رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەژنی کریسمسەوە قەرەباڵخی رووی لە شەقامەکانی لەندەن کردووە، ئەو قەرەباڵخییەش تەنیا خاوەنی مارکێت و فرۆشگەکانی دڵخۆش ناکات، بەڵکو جێی دڵخۆشییە بۆ بێلانەکانیش، چونکە سوود لە بەزەیی گەشتیاران دەبینن.
بێ ماڵ و بێلانەکانی لەندەن لەسەر شەقامەکان ئەو پارچە پەڕۆیەی دایانخستووە لەلایەن گەشتیارانەوە وردەکانی گیرفانیان دەخرێتەسەر، ئەمەش ئەوانی دڵخۆش کردووە.
جۆن، هاووڵاتییەکی بەریتانیایە دەڵێت، "نەخێر بێماڵبوون بژاردە نییە بەڵکو ناچارییە؛ دەبینین کە ژمارەیان زۆر بووە."
ئەم ساڵ ژمارەی بێ ماڵ و لانەکان، لە لەندەن بەڕێژەی 11٪ زیادی کردووە؛ بە گوێرەی ئامارەکانیش 167 هەزار بێ لانە و ماڵ وحاڵ لە لەندەن هەن.
گرانی و کەمیی دەرفەتی کار و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بەشێكن لە هۆکارەکان بۆ ئەوەی ئەو کەسانە لەسەر شەقامەکان بمێننەوە.
بەشی زۆری بێلانەکانی لەندەن هاووڵاتیی ئەو وڵاتەن و هەرچەندە بیانیشیان تێدایە، لەسەر زۆرینە شەقامەکانی لەندەن بێ ماڵەکان دەبینرێن.
یەکێک لەو بێلانانە ناوی رەسوڵە و خەڵکی پاکستانە پێی وایە ژیان لە دژیان وەستاوە و لەبارەی دۆخییەوە دەڵێت، "خەڵک هاوکاریمان ناکەن، ئێمە سواڵکەر نین، تەنیا دەرفەتی کارمان کەمە، ژیان لە دژ ئێمەدا وەستایەوە تا گەیشتینە سەر شەقامەکان؛ خەڵکی لەندەن هاوکاری کەس ناکەن، ئەوە شتێكی خراپە."
لە سەرانسەری بەریتانیا زیاتر لە 300 هەزار بێ ماڵ و حاڵ هەن، حکومەت پێشبینی دەکات، تاوەکو کۆتایی 2024 ژمارەکە بە سەرووی 30 هەزار بێلانەی دیکە بەرزببێتەوە.