خاوەنی تیکتۆک سکاڵا لە دژی ترەمپ تۆماردەکات

22-08-2020
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن دۆناڵد ترەمپ تی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای بایتدانس کە خاوەنی ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی چینییە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو سکاڵای یاسایی دژی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر قەدەخەکردنی خزمەتگوزارییەکانی لەو وڵاتە تۆمار دەکات.
 
رۆژی 14ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکی دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە داوای کردووە کۆمپانیای بایتدانس لە ماوەی 90 رۆژدا دەستبەرداری ئەپلیکەشینی تیکتۆک بێت.
 
ئەو بڕیارە، دوای بڕیارێکی پێشتری دۆناڵد ترەمپ هات کە لە رۆژی شەشی ئەم مانگە داوای لە وەزارەتی بازرگانیی ئەو وڵاتە کردبوو لیستێک لە هۆڵدینگی بایتدانس ئامادەبکرێت، بۆ ئەوەی لە ماوەی 45 رۆژدا هەموو مامەڵەکانی لە ناوخۆی ئەمریکادا رابگیرێن.
 
دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، چەندین کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی وەک مایکرۆسۆفت، توویتەر و ئۆراکڵ نیازی خۆیان بۆ کڕینی تیکتۆک دەربڕیوە. دانوستاندنەکانی نێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کۆمپانیای بایتدانس بەرهەمداربوون.
 
حکومەتی چین بەردەوام رەخنەی تووندی گرتووە لە بڕیارەکانی ترەمپ دژ بە تیکتۆک. ژائۆ لی جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت: "ئەو بڕیارە و بڕیارەکانی دیکەی ئەمریکا پێشانی دەدەن کە ئازادی و ئاسایش لە ئەمریکا هیچ نییە جگە لە بیانوویەک بۆ دیپلۆماسی هەڕەشە و شەڕی دیجیتاڵ کە لەلایەن هەندێ سیاسەتڤانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێن. ئەم جۆرە زۆردارییانە پێشێلکاریی ئاشکرای بازاڕی ئازاد و رکابەری یەکسانە کە بەردەوام ئەمریکا شانازی پێوەدەکات."
 
بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە نزیکن لە کۆمپانیای بایتدانس، کۆمپانیاکە لە دوو رووەوە سکاڵاکەی لە دژی ترەمپ دەجووڵێنیت. بڕیارە بایتدانس لە سکاڵاکەی داوابکات ئەو یاسایە کە دۆناڵد ترەمپ بڕیارەکەی پێدەرکردووە، نابێت کۆمپانیاکە بگرێتەوە.
 
هەروها بایتدانس دژی ئەوە دەوەستێتەوە کە تیکتۆک وەک هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ناوزەدبکرێت. 
 
ئیدارەی ئەمریکا پێیوایە تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکان بوار بۆ حکومەتی چین دەڕەخسێنن سیخوڕی لەسەر بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بکەن. بەو هۆیەشەوە بەردەوام هەڕەشەی داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکان لە ئەمریکا دەکات.
 
جگە لە تیکتۆک ئەمریکا تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ویجات"یشی لە ئەمریکا قەدەخەکردووە. تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک و کۆمپانیای بایتدانس لەلایەن ئەندازیارێکی چینی تەمەن 36 ساڵان دامەزراوە کە ئێستا سامانەکەی گەیشتووەتە 16.2 ملیار دۆلار. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە