رووداو دیجیتاڵ
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا، پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپی بۆ بەستنەوەی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا بە چوونەپاڵی سعودیە، قەتەر و پاکستان بۆ رێککەوتنەکانی ئەبراهام بە "جووڵەیەکی بلیمەتانە" وەسفکرد و رایگەیاند، ئەگەر ئەو وڵاتانە رێگەکە رەتبکەنەوە، رووبەڕووی "دەرەنجامی خراپ" دەبنەوە.
رۆژی یەکشەممە 24-05-2026، لیندزی گراهام لە ئێکس پشتیوانیی خۆی بۆ ستراتیژیی نوێی ئیدارەی ترەمپ دەربڕی و رایگەیاند، ئەگەر ئەمە رووبدات، دەبێتە یەکێک لە گرنگترین رێککەوتنەکانی مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
گراهام نووسیویەتی: "ئەگەر لە راستیدا لە ئەنجامی ئەم دانوستاندنانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، هاوپەیمانە عەرەب و موسڵمانەکانمان لە ناوچەکەدا رازی بن بچنە نێو رێککەوتنەکانی ئەبراهام، ئەوا ئەم رێککەوتنە دەکاتە یەکێک لە گرنگترین رێککەوتنەکانی مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
گراهام چوونەپاڵی سعودیە، قەتەر و پاکستانی بۆ رێککەوتنەکان بە "زیاتر لە گۆڕانکارییەک بۆ ناوچەکە و جیهان" وەسفکرد و بە "جووڵەیەکی بلیمەتانە"ـی ترەمپی دانا.
سیناتۆرە کۆمارییەکە هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئەو سێ وڵاتە کرد و رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە بوێر بن.
گراهام نووسیویەتی: "بۆ سعودیە و ئەوانی دیکە: ئێستا کاتی ئەوەیە بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی نوێ بوێر بن. ئەگەر رەتیکەنەوە ئەم رێگەیە بگرنەبەر وەک سەرۆک ترەمپ پێشنیازی کردووە، دەرەنجامی خراپی بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوومان دەبێت و ئەم پێشنیازەی ئاشتی قبووڵ ناکرێ. زیاتر لەوەش، لەلایەن مێژووەوە وەک هەڵەیەکی گەورەی حیسابات سەیر دەکرێت."
لیندزی گراهام داواشی لە دۆناڵد ترەمپ کرد کە لەسەر دوو خاڵی سەرەکی سوور بێت.
"سەرۆک ترەمپ: لەسەر هەڵوێستی خۆت سوور بە لە بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێراندا. بە هەمان شێوە گرنگە لەسەر هەڵوێستی خۆت سوور بە لە پێداگریکردن لەسەر ئەوەی سعودیە و ئەوانی دیکە وەک بەشێک لەم دانوستاندنانە بچنە نێو رێککەوتنەکانی ئەبراهام."
گراهام لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە: "دووبارە، ئەمە پێشنیازێکی بلیمەتانەی سەرۆک ترەمپە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ