رووداو - هەولێر
سەرکردەیەکی یەکێتی لەبارەی ئەو رێککەوتنەی بووە هۆی پاشەکشەی پێشمەرگە لە کەرکووک و لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی کە دەڵێت پرس بە سەرکردەکانی یەکێتی کراوە و زۆربەیان رەزامەندییان دەربڕیوە، زانیاری نوێ بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت تەنیا بە تەلەفۆن پرسی پێکراوە، ئەویش لەبارەی چوونی هێزێکی هاوبەش بۆ سەربازگەی کەیوان نەک پاشەکشەی پێشمەرگە.
رۆژی یەکشەممە 22-10-2017، هەندێ لە فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتی دژایەتی خۆیان بۆ بەدەستەوەدانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە حەشدی شەعبی دەربڕی و رایانگەیاند فێڵیان لێکراوە، چونکە پێیانگوتراوە هێزێکی هاوپەیمانان بە هاوئاهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق دێتە بنکەی سەربازی کەیوان، نەک حەشدی شەعبی تەواوی کەرکووک و دەوروبەری کۆنترۆڵ بکات. پێشتریش بافڵ تاڵهبانی له هەڤپەیڤینێکدا لهگهڵ تهلهڤزیۆنی فرانس 24 رایگەیاندبوو، لەبارەی هاتنی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بۆ سنووری کەرکووک، لەکۆی 50 سەرکردەی یەکێتی رەزامەندی 38 سەرکردەیان وەرگیراوە، لەمبارەیەوە سەرکردەیەکی یەکێتی زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات.
محەممەد حەمەسەعید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ "من لێرەوە کە ئەو قسانە دەکەم حەز دەکەم سەرکردایەتیی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گوێیان لێبێ. من وەکو خۆم ساڵی 1977 بوومەتە پێشمەرگە. پێشمەرگەیەکی گیانفیدای ئەم کوردستانە بووم کە خەباتم کردووە. ئەوەتا 26 ساڵ حکومەتی خۆماڵیی کوردستان حکومەتداری دەکات، حەزدەکەم ئێوە تەحقیق بکەن لە کاک نێچیرڤان و کاک قوبادیش لە وەزارەتەکان، بزانن من ناوێکم هەیە لەو حکومەتەدا. تەنانەت خانەنشینی پێشمەرگەشم وەرنەگرتووە کە حەقی شەرعیی خۆم و ماڵ و منداڵمە. کەوابوو من خۆم زۆر بە گەورەتر لەوە دەزانم بە قسەی ئەم و ئەو، یان ئەملا و ئەولا، لە خۆمەوە ئیمزا بکەم یان بەڵێنبدەم بۆ هەندێ دەستکەوت یان بەرژەوەندی، بۆ نەوت، بۆ کۆمپانیا و بۆ ئەو شتانە".
هەروەها گوتی: "لەڕاستیدا من خۆم بە شۆڕشگێر و تێکۆشەرێک دەزانم و لەنێو کورد و کوردستان و لەنێو پارتە سیاسییەکانیشدا تەحەدا دەکەم خۆم بە کەسێکی پاک دەزانم. بۆیە من ئامادەنابم بە قسەی هیچ کەس و هیچ لایەک هیچ شتێک بکەم یان هەنگاوێک بنێم یان هیچ بڕیارێک بدەم یان هیچ ئیمزایەک بەبێ ئاگاداریی حیزبەکەم بکەم، چونکە من کەسێکی حیزبیم".
لەبارەی ئەوەش ئایا پرسی پێکراوە یاخود ئەویش بە رێککەوتنەکە رازی بووە؟ محەممەد حەمەسەعید گوتی: "سەبارەت بەوەی کە گوتراوە گوایە واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ ئەوە دۆخەی روویداوە و لە 50 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی 38 یان واژۆیان کردووە، بەش بە حاڵی خۆم من دوو کەس پەیوەندییان پێوەکردم لەوبارەوە، بە تەلەفۆن پێیانگوتم شتێکی وا هەیە بڕیارە حکومەتی هەرێم و هاوپەیمانان ژوورێکی عەمەلیات بێننە کەیوان و یەکێک لە لیواکانی جەنابی مام جەلالیش بێت، ئایا واژۆمان بۆ دەکەی؟ ئەوانە ئەندامی سەرکردایەتی بوون، برادەری خۆم بوون و ئێستاش گوێیان لە منە، من قسەم لەگەڵ کردن، گوتم ئەوە شتێکی خراپە، شتی وا مەکەن، ئەگەر بڕیارێکی وا هەیە و دەبێ بڕیارێکی لەبارەوە بدرێت، با مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی کۆببنەوە، ئەوکاتە لەوێ قسەو گفتوگۆی لەسەر دەکەین".
بە ئاماژەکردن بەوەی پرسیاری کردووە بۆچی کۆبوونەوە نەکراوە؟ زیاتر گوتی: "لەوەڵامدا گوتیان فریای کۆبوونەوە نەکەوتین، لەبەرئەوە بەسەر برادەرەکاندا گەڕاوین بۆئەوەی پرس و رایان وەرگرین. من ئاگادار نیم، ئەو کەسانەی پرۆژەکەیان ئامادەکردبوو یان جێبەجێکاری پرۆژەکە بوون قسە و پەیوەندییان لەگەڵ من نەکردووە. من دوو لە ئەندامانی سەرکردایەتی کە برادەری خۆمن پەیوەندییان پێوە کردووم کە بەوشێوەیەی باسمکرد وەڵامم دانەوە. لەڕاستیدا بابەتەکە کۆکردنەوەی چەند واژۆیەک نییە، کورستان کێشەی هەیە، پێویست دەکات حیزبە سیاسییەکان کۆببنەوە و بە راستگۆیانە قسە لەبارەی کێشەکانەوە بکەن، لەم کات و سەردەمەدا یەکڕیزیی میللەتەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر گرینگە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش ئایا پەیوەندی پێوە کراوە؟ محەممەد حەمەسەعید گوتی: "ئەوندەی بە بیرم بێت رۆژێک دوو رۆژ پێش کۆبوونەوەکەی دووکان بوو ئەو کەسانە پەیوەندییان بە منەوە کرد. ئاگام لێنییە نێوەڕۆکی پرۆژەکە چی بوو، تەنیا بە تەلەفۆن پێیانگوتم بۆ ئەوەی قەرارگایەکی مەرکەزی بە نوێنەری هەرێمی کوردستان و نوێنەری هاوپەیمانان و نوێنەری عێراق لە کەیوان دابنرێت و یەکێک لە لیواکانی سکرتارییەتی جەنابی مام جەلال بێتە ئەوێ. ئێستا کاتی ئەوە نییە ئێمە هیچ کەسێکمان کەسی دیکە تاوانبار بکەین، ئێستا کاتی ئەوەیە میللەتەکەمان یەکڕیز بێت".
هەروەها گوتیشی: "من نامەوێ لە سەرکردایەتیی یەکێتی کەسیان تاوانبار بکەم و کەسیشیان دەرباز بکەم، بە تێکڕا هەموویان خەتابارن، لەدوای نەخۆشکەوتنی جەنابی مام جەلال ئێمە چەند ساڵە هاوار دەکەین، ئێمە لە کۆبوونەوەکاندا قسە دەکەین، کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی، ئەوە نەبووە خەڵک وابزانێ ئێمە وەک کۆمەڵێک کۆیلە چووین لەوێ دانیشتووین، ئێمە دەنگمان هەبووە، قسەمان هەبووە، بەڵام بە قسەمان نەکراوە. ئێمە لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا روویداوە پێشتر قسەمان کردووە، لە کۆبوونەوەکاندا باسی ئەوەمان کردووە کە دەبێ لایەنەکان لە حکومەتی هەرێم هەموو یەکدەنگ بن، کۆبوونەوە دەکەن، هەموو یەکدەنگ بن، رێکدەکەون، هەموو یەکدەنگ بن، شەڕ دەکەن، هەموو یەکدەنگ بن".
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو کەسێک دەیزانی لەدوای گشتپرسی چی دەبێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا کەس خۆی ناکاتە خاوەنی دۆخەکە. گوتیشی: "سەرکەوتن خاوەنی زۆرە، بەڵام کەس خۆی ناکاتە خاوەنی شکاندن. ئەمە بەهۆی گشتپرسییەوە بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە، هەرچەندە گشتپرسی شتێکی مەبدەئییە، ئێمە قەت لێی پەشیمان نین، سەبارەت بە خۆم ئێستاش پێمبڵێن گشتپرسییە دەنگ بە بەڵێ دەدەم، ئەوە شتێکە مەبدەئە کە قەت لێی پەشیمان نین، بەڵام ئایا ئەو پێویستییانەی دەبوو بۆ گشتپرسی ئامادەکرابان، کرابوون؟ نەکرابوون. پەلە لە گشتپرسی کرا".
محەممەد حەمەسەعید بەپێویستی زانی سەرکردایەتیی پارتی و لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستا دابنێن و واز لە یەکدی تۆمەتبارکردن بێنن: "دەبێ گشتمان ئەو حەقیقەتە بزانین کە ئێستا یەکێتی کێشەی هەیە. ئەو قسانەی کاک مەلا بەختیار دەیانکات، ئەوانەی کاک کۆسرەت دەیانکات، ئەوەی برادەرەکانی دیکە دەیانکەن، ئەو قسانە چارەسەرنین. ئێمە زۆر قسەمان لە کۆبوونەوەکاندا کرد، بەتایبەت ئەوەی ئێستا کاک مەلا بەختیار دەیڵێت، ئێمە دوو ساڵە بە مەلابەختیاری دەڵێین، بەڵام بەگوێی نەکردین تا خۆی هاتە ئەو باوەڕە و هیچی بەدەستەوە نەما، ئینجا ئێستا ئەو قسانە دەکەونە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و پەیام و راگەیێندراو دەردەکرێن".
لەبارەی گفتوگۆکردنیش لەگەڵ بەغدا گوتی: "من پێشتریش گوتم دەبێ ئێستا کورد بەپەلە یەکڕیزیی خۆی چارەسەر بکات، ئێستا ئێمە ئەگەر بکەوینە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق شکاوین، تۆ بە شکاوی بچیتە بەردەم عێراق چی دەڵێی؟ داوای چی دەکەی؟ دەبێ پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە یەکڕیزبن و لەم یەک دوو رۆژەدا ئەو یەکڕیزییەیان بسەلمێنن. ئیعادەی تەنزیم بکەنەوە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو سەنگەرانەی ماون، پتەوبکرێنەوە. ئەوسا داوای گفتوگۆ لە عێراق بکەن. ئەگەرنا بەم دۆخەی ئێستا کە ئێمە شکاوین، شکۆی کورد شکاوە، شکۆی ئاڵاکەمان شکاوە، شکۆی پێشمەرگە شکاوە، شکۆی هەرێمی کوردستان شکاوە، ئێمە بە شکاوی دەچینە بەردەست حکومەتی عێراق، کە بە شکاوی چووی، تۆ دەبێ تەسلیم بیت، داوای چی دەکەی؟ لەوپەڕی عەزەمەتماندا ئەمریکا و بەریتانیا و هەموو دونیا داوای لێکردین گفتوگۆ و ئاشتی بکەین، نەمانکرد، ئێستا بە شکاوی بچین شتێکی خراپە، دەبێ بەپەلە یەکڕیزی رێکبخرێتەوە، سەنگەرەکانی پێشمەرگە تووندوتۆڵ بکرێنەوە، ئەوسا حکومەتی هەرێم داوای گفتگۆ بکات".
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ