رووداو - هەولێر
100 رۆژ بەسەر هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا و مێلانیا ترەمپ وەکو خانمی یەکەمی ئەو وڵاتە تێپەری. مێلانیا لەماوەی ئەو 100 رۆژەدا زۆر دەرنەکەوتووە، هەرچەندە لەو ماوەیەدا چەندین چالاکی ئەنجامداوە، بەڵام شارەزایان لەو باوەڕەدان چالاکییەکانی بە باشی لە رووی میدیاییەوە رووماڵ نەکراون.
29ـی نیسانی ئەمساڵ، 100 رۆژ بەسەر هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ وەکو 45ـەمین سەرۆکی ئەمریکا تێپەڕی. زۆربەی سەرنجەکان لەسەر هەڵسەنگاندنەکانی ئیدارەکەی ترەمپە، بەڵام لێرە و لەوێش قسە لەسەر مێلانیا ترەمپ دەکرێت، بەوەی لەم 100 رۆژەدا وەکو خانمی یەکەمی ئەمریکا، چۆن کاری کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی مێلانیا لەم 100 رۆژەدا کەم دەرکەوتووە، بەشێکی بەرچاو لە کەمدەرکەوتنی مێلانیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو کەمتر لە کۆشکی سپی بووە و، زیاتر لە ترەمپ-تاوەر لە نیویۆرک ماوەتەوە، لە بەرامبەریشدا دەرکەوتنی زیاتر بۆ ئیڤانکا ترەمپی کچی سەرۆک بووە.
هەرچەندە مێلانیا لەماوەی ئەم 100رۆژەدا چەندین چالاکی جیاوازیشی ئەنجامداوە، بەڵام شارەزایان لەو باوەڕەدان چالاکییەکانی بە باشی لەڕووی میدیاییەوە رووماڵ نەکراون، بەشێکیشیان تەنها لە سۆشیاڵ میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.
مێلانیا لە 99ـیەمین رۆژدا وەکو خانمی یەکەمی ئەمریکا سەردانی نەخۆشخانەیەکی منداڵانی لە واشنتن کرد. لەم سەردانەیدا باخچەیەکیشی بۆ منداڵە نەخۆشەکان کردەوە.
خانمی یەکەمی ئەمریکا گوتی "من دەمەوێت سوپاسی هەموو بەشداربووانی ئەم پرۆژەیە بکەم. دیارە زۆر کەسی باش و بەبایەخ، فۆکەسیان لەسەر ئەم منداڵە ئازا و جوانانە بووە. ئەنجامەکەش شتێکە پێویستە هەمووان شانازی پێوە بکەن. ئەم باخچەیە دەبێتە بۆشاییەک بۆ منداڵان، تاوەکو تێیدا سوود لە هەوای خاوێن و دیمەنی جوان وەربگرن. بۆئەوەی ئاسوودە بن و چێژ وەربگرن. ئەوە هەمیشە باوەڕی من بووە، پەروەردەکردن و کەشی ئەرێنی، زۆر بنەڕەتین بۆ تەندروستی و خۆشگوزەرانیی هەموو منداڵان".
لەماوەی ئەو 100رۆژەدا، مێلانیا لە رێوڕەسمی خەڵاتی "پێرپڵ هارت"، لە 179ـیەمین فێستیڤاڵی هێلکەی ئیستەر بریکی کۆشکی سپی و، چەندین بۆنەی دیکەدا بەشداریکردووە.
ئەو لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، پێشوازی لە سەرۆک و خانمی یەکەمی وڵاتانی: ژاپۆن، ئیسرائیل، چین، ئوردن و ئەرجەنتیندا کردووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خانمی یەکەمی ئەمریکا وەکو دایک چاودێریی بارۆنی کوڕی کە تەمەنی 11 ساڵە، کردووە.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ