دروستکردنی بەنزینخانەیەک لە سلێمانی دەبێتە کێشە بۆ هاووڵاتیان
دانیشتووانی گەڕەکی سەرچناری سلێمانی لە دروستکردنی بەنزینخانەیەک نیگەرانن ، بەنزینخانەکە ٢٠٠ مەتر لە ئاوی خواردنەوەی سەرچنار دوورە.
رێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵیت بەڵگەکان دەریدەخەن کە بەنزینخانەکە دەکەوێتە سەر دەماری ئاوی خواردنەوەی سەرچنار و پرۆژەکە رادەگرین تا ئەوکاتەی پشکنینی بۆ دەکرێت و لێی دڵنیادەبینەوە.
بەنزینخانەکە لە ٧٥% تەواو بووە و بڕی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلاری تێچووە
بایز حمەعەباس، پارێزەری بەنزینخانەکە دەڵێت لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە رەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ دروستکردنی بەنزینخانەکە ، رەزامەندیی پارێزگاری سلێمانی و ١٥ لایەنی حکومی وەرگیراوە و کۆگاکانی بەنزینخانەکە هیچ مەترسییەکیان بۆ سەرچاوەی ئاو نییە و چونکە بەنزینخانە لە هەمان شوێن بۆ ماوەی ٤٠ساڵ هەبووە ، ئێستاش چاوەروانی ئەنجامی لیژنەی پشکنینن بۆ ئەوەی بتوانین کاربکەین .
بەرێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی لیژنەیەکی بۆ پشکنینی شوێنی بەنزینخانەکە دروستکردووە و لیژنەکەش بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو راپۆرتی پشکنین بدەنە پارێزگاری سلێمانی.
د.غالب محەممەد ، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەلێت یەکێتی هەندێک لە بابەتەکان بە سیاسی دەکەن و دروستکردنی بەنزینخانە پێویستی بەرێگەپێدانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی نییە و ١٢ بەڕێوەبەری سەر بەیەکێتی واژوویان لەسەر دروستکردنی بەنزینخانەکە داوە، لەئەگەری هەڵگرتنی ئەو بەنزینخانەییە خاوەکەی دەبێت سسکاڵاو داوای گەرانەوەی مافەکەی بکات.
سەرچاوەی ئاوی سەرچنار لە سەدا ٣٥ ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی سلێمانی دابیندەکات.