سەرۆكی پێشووی ئەفریقیای باشوور بە 15 مانگ بەندكردن سزادرا

29-06-2021
هێمن عەساف
نیشانەکردن ئەفریقیای باشوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگای دەستووری ئەفریقیای باشوور، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی حوزەیران، سزای 15 مانگ بەندكردنی بەسەر جاكوب زۆما، سەرۆكی پێشووی ئەم وڵاتە سەپاند. 
 
جاكوب زۆمای تەمەن 79 ساڵ لە چەندین دۆسیەی گەندەڵیدا تێوەگلاوە و بە بەڵگە لەسەری ساخبووەتەوە و لێكۆڵینەوەكانیش لە قۆناخی كۆتاییدان. لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندبوو، ترسی لە دەستگیركردن و ناردنی بۆ گرتووخانە نییە. دادگای دەستووریش مۆڵەتی پێنج رۆژی پێدا بۆ خۆرادەستكردنی، بەپێچەوانەوە هێزەكانی پۆلیس بەزۆر راپێچی دادگای دەكەن.
 
جاكوب زۆما، بەهۆی هەڵوێستی دادگای دەستوور، بێڕێزی بە دادوەران و دامەزراوەی دادوەری و دادگاكان كردبوو. دادگاكانی ئەفریقیای باشوور بەوە تۆمەتباریان كرد، كە نایەوێت خۆی رادەست بكات و بەمشێوەیە هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لەو سزایانەی بەسەریدا سەپێندراوە و دەسەپێندرێت. 
 
دادوەر سیسی خامبی، ئەندامی دادگای دەستووری ئەفریقیای باشوور رایگەیاند، هەڵوێستەكانی زۆما دادگای دەستووری ناچاركرد بژارەی دەستگیركردنی بۆ دەربكات، بەهۆی ئەوەی زۆر بە ئاشكرا و راشكاوانە بێڕێزی بەرامبەر دادگا كردووە، بۆیە بەكۆی دەنگی ئەندامانی دادگا، زۆما بە 15 مانگ بەندکردن دەكرێت. 
ئەمە یەكەمجارە لە ئەفریقیا دادگا فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی پێشووی وڵاتێك دەربكات، كە بەهۆی گەندەڵییەوە تۆمەتبار كراوە و ئامادەنەبووە بچێتە بەردەم دادگا. 
 
زۆما تۆمەتبارە بە دزین و بە هەدەردانی موڵك و ماڵی گشتیی لە ماوەی نۆ ساڵی دەسەڵاتی لە نێوان 2009-2018 و كە لە كۆتاییدا گەندەڵییەكان و سكانداڵەكان ناچاریان كرد دەست لەكاربكێشێتەوە. دوای دەست لەكاركێشانەوەشی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بە فەرمانی دادگای ئەم وڵاتە دامەزراوەو لە ساڵی 2018ـەوە 40 جار بانگهێشتی دادگا كراوە، هەر جارە و بەبیانوویەك ئامادە نەبووە بچێتە دادگا و گوتەی لێوەربگیرێت. بەردەوامیش لە رێگەی پارێزەرەكانییەوە كاری كردووە بۆ دواخستنی دانیشتنەكان و هەوڵی پەكخستنی دانیشتنەکانی دادگای داوە. 
 
دادوەر سیسی خامبی روونیكردەوە، بەهۆی بەدەمەوەنەهاتنی بۆ بانگهێشتەكانی دادوەر، دوایینجار لە مانگی شوباتدا لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر راسپاردەی داواكاری گشتیی داوای دوو مانگ بەندكردنی كرد بەهۆی بێڕێزیكردن و گوێنەدان بە بڕیارەكانی دادگا و ئامادە نەبوون لەبەردەم دادوەر. هەمان لیژنە داوای لە دادگای دەستوور كرد بێبەشی بكات لە مافی وەڵامنەدانەوە و بێدەنگبوون لەبارەی هەر پرسیارێك، كە ئاراستەی دەكرێت.  
 
خامبی ئاشكرایكرد، ئەم جۆرە بێباكییە و تەحەدداكردنی دادگا كارێكی ناڕەوا و نایاساییە و بەهۆی ئەم رەفتارانەی سزا دەدرێت. ئێستا دادگا بڕیاری بەندكردنی بۆ دەركردووە، ئەویش ناچارە پابەندی بڕیارەكە بێت. لە كۆتایی وێستگەكەدا دەچێتە ژوورەوە و یاسا سەروەر دەبێت. 
 
لە ئەگەری ئامادەنەبوونی جاکوب زوما لە بەردەم دادگادا، دوای كۆتاییهاتنی مۆڵەتە پێنج رۆژییەكە، كە دادگای دەستووری پێی دابوو، دەستبەجێ لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە دەستگیر دەكرێت و رەوانەی گرتووخانە دەكرێت و لە زۆر ماف بێبەش دەبێت. 
 
لوسون نایدۆ پسپۆر لە یاسای دەستوور رایگەیاند، یاسا دەڵێت هیچ كەسێك و دامەزراوەیەك بۆی نییە تانە لە بڕیارەكانی دادگای دەستووری بدات. بۆیە جاكوب ناتوانێت خۆی دەرباز بكات لە سزای بەندكردن. بەتایبەتی جاكوب تەنیا جارێك لە تەممووزی 2019 لە بەردەم لیژنەی لێكۆڵینەوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئامادەبوو. دوای پێنج خولەك هاتەدەرەوە و بە میدیاكانی گوت ئامادەنییە لە بەرامبەر لیژنەیەك دابنیشێت، بە چاوی تۆمەتبار مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
 
ئاماندا گۆس شارەزا لە سیاسەت و مامۆستای زانكۆی ستیلینبوش رایگەیاند، سزادانی جاكوب و ناردنی بۆ گرتووخانە، دۆخی ناوخۆی وڵات دەشڵەژێنێت بەتایبەتیش دۆخی نێوخۆیی پارتی كۆنگرەی ئەفریقی دەسەڵاتدار و گرژی لە گۆڕەپانی سیاسیی دەنێتەوە و ئەم گرژی و ئاڵۆزییەش تاوەکو مانگی ئۆكتۆبەر دەخایەنێت كە بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. هۆشداری دا، لە ئەگەری بەندكرنیدا، لایەنگرانی زۆما تووڕەدەبن و كێشە سەرهەڵدەدات و ناكۆكییەكە لەگەڵ لایەنگرانی سیریل رامافۆزا سەرۆكی ئێستای ئەم وڵاتە قووڵتر دەبنەوە. 
 
رامافۆزا، ئەو سەرۆكەی دوای جاكوب زۆما هاتە سەر دەسەڵات، بەردەوام هانی دادگا دەدات بۆ ئەوەی زۆما سزابدرێت و بخرێتە زیندانەوە بۆ ئەوەی لە سەرئێشەیەكی گەورە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو رزگاری ببێت. 
 
زۆما بە 16 دۆسیەی گەندەڵی و ساختەكاری و وەرگرتنی بەرتیل و دزینی كەرەستەی سەربازیی و تێوەگلانی لە رێككەوتنی كڕینی چەك لە پێنج كۆمپانیای ئەوروپی تۆمەتبارە. تۆمەتەكان هەر لە ساڵی 1999یەوە ئاراستەی كراوە، لەو كاتەی كە جێگری سەرۆك بوو. 
 
بەگوێرەی دۆسیەكان، كەمترین بەرتیل 235 هەزار یۆرۆ بووە لە كۆمپانیای تالیس وەریگرتبوو لەو كاتەی جێگری سەرۆك بووە لە بەرامبەر چاوپۆشیكردن لە رێككەوتنێكی سەربازی بە بڕی 2.8 ملیار یۆرۆ. هەروەها ناوبراو بەوەش تۆمەتباركراوە تاوەكو ئێستا 1.5 ملیۆن یۆرۆ بەرتیلی داوەتە ئەندامانی دادگا بۆ خۆ دەربازكردنی لەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە