دادگەیەکی ئەڵمانیا سێ کەسی سزا دا کە دەیانویست حکومەت بڕووخێنن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی ئەڵمانیا لە شاری میونشن، سزای زیندانیکردنی بۆ سێ کەس دەرکرد کە ئەندامی گرووپێکی تووندڕۆ بوون و پلانیان دانابوو لە رێگەی دروستکردنی "دۆخێکی هاوشێوەی شەڕی نێوخۆیی"، حکومەتی ئەڵمانیا بڕووخێنن.
 
ئەم سێ کەسە باوەڕیان بە ئایدیۆلۆجیای بزووتنەوەیەک هەیە کە پێی دەگوترێ (هاووڵاتییانی رایش). ئەمانە کۆمەڵێک کەسن کە باوەڕیان بە بیردۆزی پیلانگێڕی هەیە، دان بە دەوڵەتی ئێستای ئەڵمانیادا نانێن و دەیانویست سیستمی وڵاتەکە بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا کە لە ساڵی 1871ـدا هەبوو.
 
دادگە دەڵێ، ئەم کەسانە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا تووندڕۆ بوون. سەرەتا بە رەتکردنەوەی رێکارەکانی کۆرۆنا دەستیان پێکرد، دواتر گۆڕا بۆ رەتکردنەوەی تەواوی دەوڵەت و خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕکردن.
 
سزاکانیان چەندە؟
 
راینەر (تەمەن 62 ساڵ): بە تاوانی ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا سزای دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
 
یواخیم (تەمەن 71 ساڵ) و ئاخیم (تەمەن 60 ساڵ): بە تاوانی پاڵپشتیکردنی گرووپەکە هەریەکەیان سزای ساڵێک و چەند مانگێکی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام سزاکەیان بۆ راگیرا، واتە ئەگەر تاوانی دیکە نەکەن ناچنە زیندانەوە.
 
هەرسێکیان تۆمەتبارن بەوەی بەشدارییان لە "ئامادەکاری بۆ ناپاکیی گەورە"دا کردووە.
 
پلانەکەیان چی بوو؟
 
ئەم گرووپە کە لە ساڵی 2022ـدا لەلایەن پۆلیسەوە هەڵوەشێندرایەوە، پلانیان دانابوو کە تۆڕی کارەبای ئەڵمانیا تێکبدەن و ئاژاوەی نێوخۆیی دروست بکەن، تەنانەت پلانیان دانابوو کە وەزیری تەندروستیی ئەوکاتی ئەڵمانیا کە بەرپرسی رێکارەکانی کۆرۆنا بوو، بڕفێنن.
 
ئەوان پێشوەختە باسیان لەوە کردبوو کە دوای رووخانی حکومەت کێ چ پۆستێک وەردەگرێ. بۆ نموونە راینەر دەیویست ببێتە وەزیری ژینگە، یواخیمـیش کە بڕیار بوو ببێتە وەزیری ئاوەدانکردنەوە، نامەیەکی بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا نووسیبوو.
 
یۆخێن بۆسل، دادوەری دۆسیەکە دەڵێ، ئەگەرچی زۆر دوور بووە ئەم پلانەیان سەربگرێ، بەڵام هەر بە تاوان دادەنرێ. دادوەرەکە گوتی: "هەموو کەسێک ئازادە چەندە شێت دەبێت با ببێت، بەڵام کاتێک پلانی بەکارهێنانی چەک و تووندوتیژی دادەنرێ، ئەوە هێڵە سوورەکان دەبەزێندرێن."
 
بەپێی ئامارەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2024دا نزیکەی 26 هەزار کەس لە ئەڵمانیادا باوەڕیان بە بیرۆکەی (بزووتنەوەی رایش) هەبووە، کە ئەمەش بووەتە مەترسییەکی ئەمنیی گەورە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوڕە گەورەکەی ترەمپ و ئەو خانمەی بەنیازە هاوسەرگیریی لەگەڵ بکات

کوڕە گەورەکەی ترەمپ ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت و رەنگە باوکی ئامادەی زەماوەندەکەی نەبێت

دۆناڵد ترەمپ جونیەر، کوڕە گەورەی سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە لە دوورگەیەکی بچووک زەماوەند دەکات، بەڵام پێدەچێت باوکی بەهۆی سەرقاڵییەوە نەتوانێ لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بێت