یەپەگە لەسەر پێشنیازی ئەمریكا ناوی خۆی دەگۆڕێت

25-07-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن یەپەگە ئەمریکا
A+ A-

رووداو- هەولێر

هەفتەی رابردوو ژەنەراڵێكی پایەبەرزی ئەمریكی رایگەیاند، ئەوان لە 2015 پێشنیازیان بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كردووە ناوی خۆیان بگۆڕن، ئەوانیش لە ماوەیەكی كورتدا پێشنیازەكەیان قەبووڵ كردووە.


ژەنەراڵ رایمۆند تۆماس، بەرپرسی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی ئەمریكا، هۆكاری ئەمەی بۆ نیگەرانییەكانی توركیا گەڕاندەوە كە یەپەگەیان بە باڵێكی پەكەكە دەزانی و رەخنەیان لە ئەمریكا گرتووە چۆن هاوكاریی هێزێك دەكەن كە دوژمنی توركیایە.

ژەنەراڵە ئەمریكییەكە دەڵێت: "راستیەكەی ئێمە ئەو نیگەرانییەمان بۆ ئەوان (یەپەگە) گواستەوە و پێمانڕاگەیاندن  ئێوە دەبێ ناوی خۆتان بگۆڕن‌، گوتمان دەتانەوێ لە پاڵ ناوی یەپەگە چ ناوێكی دیكەتان هەبێت؟‌ رۆژێك دوای ئاگاداركردنەوەكە رایانگەیاند كە ئەوان هێزەكانی سووریای دیموكراتن".

ژەنەڕاڵ تۆماس لە پانێلی كۆڕبەندی ئاسایشی ئەسپن قسەی دەكرد كە ساڵانە بۆ گفتوگۆ و راوێژی بەرپرسان و شارەزایانی حكومەت و هێزە سەربازی و ئەمنییەكان پێكدەهێنرێت. ژەنەراڵە ئەمریكییەكە ئاشنایەتییەكی باشی لەگەڵ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ململانێكانی ئەو ناوچەیە هەیە. 

لە شەڕی یەكەمی كەنداودا بەشدار بووە و لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2013 هەموو ساڵێك (جگە لە 2007 كە لە عێراق بووە) سەردانی ئەفغانستانی كردووە.

ژەنەراڵە ئەمریكییەكە لە درێژەی گوتەكانیدا رایگەیاند "هەستم كرد دانانی دەستەواژەی دیموكراسی (لە ناوی هێزەكانی سووریای دیموكراتدا) بیرۆكەیەكی باش بوو. هەر چۆنێك بێت ئەو ناوە هەندێك متمانە بەو هێزانە دەبەخشێ". هەروەها دەڵێت داوایان لە یەپەگە كردووە هێزەكانی سووریای دیموكرات دەبێ نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە بكەن.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئەمریكا چۆن بڕیار دەدات هێزێكی پیادەی لۆكاڵی بكاتە هاوپەیمانی خۆی، ژەنەڕاڵ تۆماس گوتی هەندێكجار مەسەلەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە لەو كاتەدا كام هێزی لۆكاڵی "بەردەستە". بۆ ئەمەش نموونەی بە هاوكاریی ئەمریكا لەگەڵ هێزەكانی یەپەگە بۆ رزگاركردنی شاری كۆبانێ و ناوچەكانی دەوروبەری هێنایەوە.

ژەنەڕاڵە ئەمریكییەكە دەڵێت "لایەنە كوردییەكانی دیكە كێشەی كۆبانێیان خستە بەردەستمان و پرسیاریان لێكردین ئایا ئەمریكا دەتوانێ یارمەتی ئەوان (هێزەكانی یەپەگە) بدات؟". بۆ ئەوەی هێرشەكەی داعش بۆ سەر كۆبانێ تێكبشكێنن. ژەنەراڵە تەمەن 58 ساڵەكەی ئەمریكا ئاماژەی بەوە نەدا ئەو لایەنە كوردییە كێ بووە و لە چ رێگەیەكەوە ئەو داوایەیان لە هێزەكانی ئەمریكا كردووە.
 
هێرشی داعش بۆ سەر كۆبانێ و ناوچەكانی دەوروبەری لە نێوەڕاستی ئەیلولی 2014 دەستیپێكرد. لە رۆژی 27ی ئەیلولەوە هێزەكانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا بنكە و بارەگاكانی داعشیان لە نزیك كۆبانێ بۆردومان كرد. لە كۆتایی تشرینی یەكەمی 2014 هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە و لە رێگەی توركیاوە ئاودیوی كۆبانێ بوون، تاوەكو یارمەتی هێزەكانی یەپەگە بدەن بۆ دەركردنی چەكدارانی داعش لە كۆبانێ و دەوروبەری. 

بە گوتەی ژەنەڕاڵ تۆماس، پەیوەندیی راستەوخۆی ئەو و هێزەكانی یەپەگە بۆ 2015 دەگەڕێتەوە. وەكوو ژەنەڕاڵە ئەمریكییەكە باسی دەكات، بەرپرسانی یەپەگە ئەوكات كۆمەڵێك داواكارییان هەبووە كە ئەو نەیتوانیوە دەستەبەری بكات، لەوانەش بەشداركردنی نوێنەری پەیەدە لە دانوستاندنەكانی نێوان حكومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن.

سەبارەت بە داواكاریی هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان، ژەنەڕال رایمۆند تۆماس گوتی "ئەوان داوای شتێكیان دەكرد كە من نەمدەتوانی پێیان بدەم، ئەویش ئەوە بوو كە وەكوو هێزی باڵادەست لە باكووری سووریا داوای كورسییەكیان دەكرد". لەو گفتوگۆیانەی لەبارەی داهاتووی سووریاوە دەكرا، بەڵام "لەبەر ئەوەی ئەوان (واتە یەپەگە) بە باڵی پەكەكە لەقەڵەم دەدران، هیچ شوێنێكیان لەسەر مێزی دانوستاندنەكان پێ نەدرا".

70 هەزار چەكداری داعش كوژراون

ژەنەراڵ تۆماس لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2012 جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بووە و رۆڵێكی سەرەكی لە داڕشتنی پلانی كوشتنی ئوسامە بن لادن، سەركردەی قاعیدەدا، هەبووە. لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك هەواڵی كوژرانی ئەبووبەكر بەغدادی، سەركردەی داعش، بڵاوكراوەتەوە. ژەنەڕاڵ تۆماس رایگەیاند "ماوەیەكە هیچ زانیارییەكمان لەبارەی بەغدادییەوە پێنەگەیشتووە"، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە هەموو ئەوانەی لە نزیكەوە كاریان بۆ بەغدادی دەكرد كوژراون و لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 60 بۆ 70 هەزار لە چەكدارەكانی كوژراون.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئاخۆ هێزەكانی ئەمریكا هیچكاتێك بووە هێزە تایبەت و دژەتیرۆرەكانی ئەمریكا لە كوشتنی بەغدادی نزیك بن، ژەنەڕاڵ رایمۆند تۆماس گوتی "زۆر جاران لەو ئامانجەوە نزیك بووین، تەنانەت هەندێكجار زۆر نزیكتر بووین لەوەی خۆمان بیرمان لێكردبووەوە، لە هەندێك حاڵەتدا زۆر نزیك بووین لەوەی كۆتایی پێبهێنین، بەڵام دزەكردنی زانیارییەكان لە میدیای نێوخۆیی ئەمریكادا ئاشكرای كردووە كە ئێمە بەنیازی چین"، بە تایبەتیش دوای ئەوەی زانیارییەكی باشیان لە هاوژینی ئەبوو سەیاف، وەزیری دارایی و نەوتی داعش، وەرگرتبوو كە چەند رۆژێك بەر لە كوژرانی ئەبوسەیاف بەغدادییان لە رەققە بینیبوو و شوێنە دیدارەكانی ئەبوو سەیاف و بەغدادیشی ئاشكرا كردبوو. 

ئەبوو سەیاف شەوی 16ی ئایاری ٢٠١٥ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی هێزی دێلتای ئەمریكی كوژرا، بەڵام هاوژینەكەی دەستگیركرا و ئافرەتێكی ئێزدیش كە لە شوێنەكە بوو رزگاركرا. كوژرانی ئەبو سەیاف و دەستگرتن بەسەر بەڵگەنامەكان و لێپرسینەوە لە هاوژینەكەی زانیارییەكی زۆری لەبارەی هەیكەل و چۆنێتی كاركردنی داعش بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە