تاران و واشنتن لە رێککەوتنی راگرتنی جەنگ نزیک دەبنەوە؛ رەشنووسێکی 14 خاڵی ئامادە دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەکار عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، تاران و واشنتن لە رێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە خەریکی کۆتاییهێنانن بە رەشنووسی لێکتێگەیشتنێک بۆ راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان. هاوکات دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، "زۆر نزیکین لە واژۆکردنی رێککەوتن."
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا، کە ئاژانسی (ئیرنا) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی نامە لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە و پاکستانیش وەک "تەوەری ناوەندیی گفتوگۆکان" رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
 
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە قۆناخی پێداچوونەوە و کۆتاییهێنانن بە رەشنووسێکی 14 خاڵی، کە تەوەرە سەرەکییەکانی پێکهاتوون لە: راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان (بەتایبەت لە لوبنان)، کۆتاییهێنان بە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەم قۆناخەدا هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ناکەن، "ئەولەویەتی ئێمە تەنیا راگرتنی هێرشەکانە. دۆسیەی ئەتۆمی کراوەتە بیانوو بۆ جەنگ، بەڵام ئێستا باسی ناکەین تاوەکو لێکتێگەیشتنەکە واژۆ دەکرێت."
 
سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی و تەنگەی هورمز، بەقایی رایگەیاند، ئەو ناوچەیە "پەیوەندیی بە ئەمریکاوە نییە" و تەنیا ئێران و عومان وەک دوو دەوڵەتی کەناراو بەرپرسن لە پاراستنی. ئاماژەی بەوەش کرد، نائارامییەکانی ئەو رێڕەوە ئەنجامی "رەفتارە تووندەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە."
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (CBS) گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن نیشاندا و گوتی، "گفتوگۆکانمان خەریکە دەگەنە ئەنجام و زۆر نزیکبووینەتەوە لە کۆتاییهێنان بە جەنگ."
 
بەڵام ترەمپ هۆشداریی دا و گوتی، "تەنیا کاتێک واژۆ لەسەر رێککەوتنەکە دەکەم کە هەموو ئەو شتانەی دەمانەوێت بەدەستی بهێنین. رێککەوتنەکە دەبێت رێگریی تەواو بکات لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر وا نەبێت هەر باسی رێککەوتنیشم نەدەکرد."
 
تاران پێشنیازی کردووە دوای واژۆکردنی ئەم رەشنووسە و راگرتنی جەنگ، لە ماوەی 30 تاوەکو 60 رۆژدا گفتوگۆ لەسەر بابەتە ناکۆکەکانی دیکە بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان

سەرۆکوەزیرانی پاکستان: هیوادارین بەمزووانە میوانداریی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی تاران و واشنتن بکەین

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەستخۆشی لە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ هەوڵە نەبڕاوەکانی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. شەهباز شەریف هیوای خواست وڵاتەکەی بتوانێت بەمزووانە میوانداریی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بکات