رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا جەنگی ئۆکراینا پێ دەنێتە ساڵی پێنجەمەوە، درۆن بەرەکانی جەنگیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە گۆڕەپانی جەنگی سەردەمدا و جیهانیش بە وردی چاودێریی دەکات.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو تەکنەلۆجیایانەی شێوازی شەڕەکەیان گۆڕیوە:
ناوچەی کوشتن (Kill Zone)
میخایلۆ فیدۆرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا دەڵێت، درۆنەکان، لە جۆرە هەرزانە بازرگانییەکانەوە تاوەکو درۆنە بچووکە بۆمبڕێژکراوەکان، بەرپرسن لە 80٪ی زیانەکانی جەنگ.
سەربازێکی ئۆکراینی دەڵێت: "شەڕی سەردەم بەبێ درۆن مەحاڵە."
بەهۆی درۆنەوە، لە سەنگەرەکانەوە بە قووڵایی 20 کیلۆمەتر، بەرەکانی جەنگ بوونەتە "ناوچەی کوشتن". کاترینا بۆندار، شارەزای سەربازی دەڵێت: "لەو ناوچەیەدا هیچ شتێک رزگاری نابێت، چونکە بەردەوام لە ئاسمانەوە چاودێری دەکرێت."
تەنانەت تانک و زرێپۆشە زەبەلاحەکان بوونەتە ئامانجی ئاسانی درۆنە بچووکەکان. ئێستا ئۆکراینا "درۆنی زەوینی" بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی پێداویستی و بریندارەکان، تاوەکو کەمتر سەربازەکانی بخاتە مەترسییەوە.
کێبڵی فایبەر ئۆپتیک
هێشتنەوەی درۆنەکان لە پەیوەندیدا، کارێکی زۆر گرنگە. سەرەتا پەیوەندیی لەگەڵ درۆنەکان بە شەپۆلی رادیۆیی بوون، بەڵام لایەنە دژبەرەکان لە رێگەی بەکارهێنانی سیستمی "جامین" یاخود "تەشویش"، پەیوەندییەکەیان بە ئاسانی دەپچڕاند.
ئێستا رووسیا درۆنێک بەکاردەهێنێت کە بە کێبڵی زۆر باریکی "فایبەر ئۆپتیک" بەستراوەتەوە. ئەم کێبڵە وادەکات "هێرشی پەخشپچڕاندن" کاری تێ نەکات. بەهۆی زۆریی بەکارهێنانی ئەم جۆرە، دەشت و شارەکان پڕ بوون لە تۆڕی کێبڵ.
ستارلینک
ئۆکراینییەکان ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک بە درۆنەکانەوە دەبەستن، ئەمەش وادەکات مەودایەکی دوور بڕۆن و ڤیدیۆی روون بنێرێت.
کاتێک رووسیا دەستیکرد بە بەکارهێنانی هەمان تەکنیک، ئۆکراینا داوای لە ئیلۆن مەسک کرد ستارلینکەکانی رووسەکان بکوژێنێتەوە.
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) دەڵێت، کوژاندنەوەی ستارلینک لەسەر رووسەکان، یارمەتیی ئۆکراینای دا لە باشووری زاپۆریژیا پێشڕەوی بکات.
سیستمی بەرگری
بەکارهێنانی مووشەکی گرانبەها کە نرخی ملیۆنان دۆلارە، بۆ خستنەخوارەوەی درۆنێکی هەرزان، کارێکی ژیرانە نییە. بۆیە ئۆکراینا "درۆنی راوکەر"ـی دروستکردووە کە لە ئاسماندا خۆی بە درۆنی دوژمندا دەتەقێنێتەوە.
هەروەها رێگاکان بە تۆڕ داپۆشراون و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان قەفەزیان بۆ ئەوەی درۆنەکان پێیان نەگەن.
ژیریی دەستکرد
ئەندازیاران خەریکی پەرەپێدانی ژیریی دەستکردن بۆ درۆنەکان. کۆمپانیا ئۆکراینییەکان سیستمێکیان دروستکردووە کە لە کۆتایی هێرشەکەدا، واتە پێش پێکانی ئامانج، ژیریی دەستکرد کۆنترۆڵ دەگرێتە دەست، چونکە زۆرجار لەو ساتەدا پەیوەندی دەپچڕێت.
ئێریک شمیت، بەڕێوەبەری پێشووی گووگڵ دەڵێت: "لە ئاییندەیەکی نزیکدا، سەرەتا درۆنەکان دەچنە پێشەوە، ئینجا مرۆڤ."
سەرەڕای هەموو ئەمانە، سەربازێک لە بەرەکانی پێشەوە دەڵێت: "تاوەکو خۆت بە دەستی خۆت ئاڵاکە هەڵنەکەیت، ناوچەکە بە هی تۆ هەژمار ناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ