وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ رووداو: باوەڕمان بە ئیدارەی نوێی سووریایە و بۆ وەبەرهێنان تێیدا ئامادەین

24-09-2025
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا قسە بۆ رووداو دەکات
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا قسە بۆ رووداو دەکات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بە رووداوی گوت، باوەڕیان بە ئیدارەی نوێی سووریا هەیە و هەربۆیە وەک یەکێتیی ئەورووپا سزای سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرن.
 
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا لە کاتێکدا بەشێک لە پێکهاتەکان دەڵێن، لە لایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە هێرشیان دەکرێتەسەر، گوتی، ئاگادارن کێشە لە سووریا هەیە، بەڵام دەبێ پشتگیری ئەو دەسەڵاتە نوێیە بکرێ کە هەیە، ئەگەر "بتەوێت یەکێتیی سووریا سەقامگیر بێت."
 
ئەنتۆنیۆ تاجانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک ئیتاڵیا و یەکێتیی ئەورووپا ئامادەن لەپێناو ئاشتییدا کاربکەن و ئامادەیشن "بۆ هاریکاریی باش لەنێوان ئیتاڵیا و سووریا لە بواری سیاسەتی پیشەسازییدا."
 
یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2011 سزای بەسەر سووریادا سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی بەشار ئەسەد دەستی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە کرد. 
 
سزاکان گەمارۆی سەر کەرتی نەوت، سنووردارکردنی کەرتی بانکی و گواستنەوە، قەدەخەکردنی هەناردەکردنی ئەو کەلوپەلانەیان لەخۆگرتبوو کە دەکرا بۆ سەرکوتکردن سوودیان لێ وەربگیرێ. سەدان کەسایەتی و دامەزراوە رووبەڕووی قەدەخەی گەشتکردن و سڕکردنی سامانەکانیان بوونەوە.
 
لە ساڵی 2025 و دوای گۆڕانکاری دەسەڵات لە سووریا، یەکێتیی ئەورووپا ئاراستەی کار و سیاسەتی گۆڕی و لە مانگی شوباتدا سنووردارییەکانی سەر کەرتی وزە، گواستنەوە و بانکی هەڵپەسارد، هەروەها لە مانگی ئایاردا زۆربەی سزا ئابوورییەکانی بەتەواوی هەڵگرت.
 
یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، سووککردنی سزاکان مەرجدارە و ئەگەر سووریا لە هەنگاوەکانی پاشگەز بێتەوە، رەنگە بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و ئەنتۆنیۆ تاجانی:
 
رووداو: جەنابی وەزیر، من لە روودوام. یەکێتیی ئەوروپا  هەندێک گەمارۆی لەسەر سووریا هەڵگرتووە. بەڵام کورد و کەمینە ئایینییەکان، وەک دروزەکان دەڵێن لەلایەن هێزی سەربازیی سەربە دیمەشقەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. نابێت مەرج هەبێت بۆ لابردنی گەمارۆکان لەسەر حکومەتە نوێیە ئیسلامییەکە؟
 
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا: دەمانەوێ گەمارۆکان هەڵگرین، چونکە باوەڕمان بە ئیدارەی نوێی هەیە. گرفت لە نێو لایەنگرانی شەرعیش هەیە، بەڵام دەبێ پشتگیریی ئیدارەی نوێ بکەی ئەگەر بتەوێ یەکێتی سووریا سەقامگیربێ. ئیتاڵیا بۆ ئەو مەبەستە بە بەهێزی بەشدارە. ئێمە باوەڕمان بە سووریا هەیە. ئامادەین لە پێناوی ئاشتیدا کاربکەین. ئامادەین بۆ وەبەرهێنانی ئیتاڵی (لە سووریا). ئامادەین بۆ هاریکاری باش لە نێوان ئیتاڵیا و سووریا لە بواری سیاسەتی پیشەسازیدا. پێمان وایە گەشتێکی ئاسمانی راستەوخۆ لە سووریاوە بۆ ئیتاڵیا پەیامێکی زۆر گرنگ دەبێت. پردێکی زۆر گرنگ دەبێت.
 
رووداو: ئەی خواستی کورد و کەمینە ئایینییەکان چی؟ ئەوان دەڵێن لەلایەن هێزەکانی دیمەشقەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.
 
ئەنتۆنیۆ تاجانی: باشە، کێشە هەیە. دەبێت بۆ یەکپارچەیی کار بکەین. هەموو سووریاییەکان—کریستیان، کورد، موسڵمان، دروز—سووریاین. ئەمە خاڵە سەرەکییەکەیە. بێگومان، من مەسیحیم. بەڵام لەو بارەوە گەشبینم، هەموو سووریاییەکان سووریاین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هێرشکردنە سەر تارانی پایتەختی ئێران لە پەنجەرەی ماڵێکەوە. وێنە: AFP

جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران چۆن دەستی پێکرد؟

هەفتەیەک بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تێدەپەڕێت، پرسیارێکی سەرەکی بەسەر گفتوگۆی سیاسی لە واشنتن و دەرەوەی واشنتنیش دا زاڵە، ترەمپ چۆن ئەو بڕیارەیدا؟ تاوەکو چ رادەیەک ئیسرائیل کاریگەریی هەبوو لەسەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چوونە نێو شەڕەکەوە؟ زنجیرەی ئەو رووداوانەی بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە دەگەڕێنەوە بۆ زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، کە بریتین لە گوشارە بەردەوامەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، گۆڕانی بەردەوام لە راپۆرتە هەواڵگرییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و، زنجیرەیەک لێکدانەوەی ستراتیژی و سیاسی لەنێو کۆشکی سپی دا. دەرئەنجامەکەش یەکەم هەڵمەتی سەربازیی هاوبەشی راستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو دژی ئێران، کە هەنگاوێکە دەرئەنجامی قووڵی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە.