رووداو دیجتیاڵ
ژمارەیەک هەیە کە دەبێت بتوەستێنێت و تووشی شۆکت بکات. لە 6ی نیسانی 2026، ئێڵسی پێنگ، ئابووریناسی بانکی (گۆڵدمان ساکس)، تێبینییەکی بڵاوکردەوە کە لەسەر بنەمای داتا راستەقینەکانی لیستی مووچەی ئەمریکا داڕێژرابوو. ئاشکرایکرد ژیریی دەستکرد مانگانە تێکڕا 16,000 هەلی کار لە ئەمریکا لەنێو دەبات. ئەوە دەکاتە لەنێوبردنی 192,000 هەلی کار لە ساڵێکدا. 18 رۆژ دواتر، مێتا و مایکرۆسۆفت رایانگەیاند کە ئەمە تەنیا سەرەتای ئاراستەیەکی بەردەوامە.
لە 24ی نیسانی 2026، هەردوو کۆمپانیاکە (مێتا و مایکرۆسۆفت) پێکەوە لادانی زیاتر لە 20,000 کارمەندیان لەسەر کارەکانیان راگەیاند. مێتا 10%ی هێزی کاری جیهانی خۆی کە نزیکەی 8,000 کەسە لە 20ی ئایارەوە لادەبات، لەکاتێکدا 6,000 پۆستی دیکەیش بە بەتاڵی دەهێڵێتەوە. هاوکات مایکرۆسۆفت پاکێجی خانەنشینبوونی ئارەزوومەندانەی پێشکێشی نزیکەی 8,750 کارمەندی خۆی لە ئەمریکا کردووە، کە ئەمە یەکەم بەرنامەی لەوجۆرەیە لە مێژووی 51 ساڵی کۆمپانیاکەدا. ئەم راگەیاندنانە بووە هۆی ئەوەی ژمارەی ئەو کارمەندانەی لە کەرتی تەکنۆلۆجیا دەرکراون لە ساڵی 2020 ەوە تاوەکو ئێستا، 900 هەزار کەس تێپەڕێنێت.
ئەگەر سەیری قسەکانی مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا بکەین، بۆمان دەردەکەوێت دەرکردنەکانی ئەم جارە لەوانەیە جیاوازبن. لە سەرەتای ئەم ساڵ دا مارک گوتی "ساڵی 2026 ئەو ساڵەیە کە ژیریی دەستکرد دەبێتە هۆی ئەوەی شێوازی کارکردنمان بەشێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت."
دەرکردنی کارمەند و زیادکردنی وەبەرهێنان
ئەو کۆمپانیایانەی لەبەر پێشکەوتنەکانی ژیری دەستکرد زۆرترین کارمەند دەردەکەن، هەر ئەوانەش زۆرترین وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و پارەی تێدا خەرج دەکەن. مێتا، مایکرۆسۆفت، ئەلفابێت و ئەمازۆن پێکەوە تەنیا لە ساڵی 2026دا نزیکەی 700 ملیار دۆلاریان لە ژێرخانی ژیریی دەستکرد دا وەبەرهێنان کردووە. ئەوان لەبەر لاوازی، خەرجییەکان کەم ناکەنەوە، بەڵکو لەبەر متمانە بەخۆبوون دەستکاری ژمارەی کارمەندان دەکەن. متمانە بەوەی کە ژیریی دەستکرد دەتوانێت کاری ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندەکانیان بکات بە خێراییەکی زیاتر و تێچوویەکی زۆر کەمتر.
ساتیا نادێلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مایکرۆسۆفت، ژمارەی کارمەندانی کۆمپانیاکەی کە 228,000 کەسە، وەک "کەموکوڕییەکی گەورە" لە پێشبڕکێی ژیریی دەستکرد دا پێناسە دەکات. ئێستا GitHub Copilot نزیکەی 40%ی ئەو کۆدانە دەنووسێت لەو شوێنانەی لێی جێگیرکراوە بەکاردێن. سەکۆی رێکلامی مێتا کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکات، ئەو بزوێنەرەی کە نزیکەی هەموو داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە بە بڕی 160 ملیار دۆلار بەرهەم دەهێنێت، ئێستا پێویستی بە تەنیا بەشێکی زۆر کەمی ئەو سەرپەرشتییە مرۆییە هەیە کە دوو ساڵ لەمەوبەر پێویستی پێبوو. ئەمانە تەنیا چیرۆک نین، بەڵکو گۆڕانکاریی پێکهاتەیین کە بە شێوازی وەرزیی لە راپۆرتەکانی داهات و داتاکانی بێکاری دا پشتڕاست دەکرێنەوە.
گۆڵدمان ساکس بە وردییەکی بێ وێنە دوو کاریگەرییە دژبەیەکەکەی ژیریی دەستکردی لەسەر ژینگەی کار جیا دەکاتەوە. جێگرتنەوەی ژیریی دەستکردAI substitution کە تێیدا ژیریی دەستکرد راستەوخۆ جێگەی کارمەندان دەگرێتەوە و مانگانە نزیکەی 25,000 هەلی کار لە ئەمریکا لەنێو دەبات. بە پێجەوانەوە، بەهێزکردنی ژیریی دەستکردAI augmentation کە تێیدا ژیریی دەستکرد کارمەندەکە بەرهەمهێنەرتر دەکات و دەبێتە هۆی دامەزراندنی زیاتر و نزیکەی 9,000 هەلی کار مانگانە دروست دەکاتەوە. ئەنجامە پووختەکە سڕینەوەی 16,000 هەلی کارە لە هەر مانگێکدا. ئەمەش رێژەی بێکاریی وەک ئەنجامێکی راستەوخۆ بە رێژەی 0.1٪ بەرزکردووەتەوە. ئێستا گۆڵدمان ساکس ئەمە وەک هۆکارێک بۆ بڕیارەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا لەسەر رێژەی سوود هەژمار دەکات.
ئەو کارانەی ئەمڕۆ ون دەبن، مووچەکانیان چەندە
هەموو کارەکان بە یەکسانی لەنێو ناچن. گوشارەکە قۆناخ بە قۆناخ و وردە.
خزمەتگوزاری کڕیاران، کە مووچەی مانگانەیان لە نێوان 2900 بۆ 4600 دۆلارە، ئەو گرووپەن کە ژیری دەستکرد بە فراوانی جێگەیان دەگیرێتەوە. کۆمپانیای گارتنەر Gartner پێشبینی دەکات کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 ، کۆمپانیاکان 80 ملیار دۆلار لە تێچووی پەیوەست بە کارمەندانی سەنتەری پەیوەندییەکان، لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە پاشەکەوت بکەن. مارک بێنیۆف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەیڵس فۆرس (Salesforce) کاتێک لە ئەیلوولی رابردوودا 4,000 پۆستی پشتیوانی بڕی، بە راشکاوی گوتی: "پێویستم بە کەسی کەمترە."
دیڤۆڵۆپەرە نوێیەکان، ئەو دەرچووانەی کۆدسازی کە بە هیوای مووچەی مانگانەی 6700 بۆ 9100 دۆلار هاتوونەتە نێو پیشەسازییەکە رووبەڕووی سەختترین گوشار بوونەتەوە. دامەزراندنی دیڤۆڵۆپەرە نوێیەکان کە تەمەنیان لە نێوان 22 بۆ 25 ساڵە لە ساڵی 2024ەوە بە رێژەی 20% دابەزیوە. پلاتفۆرمی پەیوەست بە هەلی کاری TrueUp باس لەوە دەکات کە لە سەرەتای ساڵی 2026دا زیاتر لە 67,000 پۆستی بەتاڵی ئەندازیاری سۆفتوێر هەبووە، بەڵام ئەو پۆستانە پڕدەکرێنەوە کە بۆ ئەندازیارانی باڵا و پسپۆڕانی بواری ژیریی دەستکردن، نەک دەرچووانی نوێ. مۆدێلی نەریتی کە تێیدا دیڤلۆپەرێکی نوێ لە رێگەی کارە دووبارەبووەکانەوە فێری کار دەبێت، بە تەواوی تێکشکاوە لەبەرئەوەی ئێستا ژیریی دەستکرد ئەو کارانە باشتر و بە تێچوویەکی نزیک لە سفر دەکات.
دیزاینەرانی گرافیک و نووسەرانی نێوەڕۆک، ئەم کارمەندانە کە بەگشتی مانگانە 4100 دۆلار بۆ 6700 دۆلار وەردەگرن دەبینن کە کارەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد. کۆمپانیای سناپ (Snap) ، 16%ـی کارمەندانی دەرکردووەو بە راشکاوی ئاماژەی بە کارامەیی بەدەستهاتوو لە رێگەی ژیریی دەستکرد کردووە.
یاریدەدەرانی یاسایی کە بەشێوازێکی ئاسایی 3750 دۆلار بۆ 6250 دۆلار وەردەگرن، لە ڕیزبەندی دواتری ژێر گوشارەکەدان. سرووشتی رێکخراو و پێداچوونەوە یاسایی بە بەڵگەنامەکان، کورتکردنەوەی گرێبەستەکان و پشکنینی پابەندبوون، بە تەواوی لەگەڵ ئەو کارانەدا دەگونجێت کە مۆدێلە زمانەوانییە گەورەکان (LLMs) بە باشترین شێواز دەیکەن. گۆڵدمان ساکس پشتیوانی یاسایی و کارگێڕی وەک یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی کار دەستنیشان دەکات کە ئەگەر هەیە لەنێوبچن، ئەوەش لە داهاتوودا بەڵکو هەر ئێستا.
ئەو کارانەی دەمێننەوە و گەشە دەکەن
هەموو شتێک لەژێر هەڕەشەدا نییە. بازاڕی کار بە شێوازێکی یەکسان تووشی داڕمان نەبووە، بەڵکو بە سەختی دابەش بووە.
ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد و فێربوونی ئامرازەکان: مووچەی مانگانەی 13،300 تاوەکو 23،300 دۆلار و زیاتریش وەردەگرن و خواست لەسەریان بێسنوورە. پسپۆڕانی ئاسایشی سایبەری کە 9،100 بۆ 15،000 دۆلار وەردەگرن، پارێزراون چونکە هەر سیستمێکی نوێی ژیریی دەستکرد پێویستی بە بەرگرییەک هەیە کە بڕیاری مرۆیی تێدابێت کە هێشتا ژیریی دەستکرد ناتوانێت بەردەوام دابینی بکات.
ئەندازیارانی باڵای سۆفتوێر (Architects)، ئەوانەی توانای حوکمڕانی و وردبینی و راستکردنەوەی ئەو کۆدانەیان هەیە کە ژیریی دەستکرد دەیاننووسێت ، بەهاکانیان بە شێوازێکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. مووچەکانیان لە نێوان 15،500 بۆ 18،300دۆلارە و بە جێگیریی ماوەتەوە.
لێرەدا خاڵێکی سەرنجراکێش لە ئابووریی ژیریی دەستکرد دەردەکەوێت. پارێزراوترین کارمەندەکان ئەوانەن کە هەرگیز لە پشت مێز دانەنیشتوون. کارەباچی، بۆڕیچی، فیتەر و وەستای سەلاجە و سپلێت و.. کە لە ئەمریکا مانگانە نزیکەی 5،400 دۆلار بۆ 8،300 دۆلار وەردەگرن پارێزراون. هێشتا رۆبۆتەکان ناتوانن بۆڕییەک کە تێکچووە لەنێو شوقەکەت چاک بکەنەوە یان بێن گازی سیپلیتی ماڵەکەت پڕبکەنەوە .
مەترسییە 10 ساڵەییەکە
ئاسۆیەکی ترسناکتر هەیە کە ساڵی 2026 نییە، بەڵکو ساڵانی 2030 بۆ 2032ە.
گۆڵدمان ساکس مەزندە دەکات کە 300 ملیۆن هەلی کار لە جیهان دا لە 10 ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە بەهۆی بەئۆتۆماتیک بوونی کارەکان. لە ئەمریکا و ئەورووپا نزیکەی 25%ی هەموو کاژێرەکانی کارکردن دەکرێت بە تەواوی بکرێنە ئۆتۆماتیک بەپێی توانا نۆێیەکانی ژیریی دەستکرد. کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2027 ، 83 ملیۆن هەلی کار لە جیهاندا لەنێو بچن.
ئەو پۆستانەی ئەمڕۆ هەست بە ئارامی دەکەن، بەڵام تاوەکو ساڵی 2030 مەترسییەکی پێکهاتەیی جیدییان لەسەر دەبێت بریتین لە ئەندازیارانی سۆفتوێری ئاست مامناوەند ، راوێژکارانی دارایی ، شیکەرەوەکانی داتا و راپۆرتکردن و راوێژکارانی بەڕێوەبردن .هەریەکە لەم کارانە لەسەر چینێکی رێکخراو و دووبارەبووەوە، بونیادنراون کە ژیریی دەستکرد بە شێوازێکی بنەمایی هەڵیاندەوشێنێتەوە.
جۆزێف بڕیگز، توێژەری گۆڵدمان ساکس، ئاماژە بەوە دەکات کە شۆڕشی پیشەسازی، کارمەندانی کەرتی کشتوکاڵی لە ماوەی چەند نەوەیەکدا گۆڕی و خێزانەکان چەندین دەیەیان لەبەردەم بوو بۆ خۆگونجاندن، بەڵام ژیریی دەستکرد هەمان ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە ماوەی چەند ساڵێکی کەم دا کرد. مەترسییە راستەقینەکە تەکنەلۆجیاکە نییە، بەڵکو ئەو بۆشاییەیە کە لەنێوان خێرایی لەدەستدانی کار و خێرایی وەڵامدانەوەی دامەزراوەکاندا هەیە وەک لە پەروەردە، سیاسەتی راهێنانەوە و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ