سلێمان نەمر بۆ رووداو: چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی سووریا دەخرێتەڕوو

23-10-2015
...
...
نیشانەکردن سووریا ڤییەنا سلێمان نەمر
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەرۆكی كۆڕبەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێكۆڵینەوە، پێشبینی دەكات ئەمڕۆ هەینی لە كۆبوونەوە چوارقۆڵییەكەی ڤیەننا چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی سووریا بخرێتەڕوو. دەشڵێت شكستی ئەمریكا لە چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشداریكردنی رووسیا لە شەڕی سووریا بەشێوەیەكی بەهێز، كێشەكە وەك خۆی ناهێڵێتەوە و بەلایەكیدا دەخات.

ئەمڕۆ هەینی 23 ی تشرینی یەكەمی 2015، لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، فەرەیدوون سیرینی ئوغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، عادل ئەلجوبەری وەزیری دەرەوەی سعودیە، لەبارەی شێوازی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا كۆدەبنەوە.

سلێمان نەمر، سەرۆكی كۆڕبەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێكۆڵینەوە، لەكاتی بەشداریكردنی لە گەشتێكی هەواڵەكانی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی كۆبوونەوە چوارقۆڵییەكەی ئەمڕۆ لەسەر پرسی سووریا رایگەیاند "بەبۆچوونی من چارەسەری ئاشتیانە دەخرێتەڕوو و قۆناخی هەڵهاتنی چارەسەری سیاسییە لە سووریا". رەتیشیكردەوە هەر چوار وڵات رازیبن بە مانەوەی بەشەرا ئەسەد لە پۆستەكەیدا و گوتی " كێشەكە مانەوەی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵات و گفتوگۆكان بۆ ئەوەن چۆن دووربخرێتەوە".

سەرۆكی كۆڕبەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر گوتی " ئەنجامی گفتوگۆكان دەوەستێتە سەر رووسیا و ئێران، چونكە ئەوان پاڵپشتی سەرەكی حكومەتی سووریان و لەجیاتی بەشار ئەسەد بڕیاردەدەن، بەڵام جارێ زووە بۆئەوەی پێشبینی بكەین دۆخەكە بەكوێ دەگات، پێویستی بە كاتی زیاتر و فشاری نێودەوڵەتی زیاترە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە