سەرۆکی کۆپ 30 بۆ رووداو: ئەم ساڵ عێراق پێگەیەکی تایبەتی لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەبێ

27-09-2025
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
ئاندرێ کۆرێرا دۆ لاگۆ، سەرۆکی گەورەترین لووتکەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا- cop 30
ئاندرێ کۆرێرا دۆ لاگۆ، سەرۆکی گەورەترین لووتکەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا- cop 30
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گەورەترین لووتکەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا بەناوی کۆپ 30 کە ئەم ساڵ لە مانگی 11 لە بەڕازیل دەبەسترێ، لە دیدارێکی تایبەتی رووداودا رایگەیاند، عێراق ئەم ساڵ پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە  COP30 و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەکەن.
 
ئاندرێ کۆرێرا دۆ لاگۆ گوتی: "عێراق کارێکی گەورە دەکات لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ هەموو وڵاتانی گەشەسەندوو لە هەندێک لە گرنگترین بابەتەکانی کۆپ 30."
 
کۆنفرانسی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 30 رۆژی 10ی ئەم مانگە لە بەڕازیل دەست پێدەکات و تاوەکو 21ـی مانگ بەردەوام دەبێ. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ئاندرێ کۆرێرا دۆ لاگۆ:
 
رووداو: وەک دەزانن، وڵاتەکەمان پێنجەمین وڵاتە کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. کۆنفرانسی COP30 چ جۆرە رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو خۆیان بگونجێنن؟
 
ئاندرێ کۆرێرا دۆ لاگۆ: ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە، چونکە وەک دەزانن کاتێک باسی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەین، بەشێوەیەکی سەرەکی باسی دوو شت دەکەین کە دەبێت ئەنجامیان بدەین. یەکێکیان کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانە و ئەوی دیکەیان خۆگونجاندنە، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا لێرەیە. بۆیە، هیوادارین لە COP30 گرنگی زیاتر بە خۆگونجاندن بدەین، چونکە نکۆڵیکردنێکی تەواوە ئەگەر دان بەوەدا نەنێین کە وڵاتان بە شێوەیەکی بەرچاو کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا. بۆیە، پێویستە بەردەوام بین لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان، چونکە ئەمە تاکە چارەسەرە لەبەردەستماندا بێت و بەردەوام بیر لە 1.5 پلەی سیلیزی دەکەینەوە وەک پلەی گەرمی ئاماژە کە دەبێت دڵنیا بین لە پاراستنی. بەڵام خۆگونجاندن زۆر گرنگە، بۆیە پێویستمان بە سەرچاوەی زۆر زیاترە و ئەمەش دەبێتە پرسێکی سەرەکی گفتۆگان لە COP30.
 
رووداو: بۆ وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست – عێراق و وڵاتانی دیکە – چی دەکرێ تا کەمتر پشت بە سووتەمەنییە نەریتییەکانی وەکو نەوت ببەستن؟
 
ئاندرێ کۆرێرا دۆ لاگۆ: گواستنەوە بۆ سفرکردنەوەی دەرهاوێشتەی گازی ژینگەپیسکەر، چەندین ساڵی دەوێ تاوەکو ئابووری جیهان لەگەڵ ئەوەی پێویستە بکرێت بگونجێت. هەر وڵاتێک رێگەی تایبەتی خۆی دەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە گونجاو بێت بۆ دۆخی خۆی. بەرهەمهێنەرانی گەورەی نەوت هەن کە چەندین چالاکی ئابووری دیکەیان هەیە. هەندێکی دیکەشیان بەرهەمهێنەری زۆر گەورەی نەوت نین، بەڵام ئابوورییەکەیان بە تەواوی پشت بە نەوت دەبەستێت. بۆیە، پێم وایە دەبێت رێگەیەکی دادپەروەرانە بدۆزینەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم گواستنەوەیە روودەدات، چونکە هەموومان رێککەوتین لەسەر دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنییە نەریتییەکان، بەڵام هەروەها رێککەوتین کە هەر وڵاتێک دەبێت رێگەی تایبەتی خۆی بدۆزێتەوە. 
 
ئەم ساڵ ساڵێکی تایبەتیشە چونکە عێراق سەرۆکایەتی "گروپی 77 و چین" دەکات.  ئەم گرووپە، وەک دەزانن، زیاتر لە 120 وڵاتی گەشەسەندووی تێدایە و عێراق کارێکی گەورە دەکات لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ هەموو وڵاتانی گەشەسەندوو لەبارەی هەندێک لە گرنگترین بابەتەکانی COP30. ئەمە زۆر گرنگە چونکە گەر وڵاتانی گەشەسەندوو هەڵوێستیان هاوبەش بێت، زۆر قورسە بۆ وڵاتانی دیکە بەرەنگاری گرووپێک ببنەوە کە نوێنەرایەتی زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان دەکات. بۆیە، عێراق ئەم ساڵ پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە COP30 و ئێمە بە تەواوی هاوئاهەنگی دەکەین چونکە لە سەرەتاوە ئەندامێکی دامەزرێنەری گرووپی 77 و چین بووین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیدزی گراهامم سیناتۆری کۆمارییەکان

لیندزی گراهام هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئێسقانشکێن بەسەر سووریا دەکات؛ 'ئەگەر وا دەزانن گاڵتە دەکەین، بەردەوام بن"

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ترەمپ، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا کرد و رایگەیاند، ئەگەر پێشڕەوییە سەربازییەکانیان بەرەو باکوور و شاری رەققە رانەگرن، رووبەڕووی سزای "ئێسقانشکێن" دەبنەوە.