دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

18-01-2019
رووداو @Rudawkurdish
شار و شارۆچکەکانی 3 پارێزگای سووریا دەگرێتەوە
شار و شارۆچکەکانی 3 پارێزگای سووریا دەگرێتەوە
نیشانەکردن سووریا رۆژئاوای کوردستان ئەمریکا تورکیا
A+ A-

رووداو-هەولێر

ناوچەی ئارام، بووەتە باسی گەرمی باکووری سووریا و هەریەک لە ئەمریکا و تورکیا و کوردیش لە رۆژئاوای کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دروستکردنی ئەو ناوچە ئارامە هەیە.


وەکو رێگرییەک بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی تورکیا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هاوبەشی ئەمریکابوون لە شەڕی داعش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامی بە قووڵی 20 میل لە ناو سووریا، لەدوای کشانەوەی هێزەکانیان لە باکووری سووریا راگەیاند.

بەپێی زانیارییەکان ناوچە ئارامەکە بەدرێژایی سنووری سووریا دەبێت بە درێژایی 460 کیلۆمەتر و قووڵایی 32 کیلۆمەتر. شار و شارۆچکەکانی 3 پارێزگای سووریا دەگرێتەوە کە ئەوانیش: حەلەب، رەققە و حەسەکەن.

ئەمریکا دەیەوێت دروستکردنی ئەو ناوچەیە ببێتە دیفاکتۆی روونەدانی گرژی و راگرتنی باڵانس لەنێوان تورکیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی لە باکووری سووریا، بەڵام هێشتا دیار نییە، ناوچە ئارامەکە چۆن و کێ بەڕێوەی دەبات.

تورکیا لاری نییە لە دروستکردنی ناوچەی ئارام بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا، دەشیەوێت هێزەکانی یەپەگە بەقووڵایی 30 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی خۆی دووربکاتەوە، هەروەها مەبەستیەتی ئەو هێزانە رۆڵیان نەبێت لەبەڕێوەبردنی ناوچەی ئارامی باکووری سووریا.

هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە لە بارەی ناوچەی ئارام لە راگەیەندراوێکدا  ئاماژە بەوەدەکات، لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام  هاوکاردەبن، پشتیوانی لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سووریا دەکەن، بەمەرجێک گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ ناوچە ئارامەکە هەبێت.

لە بنەڕەتدا درووستکردنی ناوچە ئارامەکە داوایەکی تورکیا بووە و بەهۆی ئەوەی تورکیا درێژترین سنووری لەگەڵ سووریادا هەیە، پێشتریش سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، بەدرێژایی سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا ناوچەی ئارام دروستدەکەن، ئەنقەرە  دەیەوێت دەستی باڵای لە ناوچەکەدا هەبێت، بەڵام نازانرێت ئەمریکاش هەمان بۆچوونی تورکیای دەبێت لەبارەی ناوچەی ئارام، یان ئەمجارەیان پشتی هاوپەیمانەکانی دەگرێت لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە