هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووکیش دەکرێت

03-03-2018
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
"ئەنجوومەنی پارێزگا توانای بڕیاردانی لەسەر چارەنوسی شارەکە نابێت"
"ئەنجوومەنی پارێزگا توانای بڕیاردانی لەسەر چارەنوسی شارەکە نابێت"
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-

رووداو-  بەغدا

رۆژی 22ی 12ی 2018 هاوشێوەی پارێزگانی دیکەی عێراق، کەرکووکییەکان دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و نوێنەری خۆیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵدەبژێرن. دوای 13 ساڵ یەکەمجارە ئەو مافە بە خەڵکی شارەکە بدرێت.

ئەو هەنگاوە دوای سێ کۆبوونەوەی نوێنەری پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق نرا، کە تێیدا رێککەوتن لەسەر ئەو پرسە، کە لە ساڵی 2005ـەوە کەرکووکییەکان لێی بێبەشن. 

حەسەن تۆران، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لەسەر رەشنووسی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و قەزا و شارۆچکەکان رێککەوتین، کە رێگە بە پارێزگای کەرکووک دەدات بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات".

تۆران دەشڵێت "ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە، لەناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی لە نوێنەرانی کەرکووک دەکەین و سوپاسی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کوتلە سیاسییەکانیش دەکەین".

کورد رێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکان دەبینێت، بەو مەرجەی تاوەکو کاتی هەڵبژاردن حوکمی سەربازیی و گەمارۆکان لەسەر ئەو شارە هەڵبگیرێن.

شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لەڕووی یاساییەوە ئێستا کێشەمان نەماوە بەڵام تاوەکو مانگی 12ی 2018 دەبێت ئەو حاڵەتی داگیرکاری و سەربازییەی کەرکووک کۆتایی پێبهێنرێت، بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەشداری هەڵبژاردن بکەین. دۆخەکە بچێتەوە پێش 2014، پێشمەرگە بگەڕێتەوە بارەگای لایەنە سیاسیەکان و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە".

بەپێی رێککەوتنەکە، کەرکووک لەژێر ماددەی 24ی ساڵی 2008 پەرلەمان دەردەچێت و هیچ مەرجێکی لەسەر نامێنێت.

رێبوار تەها، پەرلەمانتاری کورد دەڵێت "ئەم هەنگاوە دەبێته هۆکاری ئەوەی جوڵانەوەیەکی نوێ  لەڕووی ئیداری و خزمەتگوزای و سیاسیشەوە بێتەئاراوە".

پێکهاتەکانی کەرکووک لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:

- پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.

- دانانی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگار، جێگر و سەرۆکی ئەنجوومەن بەسەر پێکهاتەکان.

- ئەنجوومەنی پارێزگا توانای بڕیاردانی لەسەر چارەنوسی کەرکووک نابێت.

- دابینکردنی کورسییەک بۆ پێکهاتەی مەسیحی.

- رێکەوتنەکە بۆ ماوەی چوار ساڵ و بۆ یەک خولە.

پێداچوونەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە