رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، وڵاتەکەی لە دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ ئێران "هەندێک پێشکەوتنی" بەدەستهێناوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، روبیۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە سوێد گوتی: "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە؛" گوتیشی: " کەمێک بەرەوپێشچوون هەبووە. نامەوێ بە گەورە پیشانی بدەم."
روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەمووان دەیانەوێ لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن و هیوای خواست کە تەنگەی هورمز بکرێتەوە و تاران دەستبەرداری "خواستە ئەتۆمییەکانی" بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە چەند وڵاتێک ویستی خۆیان دەربڕیوە بۆ کارکردن لەپێناو کردنەوەی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا و جەختی لە پێویستیی کارکردن کردەوە بۆ پاککردنەوەی تەنگەکە لە مینە دەریاییەکان، لەگەڵ دانانی پلانی جێگرەوە لە ئەگەری ئەوەی ئێران رەتی بکاتەوە تەنگەکە بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە کە هیچ داواکارییەکی دیاریکراو نەبووە بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە هاوپەیمانیی ناتۆ سەبارەت بە تەنگەی هورمز و ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجەکە بەهێزکردنی توانای هاوپەیمانییەکەیە؛ هەروەها گوتی، گۆڕانکارییەکانیش لە جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا کراون.
روبیۆ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێران دەیەوێ عومان رازی بکات بۆ ئەوەی پێکەوە باج بەسەر ئەو کەشتییانەدا بسەپێنن کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، بەڵام هۆشداریی دا کە "هیچ وڵاتێک ئەوە قبووڵ ناکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ