جاری پێشوو بەهۆی ئەوەی بینینەکەمان کەمتر لە نیو خوولەک بوو، نەمتوانی سوپاست بکەم بۆ خەڵاتەکەت، بەڵام ئێستا دەمەوێت پێت بڵێم: زۆر سوپاست دەکەم. گوتم، با وێنەیەکی یادگاری بگرین بە مۆبایلەکەم، ئەوەبوو مۆبایلەکەمی وەرگرت و دایە هاوژینەکەی و پێی گوت: سێڵفییەکمان بگرە و ئەویش گرتی؛ زۆر دڵخۆش بووم و شانازی بەوەوە دەکەم کە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەڵمانیا کۆببینەوە."
کەریم باسی کچە گەورەکەی دەکات و دەڵێت، "کچە گەورەکەم لە شاری هامبۆرگ دەژی و پەیوەندیی بە پارتی بەیانی هەیە، ئەو تاکە ئەندامی خێزانەکەمە کە کاری سیاسەتکردنی هەڵبژاردووە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "جگە لە وەرزشکردن، زۆر هاوکاریی کۆچبەرانم کردووە، ئەوانەی تازە دەگەیشتنە ئەڵمانیا، هەوڵم دەدا فێریان بکەم چۆن خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بگونجێنن و چۆن ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن، شانازی بەو کارەمەوە دەکەم، یەکێک لەو ماڵباتە کۆچبەرانە ماڵباتی مستەفا بوو، کە ئێستا لە تەنیشتمەوە وەستاوە و پەیوەندییەکەمان ئەوەندە بەهێزە، زیاترە لە برایەتی."
مستەفا خەلیل گەنجێکی عەرەبە، کارسازە و کاتێک گەیشتووەتە ئەڵمانیا، کەریم فریای کەوتووە و فێری خۆگونجاندنی کردووە. ئەو پەسنی کەریم دەکات و دەڵێت، "کاتێک مامۆستا کەریممان دیت، زۆر دڵخۆش بووین، چونکە دوو مانگ بوو لە رێگە بووین تاوەکو گەیشتینە ئەڵمانیا. ئەوکات لێرە نە کەسمان بینی عەرەب بێ و نە کەسیش کە عەرەبی بزانێت؛ بەڵام لێرە مامۆستا کەریممان ناسی. زۆر زۆر دڵخۆش بووین. من منداڵی بچووکم هەن. هەر مامۆستا کەریم کە ئێمەی بینی، دەستیکرد بە یارمەتیدانمان بۆ مەسەلەی کاخەز و نامە فەرمییەکان. هەروەها تێی دەگەیاندین کە ئەڵمانیا بەگشتی چییە و چۆنە. واتە لە ئەلفەوە تا یا. بە درێژایی ئەو 10 ساڵانە پەیوەندییەکەمان وایلێهاتووە کە زۆرترە لە تەنیا هاوڕێیەتی. زۆرترە لە برایەتیش بەڕاستی! مامۆستا کەریم تۆ فێرتکردین چۆن لە ئەڵمانیا کار بکەین و چۆن خۆمان بگونجێنین. هەروەها فێرتکردین چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەڵمانییەکان بکەین. فێرتکردین چۆن دەست بە خوێندن بکەین و چۆن تەواو دەبێت. ئێستاش پاش 10 ساڵ لە سایەی مامۆستا کەریمەوە بوومەتە هاووڵاتیی ئەڵمانیا."
کریستۆفەر تێگێتهۆف، سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشیی لیپپە دەڵێت، "فیدراسیۆنی وەرزشیی پارێزگاکەمان نوێنەرایەتیی هەموو کۆمەڵە وەرزشییەکانی ئێرە دەکات. ئێمە ئیشمان پشتیوانی و رێنوێنیی ئەو کۆمەڵە وەرزشییانەیە کە کاری باش بۆ کۆمەڵگە دەکەن. بۆ نموونە پشتیوانی لە خۆگونجاندن و بەشداریپێکردنی خەڵک دەکەین. بۆیەش کاتێک شەپۆلی کۆچبەران بۆ نموونە لە سووریا یان عێراقەوە هاتن، کاریان بۆ گونجاندنیان کرد لەنێو یەکێتییە وەرزشییەکانمان، تاوەکو بەو هۆیەوە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەش بگونجێنن."
یولیا دوختینگ، سەرپەرشتیاری خۆگونجاندن بە وەرزش دەڵێت، "کەریم رێکخەری خۆگونجاندنە لای ئێمە. ئێمە پێکەوە پلان بۆ پرۆژەی جیاجیا دادەنێین. بۆ نموونە، کێبڕکێی جیمناستیک دادەنێین یان رۆژانی چالاکیی وەرزشی دادەنێین؛ یان پێکەوە دەچین سەردانی کۆمەڵە وەرزشییەکان دەکەین. ئەو پشتیوانی لەوانە دەکات کە کاری باش دەکەن و یارمەتییان دەدات پلانەکانیان بکەنە کردەوە. جگە لەوە کەریم یارمەتیی ئێمەش دەدات سەبارەت بە مژاری گرنگی تایبەت بە خۆگونجاندن، بۆ نموونە کاتێک کۆنگرەیەکی وەرزشیی تایبەتمەند یان کۆبوونەوەی دیکە دەکرێن، ئەو نوێنەرایەتیی ئێمە دەکات و لەوێ بە پسپۆڕێتیی خۆی بەرچاوڕوونی دەدات کە چۆن دەکرێت خەڵکی زۆرتر لە کۆمەڵە وەرزشییەکاندا بگونجێنین. لەمەدا زۆر هاوکاریمان دەکات."
کەریم لەبارەی ژنەوە دەڵێت، "لەنێو کۆمەڵگەی کوردی دەگوترێ (ژن هی چێشتخانە و ماڵەوەیە)، بەڵام وانییە و من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم ، لێرە ژن جیاوازە و گەورەیە، بە کوردییەکەی واتە ژن ستوونی ماڵە و ناتوانیت بەبێ ژن هیچ کارێک رابپەڕێنی؛ کاتێک توێژینەوە و راپۆرتمان ئامادە دەکرد لەسەر وەرزش، خۆگونجاندن، کولتوور و چێشت ئامادەکردن؛ ئەگەر ژنەکەم لەگەڵم نەبووایە، نەمدەتوانی ئامادەی بکەم، دەتوانم بڵێم پیاو بەبێ ژن ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بهاوێژێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ